واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان و حكومه‌تی هه‌رێم دیار نییه‌


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

په‌رله‌مانتارانی كوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نن، ده‌بوو له‌م مانگه‌دا كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می نێوان په‌رله‌مانتارانی كوردی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێم ساز بكرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت و بودجه‌ی 2017ی عیراق، به‌ڵام تا ئێستا هیچ واده‌یه‌ك رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

نه‌جیبه‌ نه‌جیب، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌ نێوان نوێنه‌رانی كوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سازكرا، له‌سه‌ر بوجه‌ی 2017ی عیراق و پشكی كورد و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، بڕیاربوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ساز بكرێته‌وه‌.

وتیشی: "ده‌بوو له‌م مانگه‌دا كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می نێوان په‌رله‌مانتارانی كوردی به‌غداو حكومه‌تی هه‌رێم ساز بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ واده‌یه‌ك دیاری نه‌كراوه‌".

لای خۆشیه‌وه‌ زانا رۆستایی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: تا ئێستا دیار نییه‌ كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌رانی كوردی په‌رله‌مانی عیراق ساز ده‌كرێت یان نا، چونكه‌ هیچ واده‌یه‌ك دیاری نه‌كراوه‌.

وتیشی: "بودجه‌ی 2017ی عیراق به‌پێی یاسا ده‌ركراوه‌ و رێكاره‌كانی خۆی گرتووه‌ته‌به‌ر، ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵی عیراق جێبه‌جێی بكه‌ن و هه‌نگاوی پێویستی له‌ باره‌وه‌ بگرنه‌به‌ر".


AM:10:18:12/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 744 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو