ئەو نەخۆشەی لە نەخۆشخانەیەکی حکومی هەولێر جێگەی نەکرابووەوە گیانی لەدەستدا


وێستگه‌ نیوزـ

ئەو نەخۆشەی لە نەخۆشخانەی ڕزگاری شاری هەولێر جێگەی نەکرابووەوە و دواتر برایە نەخۆشخانەیەکی دیکە گیانی لەدەستدا.
چۆمان حەمەڕەش کە برای ئەو هاوڵاتییە بوو، بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەمشەو یەعقوب حەمەڕەش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی لە گۆڕستانی سێ بەردان بەخاک دەسپێردرێت.

ماوەی دوو ڕۆژ نەخۆشێک کە دانیشتووی شاری هەولێربوو، لە نێوان سێ نەخۆشخانەی ئەهلیی و حکومیدا بەبێ هۆشیی هاتوچۆی پێکرا، بەڵام بە ئاسانی جێی نەبووەوە.

یەعقوب حەمەڕەش هاوڵاتییە نەخۆشەکەبوو، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی ڕزگاری لە هەولێر، کەسوکارەکەی دەڵێن لەو نەخۆشخانەیە پێیان وتوون کە لێرە چارەسەری ناکرێت بۆیە بیبەن بۆ نەخۆشخانەیەکی تر.

پێشتر بەرپرسانی تەندروستی هەولێر ڕوونکردنەوەیان دابوو، کە بەهۆی کەمبوونەوەی کەرەستە و پێداویستی پزیشکی، ئاستەنگی زۆر هاتووەتە ڕێی نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانیان. بۆیە هۆشدارییان دابوو کە توانایان سنوورداربووە.

هەرچەندە دواتر یەعقوب دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاریی و لەوێ داخڵ دەکرێت، بەڵام خالس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، وێڕای جەختکردنەوەی لە گرفتی کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بەڵام دەشڵێت لێکۆڵینەوەی لێدەکەن.

ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی بوو لە ڕووداوی نائاسایی بۆ کەرتی تەندروستی بە گشتی و وەزارەتی تەندروستی بە تایبەتی، چونکە ئەوە سێیەم ڕووداوبوو کە لە هەرسێ پارێزگای کەرکوک و دهۆک و هەولێر تۆمار بکرێن کە تێیاندا پزیشک و نەخۆشخانەکان بە کەمتەرخەم تۆمەتبار بکرێن.

ڕووداوەکەی کەرکوک گیانلەدەستدانی منداڵێک بوو دوای نەشتەرگەریی و ئەوەی دهۆک بڕینەوەی دەستی سەنا و لە هەولێریش وەرنەگرتنی ئەم نەخۆشە لە کاتێکدا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە بێهۆشبوو.

کەسوکارى نەخۆشێک لە هەولێر دەڵێن نەخۆشەکەیان لە نەخۆشخانەیەکى حکومى وەرنەگیراوە تەندروستى هەولێریش دەڵێت بەهۆى نەبوونى شوێنەوە نەخۆشەکەمان وەرنەگرتووە

Posted by NRT on Thursday, April 20, 2017


PM:10:04:20/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 20393 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت