وتاربێژەکەی مزگه‌وتی نوری رۆژی راگەیاندنی خەلافەت دەگێڕێتەوە

‌شێخ حمود عومەر هیلال، پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ-فۆتۆ: كاروان ساڵحی

وێستگه‌ نیوزـ

پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ رۆژی راگه‌یاندنی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی داعش له‌لایه‌ن ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، خه‌لیفه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و له‌ سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی 2014 له‌و مزگه‌وته‌وه‌ رایگه‌یاند.

شێخ حمود عومەر هیلال، پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ له‌ راپۆرتێكدا كه‌ سایتی kirkuknow ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێت: "كاتێك پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی چەندجارێك‌و یەكلەدواییەك تەلەفونیان بۆ شێخ حمود عومەر هیلال، پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ دەكرد، ناوبراو لە حەمامی ماڵەكەی خۆیدا خۆی دەشۆرد، بۆیە نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ئەو رۆژە سەرەتای "وێرانكاریی" بوو لە موسڵ."

له‌ راپرته‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ له‌ كاتژمێر 11ەو نیوی پێشنیوەڕۆی 5-7-2014، شێخ حمود عومەر، وتاری هەینی ئامادەكردو بۆ مزگەوتی گەورەی نوری‌و منارەی حەدبا بەڕێكەوت، هەینییەكی ئاسایی نەبوو، زۆرێك لە شەقامەكان بەهێزی چەكداری داعش تەنرابوون‌و لە دەوروبەری مزگەوتەكە بڵاویان پێكرابوو.

شێخ حمود عومەر وتویه‌تی: "كاتێك نزیكبوومەوە بینیم قوفڵی دەرگای سەرەكی مزگەوت‌و تەواوی ژوورەكانی شكێنرابوو، ئەو ئایەتانەی لە حەرەمی مزگەوتەكە هەڵواسرابوون دڕێندرابوون‌و لكێنرابوونەوە”، شێخ حمود وتی "رومكردە یەكێك لە پاسەوانەكان‌و وتم بۆ ئەو ئایتانە لێكراونەتەوە وتی ئەوە بە پیتی زەخرەفە نووسراون‌و لە دینی ئیسلامدا رێپێدراو نییە".

شێخ حمود ئەوكات بێدەنگ دەبێت ‌و تێدەگات كە ئەو تەلەفونانەی بۆی كرابوون پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی بوون. چەكدارێكی داعش لەناو مزگەوتە روودەكاتە شێخ حمودۆ پێیدەڵێت "خۆمان وتاری هەینی دەخوێنین".
داعش لە تروپێكی بەهێزیدابوو، 25 رۆژ بوو دەسەڵاتی لە موسڵ گرتبووە دەست، دوای ئەوەی لە 10-6-2014ەو لە ماوەی تەنیا شەو و رۆژێكدا بە بێ بەرگرییەكی ئەوتۆ دووەم گەورەترین پارێزگای عیراق (موسڵ)ی كۆنترۆڵكرد.

مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ كۆنترین‌و گەورەترینە لە سەنتەری شار، ئەو رۆژە تا دەهات قەرەباڵغتر دەبوو، هەندێك لەو كەسانەی دەهاتنە مزگەوتەكەوە پێشتر لەوێ نەبینرابوون، بەردەم حەرەمی مزگەوتەكەش ئەو كەسانە نەبوون كە هەینییەكانی تر لە پشتی شێخ حمودەوە نوێژیان دەكرد.

شێخ حمود كە لە ساڵی 2009وە لەو مزگەوتە وتار دەدات‌و پێشنوێژی دەكات، وتی "رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتبووەبەر، مۆبایلیان بە هەموو كەس دەكوژاندەوە، هەر كەسێك بیویستایە بچێتە سەر ئاو ئەوە كەسێك لەو گروپە تا بەر دەرگا لەگەڵی دەڕۆیشت، كاتێك مۆلیدەكەیان داگیرساند چەكدارێكی داعش لەگەڵیان دەڕۆیشت‌و وتیان كەس بۆی نییە وێنەبگرێت… هەروەها تەواوی تۆڕەكانی پەیوەندی تاوەكو كاتژمێر 5ی ئێوارە نەبوون".

شێخ ئیبراهیم عەواد (ئەبوبەكر بەغدادی) دەركەوت

شێخ حمود دەگێڕێتەوە و دەڵێت: دوای ئەوەی لەڕیزی پێشەوەی نوێژخوێنان، كەسێكی خۆیان بانگی نیوەڕۆیدا، دواتر كەسێكی تریان هەستایە سەرپێ‌و وتی: ئێستا شێخ ئیبراهیم عەواد وتاری رۆژی هەینیتان بۆ دەخوێنێت، شێخ ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەرائی ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) چووە مینبەری مزگەوتەكەو وتارێكی 15 خولەكیدا، جگە لە باسكردنی مانگی رەمەزان كە چەند رۆژێكی كەمی مابوو و بەغدادی باسی خێری شەوی لەیلەتولقەدری كردو دواتر داوای "جیهادی كرد لە پێناو خوادا" و هەرلەوێ خەلافەتەكەی راگەیاند.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، شێخ حمود لە مزگەوتەكە دەمێنێتەوەو وەك هەر نوێژخوێنێك گوێ بۆ وتارەكەی بەغدادی دەگرێت، وتی "بەغدادیم نەدەناسی‌ و ناوبانگیم نەبیستبوو، لەگەڵ تەواوبوونی وتارەكەیی‌ و هاتنەخوارەوەی زۆرێك لە ئامادەبووان رۆیشتنە نزیكییەوەو تەوقەیان لە گەڵی كردو ماچییان دەكرد”، زیاتر وتی "ئەو (بەغدادی) دوای نوێژی بە كۆمەڵ دەستبەجێ مزگەوتەكەی جێهێشت"، ئەوكات سەرەتای دەسەڵاتی رێكخراوی داعش بوو، خەڵكی زۆر پشتیوانی لێدەكردن، "مزگەوتەكە بەڕادەیەك قەرەباڵغ بوو، بەنیو كاتژمێر ئینجا رێگەی چوونەدەرەوەت هەبوو”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ بۆ رۆژی دواتر، دیوانی مزگەوتەكانی داعش شێخ حەمودیان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌كە نابێت چیتر لە مزگەوتی گەورەی نوری وتاربدات‌ و پێشنوێژی بكات، "وتیان خۆمان كەسێكی دیكە دەستنیشان دەكەین، ئەگەر هەر سكاڵایەكت هەیە لە سەر بڕیارەكەی ئێمە ئەوە دەتوانی لە (دیوانی زوڵملێكراوان) سكاڵا بكەیت"، هه‌ربۆیه‌ شێخ حەمود لە ماڵەوە دانیشت و چیتر نه‌چووه‌وه‌ ئەو مزگەوتە.

وتارەكەی بەغدادی ‌و راگەیاندنی خەلافەت كاریگەری ناوخۆیی ‌و دەرەكی گەورەی بەدواداهات، لە یەكەم كاردانەوەیدا وەزارەتی دەرەوی ئەمریكا لەڕێگەی جێن ساكی، وتەبێژی ئەوكاتی وەزارەتەوە رایگەیاند "ستراتیژی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان بە خەلافەتێك لە ناوچەكە روونە، لەبەرئەوە ئێستا كاتێكی گرنگە بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەست لە دەستی یەكتربنێن‌ و پێش بە دەوڵەتی ئیسلامی بگرن‌ و نەهێڵن پەرەبسێنێت".

مەترسییەكانی ئەمریكا‌و عیراق ‌و ناوچەكە لەجێی خۆیدابوو، بە چەند مانگێكی كەم داعش گەیشتە چوار پارێزگای تری عیراق (كەركوك، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالە) و بووە مەترسی لەسەر بەغدای پایتەختی عیراق‌و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.
بەوهۆیەوە هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی لە دژی ئەو رێكخراوە بە سەرپەرشتی ئەمریكا راگەیەنرا‌و تائێستاش لە عیراق‌و سوریا پشتیوانی‌و هاوكاریی هێزە شەڕكەرەكانی دژ بەو رێكخراوە دەكەن.

شێخ حەمود كە مانەوەی لە موسڵ هەڵبژارد وتی: "لەسەرەتادا زۆربەی خەڵكی موسڵ قسەكانی چەكدارانی داعشیان بە دڵ بوو، بەڵام كردەوەكانیان بەدڵ نەبوو كە جیاوازی زۆر لە نێوان قسەو كردارەكانیاندا هەبوو… چونكە بەبیانووی بوونی پەیوەندی بە سوپاو هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە، ماڵی خەڵكیان دەسوتان‌د و ئۆتۆمبێلەكانیان دەبردن، بۆیە كۆچكردن دەستیپێكرد".

شێخ حەمود ئێستا نیشته‌جێی بەری چەپی موسڵه‌ ‌و لە 19-6 كاتێك قسەی بۆ kirkuknow كردووه‌، چاوەڕوانی كۆنترۆڵكردنەوەی مزگەوتی گەورەی نوری‌ و منارەی حەدبا بوو، بەڵام خەونەكەی بەتەواوی نەهاتەدی، داعش لە 21-6 مزگەوت ‌و منارەكەی تەقاندەوە.

مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ بەر لە تەقاندنەوەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە



موسڵ، 21-6-2017، شوێنەواری منارەی حەدبا‌و مزگەوتی نوری دوای تەقاندنەوەی لەلایەن داعشەوە


PM:04:28:27/06/2017


ئه‌م بابه‌ته 74994 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو