"ئه‌گه‌ر خه‌ڵك نه‌ڕۆن بۆ ده‌نگدانی راپرسی، مانای سزادانی خوێنی شه‌هیدانه‌"


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال

په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لێدوانی هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی عیراق له‌ دژی راپرسی بۆ شه‌ڕی ده‌روونییه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان تا نه‌ڕۆن بۆ ده‌نگدانی راپرسی و ده‌ڵێت "خه‌ڵكی كوردستان ده‌چنه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان بۆ راپرسی، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆن ئه‌وا سزادانی خوێنی شه‌هیدان و سزادانی دایكی شه‌هیدان و سزادانی نه‌وه‌ی داهاتووه‌".


د.ئه‌شواق جاف، په‌رله‌مانتاری پارتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند، ئه‌نجامدانی راپرسی واته‌ دیموكراسی راسته‌وخۆ، به‌ڵام لێدوانی هه‌ندێك سه‌ركرده‌ی عیراق كه‌ ده‌ڵێن راپرسی كوردستان بۆ دابه‌شبوونی عیراقه‌، شه‌ڕی ده‌روونییه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك نه‌چێته‌ سندوقی ده‌نگدان بۆ راپرسی بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام له‌ژێر ده‌ستی عیراقدا بمێننه‌وه‌، ئه‌گینا قسه‌كانیان به‌های یاسایی و ده‌ستووری نییه‌.

د.ئه‌شواق جاف وتی: "خه‌ڵكی كوردستان ده‌چنه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان بۆ راپرسی، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڕۆن ئه‌وا سزادانی خوێنی شه‌هیدان و سزادانی دایكی شه‌هیدان و سزادانی نه‌وه‌ی داهاتووه‌".

سه‌باره‌ت به‌ لێدوانی عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی كه‌ وتبووی ریفراندۆم بۆ دابه‌شبوونی عیراقه‌، د.ئه‌شواق وتی "عه‌ممار حه‌كیم باش ده‌زانیت ئه‌گه‌ر به‌ یاسا و ده‌ستووریش رێگر بن به‌رامبه‌ر ریفراندۆم ئه‌وه‌ ناتوانن، چونكه‌ یاسا و ده‌ستوور رێگه‌ی پێداوین".

وتیشی: "هه‌روه‌ها پێیان ده‌ڵێین به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و ده‌ستوری عیراق، مافی راپرسیمان هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌وانیش په‌نایان بۆ لێدوانی دژ و هه‌ڕه‌شه‌  بردووه‌، به‌ڵام ده‌بێت بزانن له‌ عیراقی نوێدا نابێت زمانی هه‌ڕه‌شه‌ به‌كاربهێنرێت".

بڕیار وایه‌ رۆژی 25-9-2017 راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت، هه‌فته‌ی رابردووش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بارزانی به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێك سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كرد.


PM:01:02:17/07/2017


ئه‌م بابه‌ته 3440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو