چۆن ئۆتۆمبێله‌كانی مه‌رگ دزه ده‌كه‌نه به‌غدای پایته‌خته‌وه؟
وێستگه نیوز- موسته‌فا حه‌بیب- نیقاش
هه‌فته‌ی رابردوو به‌غدا رووبه‌ڕووی هێرشێكی توندی ته‌قینه‌وه بووه‌وه كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ مانگی ره‌مه‌زاندا، سه‌رله‌نوێش تۆمه‌ت‌و ره‌خنه‌كان له‌دژی هێزه ئه‌منییه‌كان سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه .
سه‌ره‌ڕای هه‌زاران سه‌رباز‌و ده‌یان پلانی سه‌ربازی‌و ئامێره‌كانی ئاشكراكردنی ته‌قه‌مه‌نی، له‌چه‌ند رۆژێكی كه‌مدا پێنج ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو له‌ناوچه‌كانی دۆره‌و كه‌ڕاده‌و شواكه ته‌قینه‌وه‌و ده‌یان كوژراو‌و برینداریان خسته‌وه، ته‌قینه‌وه‌كان له‌ناكاو نه‌بوون، چونكه رێكخراوی داعش‌و پێش ئه‌ویش قاعیده زۆرجار ئه‌م مانگه‌یان قۆستۆته‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی "غه‌زوه‌كانی ره‌مه‌زان".
ساڵی رابردوو هه‌ر له‌مانگی ره‌مه‌زاندا داعش ته‌قینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجام دا كه گه‌وره‌ترین ته‌قینه‌وه بوو له‌وڵاتدا له‌دوای ساڵی 2003وه كاتێك بینایه‌كی بازرگانی گه‌وره‌ی له‌ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی ناوجه‌رگه‌ی پایته‌ختدا كرده ئامانج‌و بووه مایه‌ی كوژرانی 300 كه‌س، رووداوه‌كه بۆ چه‌ند مانگێك كاریگه‌رییه‌كی توند‌و دڵته‌نگی به‌سه‌ر عێراقییه‌كانه‌وه به‌جێهێشت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه هه‌مووان دركیان به‌وه كردبوو كه مانگی ره‌مه‌زان باشترین وه‌رزی ته‌قینه‌وه‌كانه له‌لای توندڕه‌وان، به‌ڵام هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق ئه‌مجاره‌ش شكستیان هێنا له‌ڕێ لێگرتنیان، سه‌رله‌نوێ ره‌خنه‌گرتن له‌پلانه ئه‌منییه‌كان‌و شكستی ئامێره‌كانی ئاشكراكردنی ته‌قینه‌وه‌و كامێرا‌كان سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌و بووه قسه‌ی سیاسییه‌كان‌و هاووڵاتیانیش، پرسیاره گه‌وره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه چۆن تیرۆریستان ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژكراوه‌كان به ده‌یان بازگه‌ی پشكنیندا تێده‌په‌ڕێنن؟
ئه‌كره‌م زوبه‌یدی نه‌قیب له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ڵێت "ئه‌وان هه‌موو جارێك شێوازه‌كانیان په‌ره‌پێده‌ده‌ن‌و ورده‌كاری بچووك له‌به‌رچاوده‌گرن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژكراوه‌كان له‌پارێزگاكان‌و ناوچه دووره ده‌سته‌كانه‌وه تا ده‌گه‌نه ئامانجه‌كان". ئه‌و به"نیقاش"ی وت "ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه به‌ڵگه‌ی شكستی تیرۆریستانن، ئه‌وان گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ ستراتیجی ته‌قینه‌وه‌كان دوای ئه‌وه‌ی كۆنترۆڵیان به‌سه‌ر پارێزگاكانی سه‌ڵاحه‌دین‌و ئه‌نبار‌و به‌م دواییانه‌ش موسڵ له‌ده‌ستدا".
زوبه‌یدی كه سه‌رپه‌رشتی لێكۆڵنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌ند تیرۆریستێكدا كردووه كه به‌ر له‌ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌كان ده‌ستگیركرابوون، ده‌ڵێت "زانیاری سه‌رنجڕاكێشمان له‌باره‌ی تاكتیكه‌كانیان هه‌یه، بۆ نموونه چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ته‌قینه‌وه‌كان له‌ڕێی به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی كۆنه‌وه ئه‌نجام ده‌دران كه دروستكراوی 10 ساڵ له‌مه‌وپێش یان زیاتر بوون، بۆیه بازگه‌كانی پشكنین ئه‌و جۆره ئۆتۆمبێلانه ده‌پشكنن".
به‌ڵام به‌وته‌ی زوبه‌یدی تیرۆریستان له‌م دواییانه‌دا ئۆتۆمبێلی نوێ‌و گرانبه‌ها به‌كارده‌هێنن بۆیه به‌خه‌یاڵی سه‌ربازانی بازگه‌كانی پشكنیندا نایه‌ت ئه‌و ئۆتۆمبێلانه بۆمبڕێژكراوبن‌و نایان پشكنن.
هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌و هێزه ئه‌منییانه‌ی له‌سه‌ر پردی جادریه‌ی نێوان هه‌ردوو به‌ری كه‌رخ‌و ره‌سافه بڵاوبوونه‌ته‌وه، رێوشوێنێكی ئه‌منییان په‌یڕه‌وكرد بووه مایه‌ی گاڵته‌جاڕی له‌لای دانیشتووان له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، چونكه بازگه‌كانی پشكنین رێگه‌یان نه‌ده‌دا به‌تێپه‌ڕینی ئۆتۆمبێلی تاكسی جۆری "ئه‌لنترا" له‌پرده‌كه‌وه به‌ره‌و به‌ری ره‌سافه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌كه‌ڕاده ته‌قیه‌وه له‌و جۆره بوو.
سه‌یرترین تاكتیكیش كه نه‌قیب زوبه‌یدی له‌میانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نهێنی سه‌باره‌ت به‌ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كه چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌به‌غدا روویدا بیستوویه‌تی، بریتیه له‌وه‌ی ئه‌و خۆكوژانه‌ی ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژه‌كان لێده‌خوڕن به‌چه‌ندین رێگا فێڵ له‌بازگه‌كانی پشكنین ده‌كه‌ن، بۆ نموونه هه‌مووان ده‌زانن كه داعش تایفه‌ی شیعه به‌كافر داده‌نێت كه ده‌بێت بكوژرێن، به‌ڵام خۆكوژه‌كان یاخود ئه‌وانه‌ی ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژه‌كان ده‌گوازنه‌وه وێنه‌ی پیاوانی ئایینی شیعه ده‌كه‌ن به‌جامی پێشه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كان یاخود پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆی سه‌وز به‌ئاوێنه‌ی ته‌نیشتی ئۆتۆمبێله‌كه‌وه ده‌پێچن تا وا پیشانی سه‌ربازانی بازگه‌كانی پشكنین بده‌ن كه له‌تایفه‌ی شیعه‌ن له‌به‌رئه‌وه به‌زۆری ئه‌و ئۆتۆمبێلانه ناپشكنرێن.
به‌پێی قسه‌ی زوبه‌یدی له‌و فێڵانه‌ی دیكه‌ش كه به‌كارده‌هێنرێن، ئه‌وانه‌ی ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژكراوه‌كان ده‌گوازنه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌گه‌رمی سڵاو له‌سه‌ربازه‌كان بكه‌ن‌و به شێوه‌زاری میللی باشوور قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌ندێكی دیكه‌یان پێناسه‌ی ساخته‌یان ده‌ده‌نێ كه گوایه ئه‌فسه‌ری سوپا یان پۆلیس یاخود "حه‌شدی شه‌عبی"ن یان فه‌رمانبه‌رن له‌دامه‌زراوه‌ی باڵای حكومیدا، هه‌ندێك له‌سه‌ربازه‌كانیش ده‌ترسن ئۆتۆمبێله‌كانیان بپشكنن نه‌بادا تووشی سزا ببن، ئه‌م فێڵه‌ش به‌ربڵاوترینیانه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمی په‌رله‌مانتار حاكم زاملی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش‌و به‌رگری له‌په‌رله‌مان ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی هه‌فته‌ی رابردوو له‌به‌غدا ته‌قیه‌وه له‌شارۆچكه‌ی قائیمی سنووری ئه‌نباره‌وه هاتبوو، واته ئۆتۆمبێله‌كه ماوه‌ی 350 كیلۆمه‌تری بڕیوه‌و به‌ده‌یان بازگه‌ی پشكنیندا تێپه‌ڕیوه كه له‌سه‌ر ئه‌و رێگا دوور‌ودرێژه بڵاوبوونه‌ته‌وه، تا گه‌یشتووه‌ته ناوجه‌رگه‌ی پایته‌خت.
ئامێره‌كانی ئاشكراكردنی ته‌قه‌مه‌نی
ئه‌گه‌ر فێڵی توندڕه‌وان ئه‌و سه‌ربازه ماندووانه بخه‌ڵه‌تێنێت كه چه‌ندین سه‌عاتی دوورودرێژ له‌بازگه‌كانی پشكنیندا به‌پێوه ده‌وه‌ستن، ئه‌وا چۆن ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژه‌كان به‌نێو ئامێره‌كانی ئاشكراكردنی ته‌قه‌مه‌نیدا تێده‌په‌ڕن كه له‌ده‌روازه‌كانی پایته‌خت‌و شه‌قامه سه‌ره‌كییه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه؟ هه‌روه‌ك كامێرای چاودێریش هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كانی پایته‌ختی ته‌نیوه‌و له‌فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی له‌ڕێی تۆڕی ئینته‌رنێته‌وه پێكه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه.
له‌به‌غدا دوو جۆر ئامێری ئاشكراكردنی ته‌قه‌مه‌نی بڵاون، یه‌كه‌میان ئامێری "راپسكان"ه كه ئۆتۆمبێلێكی گه‌وره‌یه‌و له‌ته‌نیشت بازگه‌كه داده‌نرێت‌و ئۆتۆمبێله‌كان له‌ده‌روازه‌كانی پایته‌خت به‌ته‌نیشتیدا تێده‌په‌ڕن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی سۆنه‌ره‌وه بپشكنرێن، دووه‌میشیان پێی ده‌وترێت "هه‌ڵۆی به‌غدا" ئه‌ویش ئامێرێكی ناسینه‌وه‌یه زانیارییه‌كانی هه‌ر ئۆتۆمبێلێك تۆمار ده‌كات كه له‌بازگه‌كان تێبپه‌ڕێت ئه‌ویش له‌ڕێی سمیكارتێكی ئه‌لیكترۆنیه‌وه كه له‌سه‌ر جامی ئۆتۆمبێله‌كان داده‌نرێت‌و چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر هێزه ئه‌منییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌دا به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌دا دابه‌شیان كرد، به‌ڵام له‌هه‌ندێك بازگه‌ی دیكه‌دا له‌شه‌قامه گرنگه‌كان پشت به‌سه‌گی پۆلیسی ده‌به‌سترێت.
سه‌عد مه‌تڵه‌بی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غدا به "نیقاش"ی وت "شكستی فاكته‌ری هه‌واڵگری له‌پشت ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌وه‌یه، چونكه له‌وانه‌یه ئامێره‌كانی ئاشكراكردنی ته‌قه‌مه‌نی له‌هه‌ر ساتێك‌دا له‌كار بكه‌ون، سه‌ربازانیش ماندوو ده‌بن به‌هۆی راوه‌ستانیان بۆ ماوه‌یه‌كی دروورودرێژ له‌بازگه‌كاندا، به‌ڵام پێویسته كێشه‌كه له‌ریشه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت له‌ڕێی ئاشكراكردنی پیلانی تیرۆریستان به‌ر له‌روودانیان".
مه‌تڵه‌بی داوا له‌حكومه‌تیش ده‌كات چاو به‌پلانه ئه‌منییه‌كانی پایته‌ختدا بخشێنێته‌وه، ئه‌ویش له‌ڕێی كه‌مكردنه‌وه‌ی بازگه‌كان‌و چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵی هه‌واڵگری بۆ گه‌یشتن به‌شانه نووستووه‌كان‌و مۆڵگه نهێنیه‌كان له‌شاره ئارامه‌كاندا له‌بری خۆسه‌رقاڵكردن به‌دانانی به‌ربه‌ستی كۆنكرێتی‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی بازگه‌كان به‌بێ سوود.
به‌غدا سنوورێكی روونی نییه‌و پێویستی به‌دیواری ئه‌منی پارێزراویش هه‌یه، بۆ به‌دبه‌ختی پایته‌ختیش سنووره جوگرافییه‌كه‌ی مۆركێكی كشتوكاڵی هه‌یه‌و به‌ستراوه‌ته‌وه به‌هه‌ر چوار پارێزگای ئه‌نبار‌و بابل‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌و چه‌كداره‌كان رووبه‌رێكی به‌رفراوانی كێڵگه‌كان وه‌ك شوێنی خۆشاردنه‌وه‌و پیلانداڕشتن بۆ ئه‌نجامدانی هێرش بۆسه‌ر ناوه‌ندی به‌غدا به‌كار ده‌هێنن.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ش حكومه‌ت له‌شوباتی 2016دا بڕیاریدا دیوارێكی ئه‌منی به‌ده‌وروبه‌ری به‌غدا دروست بكات كه بریتیه له‌دانانی دیوارێك له‌به‌ربه‌ستی كۆنكرێتی به‌به‌رزی سێ مه‌تر‌و له‌پاڵیشیدا خه‌نده‌قێك به‌قووڵی سێ مه‌تر، ئه‌ویش له‌هه‌وڵێكی نوێ‌دا بۆ پاراستنی به‌غدا، به‌ڵام بیرۆكه‌كه جێبه‌جێ نه‌كرا.
له17ی ئایاری رابردووش‌دا واته چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌شه‌پۆلی ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه، عه‌بدولئه‌میر محه‌مه‌داوی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌ی وشكانی رایگه‌یاند كۆمپانیای سه‌رپه‌رشتیار قۆناغی پێشكه‌وتووی له‌بنیاتنانی دیواری ئه‌منی به‌غدا به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه به‌هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا.
ململانێیه‌كی سیاسی
دانیشتووانی پایته‌خت رایه‌كی تریان سه‌باره‌ت به‌هۆكاری ته‌قینه‌وه‌كان هه‌یه‌و سیاسییه‌كان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه به‌پرسیارن له‌و ته‌قینه‌وانه‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش خاڵی نین له‌و گفتوگۆیانه‌ی تێیدا حزبه‌كان به به‌رپرسیارێتی ته‌قینه‌وه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كرێن، له‌وباره‌یه‌وه سه‌لام روبه‌یعی خاوه‌نی ماركێتێكی بازرگانی له‌ناوچه‌ی جادریه‌ی ناوه‌ڕاستی به‌غدا به "نیقاش"ی وت "مه‌سه‌له‌كه روونه، چونكه ته‌قینه‌وه‌كان ده‌رئه‌نجامی ململانێی نێوان حزبه‌كانه، هه‌ر كه قه‌یرانێكی سیاسی سه‌رهه‌ڵده‌دات چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌دوادا دێت، ئێمه 14 ساڵه ئه‌مه حاڵمانه".
روبه‌یعی ده‌پرسێت "چۆن ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژكراوه‌كان له‌شوێنی دووره‌وه ده‌گه‌نه ناوجه‌رگه‌ی به‌غدای پایته‌خت كه پڕیه‌تی له‌سه‌رباز‌و پۆلیس‌و حه‌شدی شه‌عبی‌و هه‌واڵگری، ده‌بێت به‌رپرس‌و ئه‌فسه‌ری گه‌وره له‌و ته‌قینه‌وانه‌وه گلابن".
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی كوتله‌ی "هاوپه‌یمانی نیشتمانی" شیعه‌دا به‌ئاماده‌بوونی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران، ئاماده‌بووان راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌وه كه تێیدا هاتبوو "ئاسایشی به‌غدا هێڵی سووره‌و پێویسته به‌دووربگیرێت له‌ركابه‌ری سیاسی" ئایا ئه‌وه دانپێدانانی گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانیه له‌وڵاتدا به‌وه‌ی ململانێی سیاسی له‌پشت ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌یه؟
AM:09:22:09/06/2017
ئه‌م بابه‌ته 25757
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت