هەواڵگری ئەمریكا راپۆرتێكی نوێی لەسەر پێشبینی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوكردەوە


وێستگە نیوز- 

هەواڵگری نەتەوەیی ئەمریكا لە دوایین راپۆرتیدا سەبارەت بە سیاسەتە نێودەوڵەتییەكان و ئایندەی جیهان لە ساڵانی داهاتوو لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هۆشداریدا لە پارچەپارچەبوونی زیاتر بەهۆی ململانێ‌ نێودەوڵەتییەكان و پاشەكشەكردنی ئابوری و خراپبوونی ژێرخانی دەوڵەت و دامەز اوەكانی، ئاماژە بە جێگرتنەوەی رێكخراوە توندڕەوەكان دەكات بۆ دەوڵەت لەكاتێكدا زۆرێك لە وڵاتان روو لە بەستانی هاوپەیمانی لەگەڵ مۆسكۆ دەكەن. 

بەپێی بڕگەكانی راپۆرتەكە كە (CNN) ئاماژەی پێكردوون و پەیوەندیان بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقاوە هەیە، ئەوا تەواوی ناوچەكە بەرەو "ئاراستەیەكی هەڵە" ریدەكەن، لەگەڵ زۆربوونی توندوتیژی و نەبوونی چاكسازییە سیاسی و ئابورییەكان. 

راپۆرتەكە ئاماژەی بە یاریكردنی نرخی نەوت كرد لە بازاڕەكانی جیهان، "ئەوەش دەبێتە مایەی ئەوەی حكومەتەكان خەرجییەكانیان سنوردار بكەن". 

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "پێگە كۆمەڵایەتییەكان كە بونەتە سەكۆیەكی سەرەكی و نوێ‌ بۆ دەرخستنی نائومێدییەكان، گروپە ئانییەكانی وەك ئیخوان موسلمین و هاوشێوەكانی لەگەڵ رێكخراوە ئاینییە شیعییەكان و بزوتنەوە نەتەوەییەكانی وەك هێزە كوردییەكان، وەك ئەلتەرناتیڤێكی سەرەكی بۆ حكومەتە شكستخواردووەكان لە ناوچەكەدا دەركەون، ئاماژە بە دابینكردنی خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان كرد بەشێوەیەكی باشتر بۆ خەڵك لەلایەن ئەو رێكخراوانە و سیاسەتە موحافیزكارەكانیشیان وەك راپۆرتەكە باسی كردووە، لەگەڵ خواستەكانی جەماوەردا یەكانگیردەبن.     

راپۆرتەكە هۆشیداریی دەدات لە بەردەوامبوونی هەڕەشەكان كە وڵاتەكان بەرەو لێكترازانی زیاتر دەبەن، ئاماژەی بە كاریگەریی توندڕەوەكانیش دەكات لەگەڵ پاشەكشەكردنی لێبوردەیی لەبەرانبەر كەمینە ئاینییەكان، ئەوەش دەرگاكان هێندەی تر بۆ دروستبوونی تەوژمی كۆچی نوێ‌ ئاواڵا دەكات. 

راپۆرتەكە پێیوایە، پایتەختەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، متمانەیان بە كاریگەریی ئەمریكا نەماوە و واشنتۆن وەك هاوبەشێكی بەهێز نابینن، ئەوەش دەرگا لەبەردەم هاتنەناوەوەی روسیا و چین بۆنێو گۆڕەپانی رووداوەكان خۆش دەكات- لەبەرانبەر پاشەكشەكردنی متمانە بە واشنتۆن- وەك لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە- ئەوەش وادەكات ئەمریكا دەستبەرداری هیڵە سورەكانی ببێت لە سوریا. 

راپۆرتەكە پێشبینی كردووە، هێزی ئیسرائیل و ئێران و توركیا لەسەر حیسابی وڵاتانی تری ناوچەكە زیادبكەن، لەكاتێكدا لێكدووركەوتنەوەی نێوان ئەو سێ‌ وڵاتە لەشوێنی خۆی دەمێنێتەوە. 

هەروەها پێیوایە، پاشەكشەكردنی ئابوری دەبێتە مایەی زیادبوونی تەنگژەكان بەهۆی فشاری دامەزراوەكان و مەترسی لەبەرانبەر رووبەڕبوونەوە ئەمنییەكان لە ئێران و سعودیە و توركیا و ئیسرائیل و میسر خستووەتەڕوو كە بوارری زیاتر بۆ دەستوەردانی زیاتری چین و روسیا و ئەمریكا خۆش دەكەن. 

لە راپۆرتەكەدا، دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و كەمبوونەوەی هەلی كار، كاریگەریی نەرێنیان بۆ لاوازبوونی دەوڵەتە ناوەندییەكان دەبێت لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەو چوارچێوەیەدا تاكەكان و هۆزەكان رۆڵی گەورەترییان دەبێت و لە شێوەی دەستەی كارگێڕی كانتۆنی جیاجیادا وەك لە سوریا و لیبیا رویدا، دەردەكەون. 

لە كۆتاییدا، راپۆرتەكە بەدووری دەزانێت كێشەكانی ناوچەكە لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا چارەسەر ببن، ئەوەش رێگە بۆ سەرهەڵدانی كێشەی زیاتر خۆش دەكات، پێشبینی گەڕانەوەی سیاسەتی ململانێكانیش دەكات لەنێوان هێزە نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەكە بەهۆی هاتنەناوەوەی روسیایەكی بەهێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە پاڵپشتێكی بەهێزە بۆ بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، ئەوەش وادەكات زۆرێك لەو وڵاتانەی پێشتر هاوپەیمانی یەكێتی سۆڤیەت بوون، لە مۆسكۆ نزیك ببنەوە، لەوانەش عیراق و میسر. 




PM:06:14:10/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 5190 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو