نەهلە هەبابی: لە كۆبوونەوەی توركمانەكان لەگەڵ یڵدرم ئاڵای عیراق دانەنرابوو


وێستگە نیوز- ئیدریس جەبار   

نەهلە هەبابی پەرلەمانتاری پێكهاتەی توركمان لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند كە رەتیكردووتەوە وەك نوێنەری توركمانەكان و حزبە سیاسییەكان توركمانەكان، بەشداریی لە كۆبوونەوەی توركمانەكان بكات لەگەڵ بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا، چونكە بە وتەی ئەو، كۆبوونەوەكە لە ئاستی داخوازیی و داواكارییەكانی پێكهاتەی توركماندا نەبووە. 
 
نەهلە هەبابی پەرلەمانتاری توركمانی لە پەرلەمانی عیراق بە وێستگە نیوزی راگەیاند: "سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرە توركمانەكان، گوێی بۆ داخوازیی  و داواكاریی و كێشەی توركمان نەگرتووە"، كۆبوونەوەكەشی بەدوور لە نیشتیمانپەروەریی وەسفكرد، بەوپێیەی تەنیا ئاڵای توركیای لێبووە و ئاڵای عیراق دانەنراوە.  

لەبەرانبەردا ئایدن مەعروف پەرلەمانتاری بەرەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان كە یەكێك بووە لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، بە وێستگە نیوزی راگەیاند: "توركیا سەبارەت بە عیراق و هەرێمی كوردستان، وڵاتێكی گرنگە و پێگەی ستراتیژی خۆی هەیە و پێویستە پەیوەندییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا پتەوبكرێن"، نەبوونی ئاڵای عیراقیشی لە كۆبوونەوەی توركمانەكان لەگەڵ بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا، بە هەڵەیەكی ئاسایی وەسفكرد و بەرپرسیارێتی هەڵەكەیشی خستەئەستۆی وەزارەتی دەرەوەی عیراق. 

نەهلە هەبابی كە ئەندامی پەرلەمانی عیراقە لەسەر لیستی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، وتیشی: " رێز لە گەورە نوێنەرانی توركمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان نەگیراوە لە دابەشكردنی كورسی ئامادەبوان لە كۆبوونەوەكەدا و بەرەی توركمان بە ئەنقەست ئەو كارەی كردووە"، ئەوەشی وەك بەڵگەیەكی رون باس كرد كە كۆبوونەوەكە حزبی بووە و توركمانی نەبووە. 
 
ئایدن مەعروف، لای خۆیەوە، بەرەی توركمانی بە بە گەورەترین هێزی توركمانی لە عیراق و هەرێمی كوردستان وەسفكرد و وتی: "بەرەی توركمان گەورەترین هێزی سیاسی توركمانیە لە عیراق و هەرێمی كوردستان و نوێنەری زۆرینەی هەرە زۆری پێكهاتەی توركمان دەكات، بۆیە ئاساییە گەر بێت و لە بۆنەیەكی وەهادا بەشێوەیەكی روون ئامادەیی هەبێت"، دوایین پرۆسەی دەنگدانیشی وەك بەڵگەیەك بۆ قورسایی بەرەی توركمانی خستەڕوو. 

هەبابی، بەدووری زانی حكومەتی توركیا پاڵپشتی توركمانەكان بێت لە عیراق و وتی، حكومەتی توركیا تەنیا پشتیوانی لەوانە دەكات كە لەگەڵ سیاسەتەكانیدایە، سەردانەی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەشی بۆلای پێكهاتەكە، وەك پڕوپاگەندەیەكی پێشوەخت بۆ بەرەی توركانی وەسفكرد، نەك لەپێناو  كێشەی پێكهاتەكەدا كە بە وتەی ئەو، لەئێستادا زۆرێك لە سیاسییەكان بازرگانی پێوەدەكەن.       

شەممەی رابردوو 7ی كانوونی دووەمی 2017، بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا سەردانی بەغدا و هەرێمی كوردستان كرد،لەو سەردانەشدا وێڕای كۆبوونەوەكانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق و مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ نوێنەری توركمانەكان كۆبووەوە. 


 
   


PM:08:25:09/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 2559 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت