هێزه‌ عیراقییه‌كان گه‌یشتنه‌ كه‌ناری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ رووباری‌ دیجله‌


وێستگه‌ نیوز –
 بۆ یه‌كه‌مجار له‌ دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ شاری‌ موسڵ‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ داعش، هێزه‌ عیراقییه‌كان گه‌یشتنه‌ كه‌ناری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ رووباری‌ دیجله‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یارالله‌ فه‌رمانده‌ی‌ پرۆسه‌كانی‌ "قادمون یا نینوی‌" له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای‌ كرد كه‌ هێزه‌كانی‌ دژه‌تیرۆری‌ عیراقی‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ كه‌ناری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ رووباری‌ دیجله‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ موسڵ‌.

 فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یارالله‌ وتی‌: "هێزه‌كانی‌ دژه‌تیرۆر توانییان كه‌ناری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ پردی‌ چواره‌م له‌سه‌ر رووباری‌ دیجله‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ موسڵ‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن".

له‌و كاته‌وه‌ی‌ له‌ 17ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2016دا پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ شاری‌ موسڵ‌ له‌ ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ ناسراو به‌ داعش ده‌ستی‌ پێكرد، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ هێزه‌ عیراقییه‌كان بتوانن بگه‌نه‌ كه‌ناری‌ رووباری‌ دیجله‌.

به‌هۆی‌ هێرشی‌ ئاسمانی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ دژی‌ داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ هه‌فته‌كانی‌ رابردوودا، پردی‌ ناوبراو زیانی‌ پێگه‌یشتووه‌.

دوو به‌رپرسی‌ ئه‌منی‌ له‌ شاری‌ موسڵ‌ رایانگه‌یاند كه‌ هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆر بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ندین سه‌عات له‌شه‌ڕێكی‌ تونددا بوون له‌گه‌ڵ‌ چه‌كدارانی‌ داعش تا بگه‌نه‌ كه‌ناری‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ رووباری‌ دیجله‌.

سه‌رچاوه‌: CNN


PM:06:52:08/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 3518 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت