ئۆباما وتاری ماڵئاوایی پێشكه‌ش كرد


وێستگه‌ نیوز ـ
باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا لە وتاری ماڵئاوایید جەختی لەسەر دیموکراسی کردەوە و داوای لە خەڵکی ئەمریکا کرد کە پارێزگاری لێبکەن.

کاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ی کانونی دووەمی2017، ئۆباما لە شیکاگۆ وتاری ماڵئاوایی پێشکەش کرد و رایگەیاند "بەهەموو پێوەرەکان، ئەمریکا ئەمڕۆ بەهێزتر و باشترە لەوەی کە هەشت ساڵ لەمەوپێش هەبوو".

ئۆباما داواشی لە گەلی ئەمریکا کرد کە پارێزگاری لە دیموکراسی بکەن و وتی: "هەرکاتێک قەدری دیموکراسی نەزانین، ئەوا دەکەوینە مەترسییەوە".

هاوکات ئۆباما لە وتارەکەدا وتی: "نایەکسانی ئابوری و جیاوازی رەگەزی مەترسین بۆ سەر پرۆسەی دیموکراسی لە ئەمریکا".

هەر لە وتارەکەدا سەرۆکی ئەمریکا وتی: "پێویستە هەموومان بەبێ جیاوازی گرنگی بە تێڕوانین و بیروبۆچونی بەرامبەرەکانمان بدەین و گوێیان بۆ بگرین".

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گەنجانەی کە باوەڕیان بە ئەمەریکایەکی دادپەروەر و گشتگیر هەیە، ئێستا گەشبینترن لەو کاتەکای کە پۆستی سەرۆکی وڵاتەکەی وەرگرت.

بەشێک لە ئامادەبووانی لەکاتی وتارەکەدا، دروشمی "چوار ساڵی تریان" دەوتەوە، بەڵام ئۆباما بە پێکەنینەوە وتی "ناتوانم چوار ساڵی تریش سەرۆک بم"، هاوکات کاتێک ئامادەبووان "هوهایان" لە دۆناڵد ترەمپ کرد، ئۆباما رێگەی نەدان و رایگەیاند "گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لەنێوان سەرۆکەکاندا، هێمای دیموکراسی ئەمریکایە".

باراک ئۆباما لە کۆتایی وتارەکەدا وتی: "کۆتا داواکاریم لە ئێوە ئەوەیە کە باوەڕ و متمانەتان هەبێت، نەک بە من کە دەتوانم گۆڕانکاری دروستبکەم، بەڵکو بە تواناکانی خۆتان".

باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا وتارەکەی لە شیکاگۆ پێشکەشکرد، هەمان ئەو شوێنەی کە 2008 و 2012 وتاری سەرکەوتنی تێدا پێشکەش کرد، ناوبراو تەمەنی 55 ساڵە و لە ساڵی 2008وە پۆستی سەرۆکی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە، هاوکات بڕیارە ڕۆژی 20ی ئەم مانگە پۆستەکەی رادەستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بکات.


AM:10:40:11/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو