بارزانی: ئه‌وانه‌ی شانه‌ی نووستووی داعش بوون، نابه‌خشرێن
وێستگه نیوز –
مه‌سعود بارزانی به سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سووری راگه‌یاند كه له سه‌ره‌تای په‌لاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كوردستان، كه‌سانێك كه شانه‌ی نووستووی داعش بوون له‌و ناوچانه بوونه هاوكاری داعش و له پشته‌وه خه‌نجه‌ریان له پێشمه‌رگه دا و به‌و هۆیه‌وه زیانی زۆرمان به‌ركه‌وت، بۆیه ئه‌وانه نابه‌خشرێن و چاره‌نووسیان هه‌مان چاره‌نووسی داعش ده‌بێت.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه كه رۆژی سێشه‌ممه 10ـی 1ـی 2017 مه‌سعود بارزانی كه رای جیاواز له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه له سه‌ڵاحه‌دین پێشوازی له پیته‌ر ماورێر سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا هاتووه كه "له دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور سوپاسی سه‌رۆك بارزانی كرد بۆ ره‌خساندنی ئه‌و دیداره و وێڕای ئاماژه‌دان به رووداوه خێراكانی ناوچه‌كه و ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و ئاواره‌بوونی ژماره‌یه‌كی زیاتری خه‌ڵكی ناوچه‌كه، ئه‌وه‌ی به سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاند كه رێكخراوی خاچی سوور له‌و ته‌حه‌دییاتانه تێده‌گات كه به‌هۆی ئه‌و ره‌وشه‌وه رووبه‌ڕووی هه‌رێم بوونه‌ته‌وه و ده‌یانه‌وێ چالاكییه‌كانی خۆیان زیاتر بكه‌ن به جۆرێك كه له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه تازه‌كان بگونجێت".
ئاماژه به‌وه‌شدراوه كه سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور سوپاسی گه‌ل و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد كه هه‌رچه‌نده له‌ماوه‌ی رابردوودا میوانداریی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌یان كردووه و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانیان له هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان پاراستووه، له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی موسڵیشدا ژماره‌یه‌كی زیاتری ئاواره روویان له هه‌رێم كردووه و له كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێ كراون.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور سوپاسی خۆی و رێكخراوه‌كه‌ی به بارزانی راگه‌یاند كه وێڕای ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه له شه‌ڕدایه و دوژمنیش پێڕه‌وی له هیچ یاسا و به‌هایه‌ك ناكات، به‌ڵام رێنمایی به‌رده‌وامی داوه‌ته هێزی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان كه پابه‌ندی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ بن و رایگه‌یاند: "ئێمه تێده‌گه‌ین كه چه‌نده سه‌خته له شه‌ڕێكی له‌وشێوه‌یه‌دا و له‌گه‌ڵ دو‌ژمنێك كه رێز له هیچ یاسا و به‌هایه‌ك ناگرێت، كه‌چی ئێوه به‌رده‌وام ئاگاداری هێزه‌كانتان كردۆته‌وه رێز له یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بگرن و ئه‌وه لای ئێمه جێگای سه‌رنج و رێز و پێزانینه و پێمان وایه هه‌رێمی كوردستان له‌و رووه‌وه توانیویه‌تی له ناوچه‌كه‌دا ببێته نموونه‌یه‌كی باڵا" و بۆ ئه‌وه‌ش پیرۆزبایی له بارزانی كرد كه له كاتی شه‌ڕیشدا به رێنماییه‌كانی توانیویه‌تی ئه‌و پێگه‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات.
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور، ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كه‌یان به‌رز نرخاند و سوپاسی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانی كرد كه له جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و كاره‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها ئاسانكاری و هاوكاریی گرتووخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشی به‌رز نرخاند له كاتی سه‌ردانی نوێنه‌ر و چاودێره‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان بۆ گرتووخانه‌كانی هه‌رێم و هیوای خواست ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی رێكخراوه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و ناوخۆ به‌رده‌وام بێت.
پیته‌ر ماورێر ئاماژه‌ی به‌و ته‌حه‌دیاتانه‌ش كرد كه به‌ره‌وڕووی ئاواره‌كان بۆته‌وه له گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان به‌هۆی ئاسه‌واری شه‌ڕ و داوای له بارزانی كرد له‌وباره‌یه‌وه به‌رچاوڕوونییان بداتێ كه چۆن بتوانن هاوكار بن.
له‌به‌رانبه‌ردا بارزانی به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ده‌ستخۆشی له ئه‌رك و كاره‌كانی رێكخراوه‌كه كرد و پێشوازی له هه‌وڵ و چالاكییه‌كانی كرد وه‌ك چالاكترین رێكخراوی بواری هاوكاریی مرۆیی و هه‌ڵوێست و تێڕوانینی ئه‌وانی به‌رانبه‌ر به كوردستان به شایه‌تییه‌كی عادلانه و مایه‌ی شانازی له قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختیشی كرده‌وه كه "هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه ئاماده‌یه گوێ له راسپارده و رێنماییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه بگرێت و هه‌ماهه‌نگیی زیاتریش له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌بێت".
بارزانی له‌باره‌ی ره‌وشی ئاواره‌كان و چۆنییه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان رایگه‌یاند كه "سه‌رباری ره‌وشی خراپی ئابووری و نه‌بوونی هاوكاریی پێویست بۆ ئاواره‌كان، كه بووه‌ته بارگرانییه‌كی زۆر بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام جێگه‌ی شانازییه كه كوردستان بووه‌ته په‌ناگه‌ی ئاواره و نه‌ته‌وه و ئایینه جیاوازه‌كان و حكومه‌تی هه‌رێم به‌هه‌موو توانایه‌ك یارمه‌تیی ئاواره‌كان ده‌دات".
بارزانی ئه‌وه‌شی بۆ شاندی میوان روون كرده‌وه كه "ئه‌و ناوچانه‌ی ئازدكراون به‌هۆی بوونی بڕێكی زۆر ته‌قه‌مه‌نی و بۆمبی چێندراو هێشتا جێگای دڵنیایی نین، هه‌روه‌ها به‌هۆی شه‌ڕه‌وه خزمه‌تگوزارییه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیان له‌و شوێنانه نه‌ماون و به‌و شێوه‌یه‌ش شوێنی ژیان نین و ئاواره‌كان ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه و پاك كردنه‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه پێویستی به هه‌وڵێكی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌مه‌لایه‌نه هه‌یه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه "ئه‌وانه‌ی حوكمی داعشیان قبوڵ نه‌كرد و هانایان بۆ كوردستان هێنا، دوای نه‌مانی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان و پووچه‌ڵكردنه‌وه و لابردنی ته‌قه‌مه‌نی و بۆمبی چێندراو و گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان. به‌ڵام له سه‌ره‌تای په‌لاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر كوردستان، كه‌سانێك كه شانه‌ی نووستووی داعش بوون له‌و ناوچانه بوونه هاوكاری داعش و له پشته‌وه خه‌نجه‌ریان له پێشمه‌رگه دا و به‌و هۆیه‌وه زیانی زۆرمان به‌ركه‌وت، بۆیه ئه‌وانه نابه‌خشرێن و چاره‌نووسیان هه‌مان چاره‌نووسی داعش ده‌بێت".
له كۆتایی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور سوپاسی بارزانی كرد بۆ روونكردنه‌وه‌كانی و جه‌ختیشی كرده‌وه كه هه‌وڵه‌كانیان چڕ ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی هه‌مه‌لایه‌نه هه‌بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیان بۆ ناوچه ئازادكراوه‌كان و وه‌ك هه‌نگاوێكی پێویستیش به نیازن ناوه‌ندێكی دروستكردنی ده‌ست و قاچی ده‌ستكرد دابمه‌زرێنن تا بتوانن له‌و رووه‌وه هاوكاریی ئه‌و كه‌سانه بكه‌ن كه به‌هۆی بۆمب و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی تیرۆریستانه‌وه ده‌ست و قاچیان له‌ده‌ست داوه.
PM:05:11:10/01/2017
ئه‌م بابه‌ته 3464
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت