‌عه‌بادی وه‌ڵامی ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه‌

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وه‌ڵامی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی كۆماری توركیا دایه‌وه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌ "رێكخراوێكی تیرۆرستی" وه‌سفكردبوو.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌رسوڕمانی خۆی له‌ لێدوانه‌كانی سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌ربڕیووه‌ و وتویه‌تی: "پرسی حه‌شدی شه‌عبی، پرسێكی ناوخۆیی عیراقه‌ و ناكرێت ده‌ستوه‌ردانی تێدا بكرێت، جه‌ختیش ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی پێكهاته‌یه‌كی نیشتمانیی عیراقییه‌ و له‌سه‌ر فه‌توای عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان دامه‌زراوه‌ و شانبه‌شانی هێزه‌كانی عیراق له‌ رزگاركردنه‌وه‌ی خاكی وڵاتدا رۆڵی هه‌بووه‌ و سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر بانده‌ تیرۆرستییه‌كانی داعش به‌ده‌ستهێناوه‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ 20ی نیسانی 2017 ده‌ریكردووه‌، عه‌بادی وتویه‌تی كه‌ عیراق ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری و یاسایه‌ و حه‌شدی شه‌عبیش هێزێكی سه‌ربه‌ ده‌وڵه‌تی عیراق و له‌ژێر كۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تدایه‌، ئه‌م هێزه‌ ئینتمای بۆ عیراق و گه‌له‌كه‌ی هه‌یه‌ و سه‌ربه‌ هیچ ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ نییه‌ و فه‌رمانه‌كانیش له‌ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت.

حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌ستوری عیراق رێگه‌ به‌ هه‌ڵگرتنی چه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت و كاری میلیشیا نادات، گه‌لی عیراقیش زۆری به‌ده‌ست تیرۆره‌وه‌ چه‌شتووه‌ و قوربانیی گه‌وره‌ی داوه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و ئێستاش له‌ قۆناغه‌كانی كۆتاییی سه‌ركوتكردنی داعشی تیرۆرستاندایه‌".

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا عه‌بادی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ عیراق داوا له‌ وڵاتانی دراوسێ و دۆستی ده‌كات ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆیی وڵات وه‌رنه‌ده‌ن و پیشتوانیی له‌دژی ئه‌و دوژمنه‌ بكه‌ن كه‌ بووه‌ته‌ ته‌حه‌دایه‌ك بۆ ناوچه‌كه‌ و جیهان.


PM:09:16:20/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 4865 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو