سلێمانى .. خوێندکارێک لە لایەن مامۆستاکەیەوە ئازار دراوە



وێستگە نیوز -
مێرد منداڵێک کە تەمەنی ١٥ ساڵە و خوێندکاری پۆلى دەى ئامادەییە لە خوێندنگاى ئامادەیى سەروەرانى کوڕان لە شارى سلێمانى، ئاسەواری برین و شین بوونەوە بە جەستەیەوە دیارە.
خوێندکارەکە دەڵێت بەهۆی ئەوەی لە پۆلەکەیاندا چەند خوێندکارێک چونەتە سەر ڕەحلەکان، بەڕێوەبەری خوێندگاکە بێ ئەوەى بزانێت ئەو بووە دەستى بە لێدانى کردووە.

هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی خوێندکارەکە زەبری دەرەکی بەرکەوتووە و ڕوشاویى و برینێک بە درێژى پێنج سانتیم و پانى دوو سانتیم بە پشتى ملیەوەیەتى، هەروەها شین بوونەوە بەسەر بەشى پشتەوەى هەر دوو شانى هەیە.
ئێن ئاڕ تی پەیوەندیکرد بە بەڕێوەبەری خوێندنگەکەوە، بەڵام ناوبراو ئامادەنەبوو هیچ قسەیەک بکات، هاوکات بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی دەڵێت لە هیچ ڕێنماییەکی پەروەردەییدا نییە مامۆستا ئازاری جەستەیی و دەروونی خوێندکار بدات و لەسەر ئەم جۆرە حاڵەتانە دەیان مامۆستا لە لەکارەکانیان دوور خراونەتەوە.

کەسوکاری ئەم خوێندکارە سکاڵایان دژی بەڕێوەبەری خوێندنگاکە تۆمارکرد و چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەبوون، بەڵام دواتر بە سوڵحی عەشایەری سکاڵاکەیان کشاندووەتەوە.

پۆلیس لەسەر ڕووداوەکە دەڵێت پەراوی لێکۆڵینەوەیان کردووەتەوە و دەبرێتە بەردەم دادوەر.
ئەگەرچی بەکارهێنانی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر خوێندکاران لە دوای کۆنگرەی ساڵی ٢٠٠٧ی وەزارەتی پەروەردەوە قەدەغەکراوە، بەڵام ناوبەناو هەواڵی لێدانى خوێندکار و قوتابى لەلایەن مامۆستایانەوە بڵاودەبێتەوە یاخود بە پێچەوانەوە وەک پۆلیس دەڵێت سکاڵا هەیە کە خوێندکار و کەسوکارى خوێندکار هێرشیان کردووتە  سەر مامۆستا.




PM:08:36:20/04/2017


ئه‌م بابه‌ته 6364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو