بۆچی سوپای ئه‌مریكا ساڵانه ده‌یان ملیۆن دۆلار بۆ ڤیاگرا خه‌رج ده‌كات؟
وێستگه نیوزـ
دوای ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له تۆڕی تویته‌ر رایگه‌یاند كه ناكرێت خزمه‌تی ئه‌و سه‌ربازانه بكرێت كه له ریزه‌كانی سوپاپی كارده‌كه‌ن و ره‌گه‌زی خۆیان گۆڕیووه، ئامارێك ئاشكرایكرد كه ساڵانه ئه‌و سوپایه نزیكه‌ی 84 ملیۆن دۆلار بۆ حه‌بی ڤیاگرا و چاره‌سه‌ركردنی لاوازیی سێكسی خه‌رج ده‌كات.
تۆڕی هه‌واڵی بی بی سی به‌پێی راپۆرتێكی پێگه‌ی میلیته‌ری تایمز، ئه‌و بابه‌ته‌ی كردووه به پرسیارێك و وتویه‌تی: به‌ڵام بۆچی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا ئه‌و پاره زۆره بۆ ده‌رمانه تایبه‌ته‌كانی لاوازیی سێكسی له سوپاكه‌یدا خه‌رج ده‌كات؟
سەربازە خانه‌نشینه‌كان كه‌سانی به‌ساڵاچوون
له بنه‌ڕه‌تدا راپۆرته‌كه له مانگی شوباتی 2015 ده‌رچووه و له‌سه‌ر بنه‌مای زانیارییه‌كانی ساڵی 2014ی ده‌سته‌ی ته‌ندروستیی سه‌ربه وه‌زاره‌تی به‌رگری راپۆرته‌كه‌ی ئاماده كردووه، له ساڵی 2011ه‌شه‌وه تا ئه‌مساڵ خه‌رجیی بوای ته‌ندروستی بۆ ئه‌و وه‌زاره‌ته گه‌یشتووه‌ته 84 ملیۆن و 200 هه‌زار دۆلار كه له‌و بڕه پاره‌یه 294 ملیۆن دۆلاری ته‌نها بۆ حه‌بی ڤیاگرا بووه.
له راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی بۆ ڤیاگرا خه‌رج كراوه، هاوتای نرخی چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی جه‌نگی ده‌بێت، بۆنمونه له ساڵی 2014 پزیشكه‌كان یه‌ك ملیۆن و 180 هه‌زار ره‌چه‌ته‌ی پزیشكیان بۆ سه‌ربازه‌كان نوسیووه كه زۆربه‌ی تایبه‌ت بووه به به‌كارهێنان و وه‌رگرتنی حه‌بی ڤیاگرا، به‌ڵام پرسیاره‌كه له‌وه‌دایه ئه‌م ره‌چه‌تانه بۆ كێ نوسراون و كێ پێویستی به‌و حه‌به بووه؟
راسته هه‌ندێك ده‌رمانی لاوازیی سێكسی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌بوون كه هێشتا له خزمه‌تی سه‌ربازیدا ماون، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و حه‌بانه بۆ ئه‌وان نه‌بووه، به‌ڵكو بۆ سه‌ربازه خانه‌نشینه‌كان و ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیشیان نوسراوه، لاوازیی سێكسیش زیاتر له‌نیو به‌ساڵاچوه‌كاندا باوه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئه‌و خه‌رجییه زه‌به‌لاحه بۆ سه‌ربازه خانه‌نشینكراوه‌كان بووه له رێی پرۆگرامێك به‌ناوی "تریكه‌ر" كه تایبه‌ته به چاودێریی ته‌ندروستی و پنتاگۆن ئاماده‌ی كردووه، بۆیان خه‌رج كراوه.
ئاشكراش بووه كه كه‌متر له 10%ی ئه‌و ره‌چه‌تانه بۆ ئه‌و سه‌ربازانه بووه كه ئێستا له خزمه‌تی سه‌ربازیدان، كه‌واته زۆربه‌ی چاره‌سه‌ره‌كان دراونه‌ته سه‌ربازه خانه‌نشیكراوه‌كان، هه‌ربۆیه لایه‌نه په‌یوه‌ندیاره‌كان بۆیان ده‌ركه‌وتووه كه له سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی عیراق و ئه‌فغانستان، دیارده‌ی لاوازیی سێكسی له‌نێو سوپای ئه‌مریكا زیادی كردووه.
هۆكاری ده‌رونی
به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه به‌شی چاودێریی ته‌ندروستیی سه‌ربه هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌مریكا له ساڵی 2014 ئه‌نجامیداوه، له‌ماوه‌ی ساڵانی 2004 بۆ 2013، نزیكه‌ی 100 هه‌زار و 248 حاڵه‌تی لاوازیی سێكسی له‌نێو ریزه‌كانی سوپای ئه‌مریكا تۆماركراوه، ئه‌مه جگه‌له زیادبونی رێژه‌ی توشبونی ساڵانه به لاوازیی سێكسی له‌و ماوه‌یه‌دا.
لێكۆڵینه‌وه‌كه ئاشكرایكردووه كه نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و هۆكارانه ئه‌وه بووه كه سه‌ربازه‌كه باری ده‌رونیی خراپ بووه، ئه‌وه‌ش له توێژینه‌وه‌یه‌كی ساڵی 2015دا سه‌لمێنرا كه بۆی ده‌ركه‌وتبوو جه‌نگاوه‌ره دێرینه‌كانی ئه‌مریكا (ئه‌وانه‌ی له ره‌گه‌زی نێرینه‌ن) به به‌راورد به خه‌ڵكی مه‌ده‌نی توشی تێكچونی باری ده‌رونی بوون و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه كه دوچاری كێشه‌كانی تایبه‌ت به سێكس بن.
تۆڕی بی بی سی باسی له توێژینه‌ویه‌كی دیكه كردووه كه تیایدا 85%ی جه‌نگاوه‌ره نێرینه دێرینه‌كانی ئه‌مریكا به‌هۆی توشبون به كێشه‌ی سێكسی ئه‌وه‌نده‌ی دیكه له‌ش به‌بار بوون و حاڵیان له‌و روه‌وه چوار ئه‌وه‌نده له تێكڕای ئه‌وانه خراپتره كه له شه‌ڕ گه‌ڕاونه‌ته‌وه، چونكه تێكچونی ئاستی سێكسیان وایكردووه دوچاری خه‌مۆكی و بێزاری ببن.
ساڵی 2008 دامه‌زراوه‌ی راند ئێن-ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له هه‌ر پێنج جه‌نگاوه‌رێكی دێرینی ئه‌مریكا كه له شه‌ڕی عیراق و ئه‌فغانستان به‌شدارییان كردووه، یه‌كێكیان دوچاری خه‌مۆكییه‌كی توند بوون.
دواجاریش راپۆرته‌كه باس له‌وه ده‌كات كه ره‌نگه جه‌نگ تاكه هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌بێت بۆ توشبونی ئه‌و سه‌رباز و جه‌نگاوه‌رانه به لاوازیی سێكسی و خه‌مۆكی، به‌ڵكو نه‌خۆشییه‌كانی دڵ و به‌رزبوونه‌وه‌ی په‌ستانی خوێن و نه‌خۆشیی شه‌كره، كاریگه‌ریی خۆیان له‌سه‌ر لاوازیی سێكسی هه‌یه.
به‌كورتی لاوازیی سێكسی دیارده‌یه‌كی باوه، سوپای ئه‌مریكاش خه‌رجیی چاودێریی ته‌ندورستیی ملیۆنان له سه‌ربازه‌كانی گرتووه‌ته ئه‌ستۆی خۆی، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه وه‌زاره‌ت و سوپا پاره‌یه‌كی زۆر بۆ ڤیاگرا و چاره‌سه‌ره‌كانی دیكه‌ی لاوازیی سێكسی خه‌رج ده‌كات.
PM:09:44:29/07/2017
ئه‌م بابه‌ته 7901
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت