‌هۆشداری‌ له‌ جۆره‌ دراوێكی‌ 5 هه‌زار دیناری‌ ده‌درێت

وێستگه‌ نیوز –
نووسینگه‌یه‌كی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراوه‌كان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ هۆشداری‌ ده‌داته‌ هاوڵاتیان ده‌رباره‌ی‌ دراوێكی‌ جۆری‌ 5 هه‌زار دیناری‌ كه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و پێی‌ ده‌ڵێن "دراوی‌ داعش".

ره‌وه‌ز ئامانج له‌ نووسینگه‌ی‌ میرزا بۆ ئاڵوگۆری‌ دراوه‌كان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند كه‌ "له‌ئێستادا و له‌ دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی‌ شاری‌ موسڵ‌، به‌شێكی زۆر دراوی پێنج هه‌زاری (٥٠٠٠) كه‌ پێی ده‌وترێت "دراوی‌ داعش" كه‌وتووه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌.

ره‌وه‌ز ئامانج وتی‌: "له‌سه‌ر دراوه‌كه‌ وه‌ك نیشانه‌یه‌ك 4 كونی تێ كراوه‌، به‌ڵام به‌ دراوی 250 دیناری‌ چاك كراوه‌ته‌وه‌ و تێكه‌ڵ به‌ پاره‌ی تر كراوه‌".

وتیشی‌: "دراوه‌كه‌ له‌ هه‌ردوو شاری سلێمانی و هه‌ولێر بڵاو بۆته‌وه‌ و له‌ بازاڕه‌كاندا گرفتێكی گه‌وره‌ی بۆ دوكاندارانی ئاڵوگۆڕی دراو دروست كردووه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ مامه‌ڵه‌ به‌و جۆره‌ دراوه‌ ناكرێت".

 ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "دراوه‌كه‌ بڕێكی‌ زۆری‌ لێخراوه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌ و له‌ ئێستادا له‌ كاتی‌ مامه‌ڵه‌كردن به‌ دراوی‌ جۆری‌ پێنج هه‌زارییه‌وه‌ ده‌بێت سه‌ره‌ڕای‌ بژاردن دانه‌ دانه‌ سه‌یری‌ بكه‌یت و جیای‌ بكه‌یته‌وه‌".

 ره‌وه‌ز ئامانج ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌و جۆره‌ دراوه‌ ئامێری‌ پاره‌بژاردنیش ئاشكرای‌ ناكات چونكه‌ به‌ دراوی‌ 250 دیناری‌ ئه‌سڵی‌ چاككراوه‌ته‌وه‌.


PM:10:53:11/01/2017






ئه‌م بابه‌ته 11402 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو