پرۆژە یاسای‌ هەمواری‌ دەستوری‌ تورکیا لە پەرلەمان پەسەندکرا


وێستگه‌ نیوز ـ
بەزۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسای هەمواری‌ دەستووری تورکیا پەسەندکرا و ئەمڕۆ گفتوگۆی‌ لەبارەوە دەکرێت.


رۆژی‌ 10ی‌ کانونی‌ دووەمی‌ 2017 پرۆژە یاسای‌ هەمواری‌ دەستوری‌ تورکیا کە لەلایەن ئاک پارتییەوە پێشکەشی پەرلەمان کراوە، لەدەنگدانێکی نھێنیدا لە 480 پەرلەمانتاری‌ ئامادەبوو بەدەنگی‌ 338 پەرلەمانتار پەسەندکرا و چووە قۆناغی‌ کارلەسەرکردنەوە.

هەر دوێنێش یەکەم مادەی پڕۆژەیاساکە خوێنرایەوە و دوای وەرگرتنی پشوویەک، ئەحمەد ئایدن، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنەکەی بۆ ئەمڕۆ دواخست.

پێش پەسەندکردنی‌ پرۆژە یاسای‌ هەمواری‌ دەستور، بینالی یڵدرم، سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، سەبارەت بە پرۆژە یاسای هەمواری‌ لەدەستووردا رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ بابەتێکی زۆر زۆر گرنگی پەیوەست بە داھاتووی تورکیا کۆبوونەتەوە و وتی ''تاوتوێی هەمواری‌ دەستوور دەکەین، باسی داھاتووی تورکیا دەکەین، لەمڕۆوە تاوتوێی ھەموو لایەنەکانی گۆڕانکارییەکە دەکەین، پەرلەمان بەباشترین شێوە دانوستان لەسەر ئەم بابەتە دەکات.

ھاووڵاتییان بەشێوەیەکی باشتر لەوە تێدەگەن کە ئەو گۆڕانکارییانەی لەم کۆبوونەوانەدا دەکرێت چ مانایەکیان ھەیە. باوەڕ بەوە دەکەن کە چ شتێک لەژیانیاندا دەگۆڕێت".

هەروەها وتیشی‌: "بەدڵنیاییەوە ئەم کۆبوونەوانە لێرە کۆتایی نایەت، دوای ئەوەی کە کارەکانی پەرلەمان بە بەشداری ھەموو پارتەکانمان تەواوبوو، ئەوکات بابەتەکە دەبرێتە بەردەم خاوەنی ڕەسەنی گۆڕانکارییەکان، خاوەنی رەسەنی کارەکە کە بڕیاری بەدەستە، گەلە، ئێمە باوەڕمان وایە کە گەل گۆڕانکارییەکان پەسەند دەکات و ڕێگە لەبەردەم تورکیادا دەکاتەوە بۆ ئەوەی بگاتە ئاستی شارستانێتییە ھاوچەرخەکان''.

هەموارکردنەوەی‌ دەستوری‌ تورکیا خەزنی‌ لە مێژینەی‌ ئاک پارتیەوە و لە رێگەی‌ دەستورەوە دەیەوێت سیستمی‌ سیاسی‌ لە پەرلەمانیەوە بگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی‌ و لەم ڕووانگەیەشەوە بەردەوام ڕووبەڕووی‌ ڕەخنەی‌ هەدەپە و چەند لایەنێکی‌ تر بووەتەوە و ئەوان ئەردۆغان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیەوێت هەموو دەسەڵاتەکان لە پۆستەکەی‌ خۆیدا قۆرغ بکات و بەوکارەش دەسەڵات بەرەو دیکتاتۆرییەت ببات.


AM:10:59:11/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت