به‌دواداچوون بۆ خه‌نه‌كانی (خه‌سوو ته‌قێن و پیاوكوژ) ده‌كرێت
وێستگه نیوز ـ پشتیوان جه‌مال
به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی سلێمانی ده‌ڵێت، به‌دواداچوون بۆ خه‌نه‌كانی (خه‌سوو ته‌قێن و پیاو كوژ) ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر ناوه‌كان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی شیاو نه‌بوون ئیجرائات ده‌كه‌ن، توێژه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تیش داوا ده‌كات سانسۆر له‌سه‌ر ناوی شمه‌كیش دابنرێت، چونكه ره‌نگه كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی لێبكه‌وێته‌وه.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا خه‌نه‌كانی (خه‌سوو ته‌قێن و پیاوكوژ) له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك زۆرترین قسه‌یان له‌سه‌ر كراوه، به‌ڵام تائێستا نازانرێت ئه‌و جۆره خه‌نه‌یه له كام شاری كوردستان بڵاوه‌ته‌وه.
سۆران عه‌بدولغه‌فور، به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری بازرگانی سلێمانی به وێستگه نیوزی راگه‌یاند: "هه‌ر شمه‌كێك بێته بازاڕه‌وه به كوالێتی كۆنتڕۆڵ و ته‌ندروستیدا تێده‌په‌ڕیت، ئێمه‌ش به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ناوه ده‌كه‌ین تا بزانین وه‌ك ناوی بازرگانی له ژووری بازرگانی تۆماركراوه یان نا، ئه‌گه‌ر ناوه‌كه‌ش نه‌شیاو بێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و له‌گه‌ڵ داب و نه‌ریتدا گونجاو نه‌بێت، ئیجرائات ده‌كه‌ین".
هه‌روه‌ها كوردستان عه‌بدولكه‌ریم، توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ناوی ئه‌و جۆره خه‌نه‌یه به مه‌ترسی بۆ كۆمه‌ڵگه ده‌زانێت و به وێستگه نیوزی وت: "خه‌سوو و بووك له مێژه ململانیی كۆنیان هه‌یه، به‌ڵام به‌پێی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگه ئه‌و ململانێیه كه‌مبووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و وشانه جارێكی دیكه ململانێ دروست ده‌كه‌نه‌وه و ره‌نگه كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشی لێبكه‌ویته‌وه، له‌به‌رئه‌وه گرنگه سانسۆر له‌سه‌ر ناوه‌كه‌شیان هه‌بێت".
PM:05:52:19/04/2017
ئه‌م بابه‌ته 77117
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت