په‌یامی مەکتەبی سیاسیی یه‌كێتی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزو ساڵی نوێی كوردییه‌وه‌، راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، په‌پامی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كرد.

ئه‌مرۆ دووشەممە 20ی ئازاری 2017، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی نەورۆزەوە بەیاننامەكی بڵاوكردەوە و پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان كرد.

لە بەشێكی بەیاننامەكەدا هاتووە "پاش پشووەكانی نەورۆز، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە نەخشەڕێگەی پەسندكراوی ئەنجوومەنی سەركردایەتییەوە، هەوڵەكانی دەستپێدەكاتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكان".

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزو ساڵی نوێ كوردی (2717)، پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین، له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان و سه‌رانسه‌ری جیهان ده‌كه‌ین.

 پیرۆزبایی گه‌رم له‌كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانو ئه‌نفالكراوان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستانو هه‌موو تێكۆشه‌رانی ناو سه‌نگه‌ری تێكشكاندنی تیرۆریستان و به‌رگری له‌ خاك و خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین.

به‌هارو نه‌ورۆز، هاوكاتی یادی (26) ساڵه‌ی راپه‌رینی به‌هاری 1991 شاری كه‌ركوكی كوردستانیشه‌، كه‌ تاجی سه‌ركه‌وتنی راپه‌رینی نایه‌سه‌ر حه‌مرینی سنوری نیشتمان. پیرۆزبایی له‌خه‌ڵكی خۆراگری كه‌ركوك ده‌كه‌ین و سڵاوی وه‌فاداریش بۆ شه‌هیدانی راپه‌رینی شاره‌كه‌ ده‌نێرین.

جه‌ژن و یاده‌كانی نه‌ورۆزو به‌هاری ئه‌مساڵ له‌كاتێكدایه‌، به‌خوێنی شه‌هیدان و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌و خۆراگری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، كوردستان پارێزراوه‌و تیرۆرستانی داعش-یش له‌تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی نزیك بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان به‌رده‌وامه‌و قه‌یرانی دارایی گوزه‌رانی هاووڵاتیانی سه‌خت كردووه‌، ئومێده‌وارین نه‌ورۆزو به‌هار ببێته‌ هه‌وێنی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسیه‌كان و به‌گه‌رخستنه‌وه‌ی ده‌زگا شه‌رعیه‌كانو كاراكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستانو ته‌بایی زیاتر بچه‌سپێی.

پاش پشووه‌كانی نه‌ورۆز، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌نه‌خشه‌رێگای په‌سه‌ندكراوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانی ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م دۆخه‌ی كوردستانو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

جارێكی تر نه‌ورۆزتان پیرۆزبێتو به‌هارتان پڕ له‌شادی و ئاشتی بێت.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی 
یه‌كێتیی نیشتمایی كوردستان


PM:07:29:20/03/2017


ئه‌م بابه‌ته 1705 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت