ئەڵمانیا وادەی مانەوەی سەربازانی لە هەرێم درێژکردەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
حکومەتی ئەڵمانیا وادەی مانەوەی راوێژکارە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان تا ساڵی 2018 درێژکردەوە.

ستیفن سیبێرت، وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا دوێنی 11ی کانونی دووەمی 2017 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا وتی "ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران وادەی مانەوەی سەربازانی ئەڵمانی لە ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵێکی تر درێژ کردەوە کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن".

ئاماژەی بەوەش کرد، راوێژکارە سەربازییەکانی ئەڵمانیا کە ژمارەیان 150 سەرباز دەبێت، تا 31ی کانونی دووەمی 2018 لە هەرێمی کوردستاندا دەمێننەوە.

سێبێرت هێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەو راوێژکارانەی لە هەرێمی کوردستان بوون لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەرکەوتنی باشیان بەدەستهێناوە لە مەشقکردن بەو هێزانەی شەڕی دژی داعش دەکەن.

ناوبراو راشیگەیاند، دڵنیایە کە بڕیارەکەی رۆژی چوارشەممە حکومەتی ئەڵمانیا لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسەند دەکرێت، دوای پەسەندکردنیشی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەڵمانیا یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی دژی داعش کە ساڵی 2014 بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهاتووە، هاوکات ئەو وڵاتە جگە لە ناردنی ڕاوێژکاری سەربازی و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی داعش، بە ناردنی کەلوپەلی سەربازیش هاوکاری هەرێمی کوردستانی کردووە.


AM:08:57:12/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو