وه‌زاره‌تی پلاندانان: نزیكه‌ی دوو ملیۆن بێوه‌ژن له‌ عیراقدا هه‌یه‌


وێستگه‌ نیوزـ

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی پلاندانانی عیراق کە لە ساڵی 2016 ئەنجامی داوە، دەركەوتووە کە یەك ملیۆن و 900 هەزار بێوەژەن و ئافرەتی تەڵاقەدراو لە عیراقدا هەیە.

عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە ژمارەی ئافرەتانی تەڵاقدراو، گەیشتووەتە 122 هەزارو 438 ئافرەت كە 105 هەزاریان تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 49 ساڵەوە و ژمارەی ئافرەتی تەڵاقدراوی تەمەن 50 ساڵ بەسەرەوەش گەیشتووەتە 17 هەزارو 432 ئافرەت.

عەبدولزەهرە هنداوی ئاماژەی بەوەشدا كە ژمارەی بێوەژنەكان له‌ عیراق گەیشتووەتە 878 هەزار و 455 بێوەژن كە 203 هەزاریان تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 49 ساڵەو ئەوانەشی تەمەنیان لە 50 ساڵ بەسەرەوەیە گەیشتوەتە 675 هەزار و 198 بێوەژن.

وتەبێژەكەی وەزارەتی پلاندانان روونیشیكردەوە كە بەهۆی خراپی رەوشی ئەمنی، ئاماره‌كه‌ بێوەژن و ئافرەتانی تەڵاقدراوی هەردوو پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین و قەزاكانی، حەویجە-ی سەربە پارێزگای كەركوك و بێجی و شەرگات-ی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین-ی تێدا نییه‌.

هاوكات هەنا ئیداورد سەرۆكی كۆمەڵەی ئەمەل-ی بە بەرگریکردن لە مافەكانی ئافرەت لە عیراق رایگەیاند كە بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق لە عێراق بۆ ئەو یاسا پەیڕەوكراوانە دەگەڕێتەوە كە پارێزگاری لە ئافرەت و مافەكانی ناكات.

هەنا ئیدوارد به‌ ئاژانسی ئانادۆڵی راگه‌یاندووه‌: "ئەو یاسایانەی كە حكومەتی عیراق بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری و پەیوەندییەكانی هاوسەری پەیڕەوی دەكات، ئەوەندی ماف بەپیاو دەدات ئەوەندە ماف بەئافرەت نادات، تەنانەت لەكاتی جیابوونەوەش، هیچ سزایەكی بەسەر پیاودا نەسەپاندووە تا قەرەبووی مافی ئافرەت بكەنەوە".

لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق هەنا ئیدوارد وتی: "هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی تەڵاق بۆ ئەو دابونەریتە خێڵەكەیە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا لەناو كۆمەڵگەی گوندا بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری و بە شودانی كچانی هەرزەكار پشتی پێ دەبەسترێت كە ئاكام و كۆتایی ئەو هاوسەرگیرییە تەڵاقی لێدەكەوێتەوە".

سەبارەت بە بەرزبوونەوەی رێژی بێوەژن لە عیراق ناوبراو ئاماژەی بەوە دا كە زۆربەی هۆكارەکان پەیوەستن بەڕەوشی ئەمنی و شەڕەكانی دژبە داعش و ئەو تەقیینەوانەی كە لە ناوچەكانی عیراق روودەدەن كە بەهۆیانەوە هه‌زاران كەس كوژراون.


AM:08:53:10/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1881 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت