‌ئارێز عه‌بدوڵا: له‌ پێدانی زانیاری نه‌وتی عیراق له‌ پێش هه‌رێمه‌وه‌یه‌
‌ئارێز عەبدوڵا

وێستگه‌ نیوز ـ
ئارێز عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ نه‌وت و غاز له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا باسده‌كات و ئاماژه‌ش به‌و كێشانه‌ ده‌كات كه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و غاز ماون، ده‌شڵێت، پێشبینی ده‌كه‌ن نرخی نه‌وت وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌ و عیراق بیر له‌ راكێشانی چه‌ندین بۆڕیی نه‌وتی بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌كات.


ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: عیراق کە یه‌كێكە له‌ گه‌وره‌ترین وڵاتانی نه‌وتی، یاسای نه‌وت و غازی نییه‌، هیچ شتێكی نوێ له‌باره‌ی ئه‌و یاسایه‌وه‌ هه‌یه‌؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "كێشه‌ی نه‌وت یه‌كێكه‌ له‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فێدڕاڵی، ئه‌و كێشه‌یه‌ی به‌ هه‌ڵواسراویش ده‌مێنێته‌وه‌ تا په‌سه‌ندكردن و ده‌رچوونی یاسای نه‌وت و غاز، دیاره‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌ ده‌ستووریشدا باسكراوه‌ كه‌ ده‌ربچێت، به‌ڵام به‌ هۆی بوونی راوبۆچوونی جیاواز و ناكۆكی له‌ نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند ده‌رنه‌چووه‌. له‌ ساڵی 2007 پڕۆژه‌ یاسایه‌ك هه‌بوو رێككه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كرا".

وتیشی: "له‌ ساڵی 2011 پڕۆژه‌ یاسایه‌كی دیكه‌ هه‌بوو ئه‌ویش رێككه‌وتنی له‌سه‌رنه‌كرا، ئیدی كێشه‌ی نه‌وت و یاساكه‌شی به‌ هه‌ڵواسراوی مانه‌وه‌ نه‌ كێشه‌ی نه‌وت و غاز چاره‌سه‌ر بوو و نه‌ یاساكه‌شی په‌سه‌ند كرا، بۆیه‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاسا كۆنانه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق نه‌ماون، چونكه‌ چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا حكوومه‌تی فیدڕاڵی پڕۆژه‌كه‌ی به‌ ره‌سمی كشانده‌وه‌ بۆ ده‌ستكاریكردنی چه‌ند بڕگه‌ و مادده‌یه‌كی و ئاڵۆگۆڕی چه‌ند مادده‌یه‌كی بكات، ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێته‌وه‌ و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی نه‌وت نه‌كرێت په‌سه‌ندكردن و ده‌رچوونی ئه‌و یاسایه‌ كارێكی ئاسان نابێت".

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: ئه‌ی ئێستا چی هه‌یه‌ له‌ پڕۆژه‌ یاسای په‌یوه‌ست به‌ نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانی عیراق؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "ئێستا دوو پرۆژه‌ یاسا و پێشنیازی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عیراق هه‌ن كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ كاروباری نه‌وت و غاز، یه‌كه‌میان پێشنیازی یاسایه‌كه‌ له ‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی فیدڕاڵی بۆ دیاریكردنی سیاسه‌تی گشتی نه‌وت و غاز له‌ عیراق كه‌ به ‌پێی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ سیاسه‌تی گشتی نه‌وت و غاز دیاری ده‌كرێت و ئه‌نجوومه‌نێكی فیدڕاڵی دیاری ده‌كرێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاری ده‌كرێت و ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ په‌یوه‌نده‌ به‌ داڕشتنی سیاسه‌تی گشتیی نه‌وت و غاز".

پڕۆژه‌ یاسای دووه‌م پڕۆژه‌ یاسای كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی عیراقه‌ كه‌ له ‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ و ئێمه‌ له‌ كۆمیسیۆنی نه‌وت و وزه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، به‌ڵام ماوه‌ی ده‌وێت تا په‌سه‌ند بكرێت، چونكه‌ پڕۆژه‌ یاسا‌كه‌ له‌ بنچینه‌دا به‌ كه‌موكوڕی و كرچ و كاڵییه‌وه‌ هاتووه‌ و پێویستی به‌ ته‌واوكردنه‌، بۆیه‌ ماوه‌ی زۆری ده‌وێت بۆ ته‌واوكردنی، هه‌ركاتێك لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌سه‌ری ته‌واو ببێت ئه‌وكات ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاتی ده‌وێت".

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ ئه‌نجوومه‌نی فیدراڵیی نه‌وت و غازه‌وه‌ هه‌یه‌ ورده‌كاریی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ به ‌پێی پڕۆژه‌كه‌ چۆن ده‌بێت.؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "خاڵه‌ گرنگه‌كانی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجوومه‌نێكی فیدڕاڵی له‌ عیراق داده‌مه‌زرێت و له‌ سه‌رۆكی سكرتێرێكی به‌ پله‌ی وه‌زیر ده‌بێت و سه‌رۆكی حكومه‌ت و چه‌ند وه‌زیرێكی حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێم تێیدا ده‌بن له‌نێویاندا وه‌زیره‌كانی نه‌وت و سامانه‌ سروشتییه‌كان، وه‌زیرانی پلاندانانی هه‌ردوولا، وه‌زیرانی دارایی و هی دیكه‌ش، هه‌موو پارێزگاره‌كانی ئه‌و پارێزگایانه‌ی نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنن ئه‌ندام ده‌بن تیایدا، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به ‌گشتی ئه‌نجومه‌نێكی راوێژكاری ده‌بێت و كاری بریتی ده‌بێت له‌ داڕشتنی سیاسه‌تی گشتی نه‌وت له‌ عیراق دیاری ده‌كات".

گرنگی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ئه‌وه‌یه‌ سیاسه‌تی نه‌وتی له‌ وڵات دیاری ده‌كات، چۆنێتی فرۆشتن و هه‌نارده‌كردن و به‌رهه‌مهێنان و وه‌به‌رهێنانی له‌ ناوخۆدا دیاری ده‌كات، هه‌روه‌ها به‌رچاوڕوونی ده‌داته‌ په‌رله‌مانی عێراق و په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی نه‌وتی عێراق به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكیشی روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند نه‌وت به‌رهه‌م هاتووه‌ و چه‌ند فرۆشراوه‌ و به‌ چه‌ند و پاره‌كه‌ی چۆن ده‌بێت و چی لێ دێت.

هه‌روه‌ها ئه‌ركێكی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ ئه‌وه‌یه‌ رێگه‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت یه‌ك ده‌خات، مه‌به‌ستمان له‌ یه‌كخستنی رێگه‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ یه‌ك رێگه‌ و یه‌ك بۆرییه‌وه‌ بێت، سیاسه‌تی عیراق ئه‌وه‌یه‌ چه‌ندین رێگه‌ هه‌بێت بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌كه‌ی، به‌ڵام یه‌ك سه‌رچاوه‌ هه‌بێت، نه‌وه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌ دوو سه‌رچاوه‌ هه‌یه‌ یه‌كێكیان حكومه‌تی عیراق و ئه‌وی دیكه‌ش هه‌رێمی كوردستانه‌.

هه‌رچی بڕگه‌ی سێیه‌میشه‌ كه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ داهاتی نه‌وت له‌ هه‌ر شوێنێك هه‌بێت ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت".

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: وه‌ڵامی حكومه‌تی هه‌رێم و قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ چییه‌؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "ئێمه‌ وه‌ك كۆمسیۆنی نه‌وت و وزه‌ به ‌نووسراوی ره‌سمی حكومه‌تی هه‌رێممان له‌م پڕۆژه‌یه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی پڕۆژه‌ یاسایه‌كی له‌و جۆره‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراقه‌ و له‌ گفتوگۆكردن دایه‌، حكومه‌تی هه‌رێمیش وه‌ڵامی داوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تێبینییان له‌سه‌ر هه‌ندێك بڕگه‌ و مادده‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئاساییه‌ تێبینیشیان هه‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێمه‌ به ‌گشتی ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شداربن له‌م پڕۆژه‌ یاسایه‌ هه‌ر تێبینی و داخوازییه‌كییان هه‌بێت كه‌ ده‌ستووری بێت ئێمه‌ له‌و پڕۆژه‌یه‌ جێگه‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌".


ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان پرسی ریفراندۆم گه‌رمه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ زۆرێك له‌ كێشه‌كان له ‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا زیاتر كه‌ڵه‌كه‌بوون بێ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی راسته‌قینه‌ی چاره‌سه‌ركردنییان له‌ ئارادابێت، ئه‌گه‌ر ریفراندۆمیش بكرێت كێشه‌ی نه‌وت و غاز پێویستی به‌ چاره‌سه‌ركردن نییه‌؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "به‌ داخه‌وه‌ كێشه‌ی نه‌وت و غاز به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌بێت یه‌كلایی بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ حكومه‌تی هه‌رێم خۆی نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات، ده‌بێت حكومه‌تی عیراق ئاگاداری ئه‌و هه‌نارده‌كردنه‌ بێت، حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ خۆی نه‌وتی به‌رهه‌مهێناوه‌ و خۆی فرۆشتوویه‌تی و داهاته‌كه‌شی بۆخۆی بووه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێت حكومه‌تی عیراق بیزانێت و جیاوازه‌ له‌و كاته‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌مه‌ی نه‌بوو، واته‌ ده‌بێت له ‌داڕشتنی سیاسه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كان رۆڵمان هه‌بێت، حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانێت كه‌ به ‌پێی ده‌ستوور هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له ‌ده‌وڵه‌تی عیراق و ده‌بێت سیاسه‌تی نه‌وتی یه‌ك بێت و داهاته‌كه‌ی بۆ گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێته‌وه‌".

واته‌ ده‌ستووریش رێگه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنی وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی قابیلی چاوپۆشی نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ داهاته‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌نجینه‌ی ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها سیاسه‌تی نه‌وتی ده‌بێت یه‌ك بێت.

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: نه‌وت و غاز كێشه‌ نابێت له‌به‌رده‌م ئه‌و ریفراندۆمه‌ی كه‌ كورد باسی لێوه‌ ده‌كات؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "ئه‌وه‌ی باس نه‌كراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ پرسیاره‌كانی ئه‌و ریفراندۆمه‌ چیین؟، هه‌روه‌ها باس نه‌كراوه‌ عیراق ره‌زامه‌ند ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ریفراندۆمه‌ یان نا، ئه‌مه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها دوای ریفراندۆم چی ده‌بێت؟، ئه‌گه‌ر ریفراندۆمیش بكرێت هه‌ر كێشه‌ ده‌بێت، من دڵنیام له‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی به‌ به‌ڵی بۆ ده‌ده‌ن، به‌ڵام كێشه‌ی نه‌وت و غاز هه‌ر ده‌مێنێت و پێویستی به‌ گفتوگۆ ده‌بێت".

من پێم وابێت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی عیراق بێته‌ پێشه‌وه‌ و مادده‌ی 140 جێبه‌جێ بكات و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ و خه‌ڵكی كوردستان دڵنیا بێت له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق ده‌وڵه‌تی هه‌موو لایه‌كه‌ و كورد جارێكی دیكه‌ ده‌ستی ده‌ستی پێناكرێته‌وه‌ و جارێكی تر سته‌می لێ ناكرێت و ناچه‌وسێنرێته‌وه‌، به‌ڵام په‌كخستنی مادده‌ی 140 له ‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ و نه‌گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان و دانه‌مه‌زراندنی ئه‌نجومه‌مه‌نی فیدڕاڵی هه‌موو ئه‌وانه‌ مه‌ترسی و گومانییان دروست كردووه‌، گه‌لی كورد گه‌لێكی ماران گازه‌، بۆیه‌ په‌نا بۆ شتی تر ده‌بات و ئێمه‌ خۆمان بڕیاری خۆمان ده‌ده‌ین و ریفراندۆم بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسین هه‌ڵده‌بژێرێن، بۆیه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عیراق بێت یان جیاببینه‌وه‌ یان كۆنفیدڕاڵی ببین ئه‌وه‌ گه‌لی خۆمان بڕیار ده‌دات، به‌ڵام ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان سازشی له‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ بیانه‌وێت خۆیان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن كه‌ بیانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان یان نه‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ بڕیار له ‌لای خۆیان ده‌مێنێته‌وه‌.

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: هیچ زانیارییه‌كتان له‌سه‌ر ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌؟، به ‌تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندووه‌ به‌ نیازه‌ ئاستی هه‌نارده‌كردنی بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا به‌رز بكاته‌وه‌؟.

ئارێز عه‌بدوڵا: "ئێمه‌ كه‌مترین زانیارییمان له‌سه‌ر نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان و كاروباری وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان هه‌یه‌، هه‌ماهه‌نگییه‌كی زۆر كه‌ممان هه‌یه‌، له‌باره‌ی ئاست و بڕی هه‌نارده‌كردن نه‌وتیشه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌رچه‌ندێك بڵێت لای ئێمه‌ جێی بڕوا نییه‌ تا لایه‌نی سێیه‌م نه‌بێت و پشت راستی ئه‌و زانیارییانه‌ بكاته‌وه‌، ئێمه‌ زانیاریی راسته‌وخۆ له ‌حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رناگرین، مه‌گه‌ر له‌ كۆمپانیاكان و له‌ شوێنی دیكه‌وه‌ ده‌ستمان بكه‌وێت".

عیراق یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی ئه‌ندامه‌ له‌ ده‌ستپێشخه‌ریی شه‌فافییه‌تی پیشه‌سازییه‌ نه‌وتییه‌كان، ئه‌و رێكخراوه‌ شاهێدی بۆ ده‌دات، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق چاودێرین به‌سه‌ر كاروباری حكومه‌ته‌وه‌ و هه‌ر زانیارییه‌كمان بوێت ده‌ستمان ده‌كه‌وێت و ده‌ستمان واڵایه‌ بۆ هه‌ر زانیارییه‌ك بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌و زانیارییانه‌ و پشتڕاستكردنه‌وه‌یان، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم عیراق له ‌پێش هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌یه‌ له‌مباره‌یه‌وه‌، بۆ بواری هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، بۆ زانیاری دان و شتی دیكه‌ش.

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: راكێشانی بۆڕیی نه‌وتی له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ ئێران چی لێ به‌سه‌ر هات؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "ئه‌و زانیارییه‌ به‌هه‌ڵه‌ گواسترایه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌، عیراق پشت به‌ یه‌ك رێگه‌ نابه‌ستێت بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خۆی، بیری له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ له ‌رێگه‌ی ئوردن و سعودیه‌ و ئه‌گه‌ر سووریا بارودۆخی باش بێت له ‌رێگه‌ی ئه‌میشه‌وه‌ نه‌وت هه‌نارده‌بكات، بۆیه‌ عیراق ئۆپشنی زۆری له‌به‌رده‌سته‌ و ده‌بێت هه‌رێمی كوردستانیش وا بیر بكاته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ پێشتر رێككه‌وتنێك هه‌بوو له ‌نێوان عیراق و ئێران دوو بۆڕیی نه‌وت له‌ رێگه‌ی به‌سرە بۆ عه‌بادان و بۆڕییه‌كی دیكه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئێستا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ردوولا بتوانن نه‌وتی خۆیان هه‌نارده‌بكه‌ن، باس له‌وه‌شكراوه‌ نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێكه‌ی كرماشانه‌وه‌ بنێردێت و گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ بزانیین سوودی ئابووریی چه‌نده‌ و چۆنه‌ نه‌وتی ئه‌و پارێزگایه‌ بۆ كرماشان بگوازرێته‌وه‌، هێشتا لێكتێگه‌یشتنه‌ بۆ زیاتكردنی رێگه‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌، بڕیاره‌ كۆمپانیایه‌كی شاره‌زای نێوده‌وڵه‌تی گه‌وره‌یه‌ ئه‌و توێژینه‌وه‌ بۆ زانینی سوودی ئابووریی ئه‌و بۆرییه‌ بكرێت و هێشتا نه‌كراوه‌، دواتر بڕیار له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وت ده‌درێت پاش زانینی سووده‌كه‌ی.

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: یه‌ده‌گی نه‌وتی عیراق له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ زیاتر ده‌بێت؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "ئه‌وه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌ زیاتر له‌ 153 ملیار یه‌ده‌گی به‌رمیل نه‌وتی جێگیری هه‌یه‌، به‌ڵام خه‌مڵاندنی زیاتر هه‌یه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌رده‌خه‌ن عیراق له‌وه‌ زیاتری هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش عیراق كێڵگه‌ی غازی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و پێگه‌یه‌كی ستراتیجیی زۆر گرنگی هه‌یه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهان بۆ ئێستا و بۆ جیهانیش".

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: پێشبینیتان چییه‌ بۆ نرخی نه‌وت، به‌رز ده‌بێته‌وه‌ یان له‌و ئاسته‌ی ئێستای ده‌مێنێته‌وه‌؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "له‌و رۆژانه‌ی رابردوو وڵاتی ئه‌ندام له‌ رێكخراوی ئۆپیك كۆبوونه‌وه‌ و بڕیاریان دا بڕی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت زیاتر نه‌كات، هه‌ماهه‌نگییه‌كی باش هه‌یه‌ له‌ نێوان وڵاتان و له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ش وه‌ك رووسیا، واته‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت نرخی نه‌وت به‌ره‌و زیاتر بڕوات، یان لانیكه‌م له‌و ئاسته‌ بهێڵدرێته‌وه‌".

ئاژانسی ئه‌نادۆڵ: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان چۆنه‌؟

ئارێز عه‌بدوڵا: "له‌ راستیدا ئێمه‌ زۆر هه‌وڵماندا په‌یوه‌ندییمان باش بێت، كۆبوونه‌وه‌مان كردووه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت جاروبار، له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی هه‌رێم بۆ كاروباری نه‌وت و غاز، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كه‌ كه‌مێك چووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییمان نه‌بوو پێشتر، ئێمه‌ به‌ زۆر له‌ ده‌رگای حكومه‌تمان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌بێت، ئێستا په‌یوه‌ندیی ده‌ستی پێكردووه‌ و سه‌ره‌تایه‌كی باشه‌، ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وام ببێت".




PM:04:20:29/05/2017


ئه‌م بابه‌ته 8297 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو