بهشێكی تایبهت به ئۆتۆمبیل له پهیمانگای تەکنەلۆجی هەولێر دهكرێتهوه
خوێستگه نیوزـ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: زانکۆکان دەبێت کارامەیی پێشکەش بەخوێندکاران بکەن و خوێندکاران بۆ بازار و گۆڕانکارییەکانی داهاتو ئامادە بکەن.
ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی پێشکەشکردنی وتەیەکی هات، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی كانونی دووهمی 2017 لە مەراسیمی کردنەوەی بەشی (تەکنیکی ئۆتۆمبێل) لە پەیمانگەی تەکنەلۆجی هەولێر پێشکەشی کرد.
لەو مەراسیمەدا، کە ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و پارێزگاری هەولێر و نوێنەری باڵێوزخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی ئایرێکس و ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکاران ئامادهی بوون چەند وتەیەک پێشکەش کرا.
د.کاوە شێروانی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لە وتەیهکدا بەگرنگیەوە باسی لە بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لە زانکۆکەیان کرد و وتی: یەکەمجارە ئەم بەشە لەسەر ئاستی کوردستان دەکرێتەوە كه له كردنهوهیهد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و کونسڵگەریی ئەمریکا و ڕێکخراوی ئایرێکس و ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل هاریکار بوون.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئێمە لە وەزارەت خۆمان بۆ گۆڕانکارییەکان ئامادە دەکەین، هەروەک دەبێ زانکۆکان خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان بگونجێنن و کارامەیی پێشکەش بەخوێندکاران بکەن و خوێندکاران بۆ بازار و گۆڕانکارییەکانی داهاتو ئامادە بکەن.
سەبارەت بەگرنگی کردنەوەی بەشی (تەکنیکی ئۆتۆمبێل) وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: تەکنەلۆژیای ئۆتۆمبێل بەشێوەیەکی خێرا لە گەشەی بەردەوامدایە، ئەوانەی ئەمڕۆ لە بازاری کاری کوردستان کاردەکەن ناتوانن لەگەڵ ئەو گەشەکردنە بەردەوامەدا بن، بۆیە کردنەوەی بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل و خوێندنی لایەنی تەکنیکی ئۆتۆمبێل دەسکەوتێکی گرنگە بۆ ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان.
ئاشكراشیكرد كه لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیۆن ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەیە، ئەم بەشەش دەبێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ دروستکردنی توێژێکی کارا، کە ڕۆڵیان دەبێت لە پاراستنی باری ئابوری هەرێمی کوردستان و، ڕێگردەبێت لە بەهەدەردان و چونە دەرەوەی سامانی میللەتەکەمان بۆ دەرەوەی وڵات.
وتیشی: کردنەوەی ئەم بەشە هاریکار دەبێت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجانی وڵات ئێستا کەرتی تایبەت ڕۆڵی کارا لە بەڕێوەبردنی وڵاتانی دنیا دەبینن، هیچ سیستمێکی حکومڕانی ناتوانێ سەرجەم خزمەتگوزارییەک پێشکەش بەهاوڵاتیەکانی بکات، لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بایەخ بەوە دەدات کە زیاتر کۆمەڵگە پشت بەخۆی و کەرتی تایبەت ببەستێت.
لە بەشی کۆتایی وتارەکەشیدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوای لە کۆمپانیاکانی بواری ئۆتۆمبێل کرد پەیوەندی بەهێز لەگەڵ بەشی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لە پەیمانگەی تەکنەلۆجی هەولێر دروست بکەن، چونکە دواتر دەتوانن سود لە دەرچوەکانیان وەربگرن بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بەشێوەیەکی پراکتیکی و ئەکادیمی.
PM:02:11:11/01/2017
ئهم بابهته 2676
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت