‌به‌ڤیدیۆ... نێچیرڤان بارزانی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ئاشكرا كرد كه‌ گوێی‌ راكێشاوه‌

وێستگه‌ نیوز –
 سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكرایكرد كه‌ له‌سه‌ر كارێك، شاعیرێك لێی‌ تووڕه‌ بووه‌ و به‌هه‌موو هێزی‌ خۆی‌ گوێی‌ راكێشاوه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ شاری‌ هه‌ولێر رێوڕه‌سمی یادی شاعیری كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خالید حیسامی (هێدی) به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وتارێكی‌ پێشكه‌ش كرد.

له‌سه‌ره‌تای‌ وتاره‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی‌ وتی: "هێدی نموونه‌یه‌ك بوو له‌ جوامێری و شۆڕشگێڕی و وه‌فاداریی و زۆربه‌ی نامه‌ گرینگه‌كانی بارزانی نه‌مر ئه‌و ده‌ینووسی بۆ حكومه‌تی ئێران و شای ئێران".

وتیشی: "مامۆستا هێدی بۆ ئێمه‌ یادگاری كۆماری كوردستان و پێشه‌وای شه‌هید قازی محه‌ممه‌د و شۆڕشی ئه‌یلوول و بارزانی نه‌مر بوو، نموونه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌بیر و باوه‌ڕ، شاعیرێكی گه‌وره‌ و نووسه‌رێكی زانا بوو".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "زۆربه‌ی نامه‌ گرینگه‌كانی بارزانی نه‌مر ئه‌و ده‌ینووسی بۆ حكومه‌تی ئێران و شای ئێران، ئه‌و نامانه‌ی ئه‌ویش ده‌ینووسی بارزانی ئه‌وه‌نده‌ متمانه‌ی پێ هه‌بوو كه‌ بێ خوێندنه‌وه‌ ئیمزای ده‌كردن".

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی په‌یوه‌ندی خۆی و هێدی شاعیر و مامۆستا هه‌ژاری موكریانی كرد و وتی: "به‌هۆی هۆگری من به‌ ئه‌ده‌ب، په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ره‌وانشادان مامۆستا هێدی و مامۆستا هه‌ژاری موكریانی زۆر به‌هێز بوو، به‌شێك له‌ شیعره‌كانی ئه‌وانم له‌به‌ر بوو ئه‌وجا كه‌ ده‌یان بینی ئه‌و شیعرانه‌م له‌به‌ره‌ زۆر پێیان خۆش بوو و خۆیان له‌ منه‌وه‌ نزیك ده‌بینی".

وتیشی: "به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ی نزیكایه‌تی و خۆشه‌ویستی من بۆ ئه‌وان، په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ مامۆستا هێدی و مامۆستا هه‌ژار به‌شێكن له‌ یادگارییه‌ شیرینه‌كانی ژیانی من".

له‌ درێژه‌ی‌ وتاره‌كه‌یدا نێچیرڤان بارزانی‌ گێڕایه‌وه‌ كه‌ "جارێكیان بابه‌تێك هه‌بوو، مامۆستا هێدی‌ هه‌ندێك جار تووڕه‌ ده‌بوو، منیش شتێكم كردبوو به‌دڵی‌ نه‌بوو، تووڕه‌ بووبوو، وتی‌ پێی‌ بڵێن بابێت ئیشم پێیه‌تی‌، كه‌ چووم به‌ هه‌موو هێزێك گوێی‌ گرتم و رایكێشا، وتی‌ ئه‌گه‌ر منداڵ‌ بووی‌ كه‌ ده‌رسم پیشان ده‌دای‌ ئاوا گوێم بگرتبای‌ رامكێشابا و دوو زلـلـه‌شم لێدابای‌ ئێستا ئاوات ده‌كرد".

وتیشی‌: "هه‌م گوێڕاكێشانه‌كه‌شی‌ كرد هه‌م زلـلـه‌كه‌شی‌ لێدام، به‌ڵام ئێمه‌ لێمان قبوڵ‌ ده‌كرد و وه‌كو ماممان وابوو".


PM:07:14:11/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 2308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو