هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی عیراق له‌ روباری دیجله‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

وتەبێژی هێزەکانی دژە تیرۆری عیراق ئاشكرایكرد كه‌ هێزه‌ تایبەته‌كانی عیراق ئه‌مڕۆ شەممە 7ی كانونی دووه‌می 2017، له‌ روباری دیجله‌ نزیكبوونه‌ته‌وه‌.

لە 29ی كانوونی یەكەمی 2016، دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی رزگاركردنی شاری موسڵ لە چنگی داعش راگەیەندرا و هێزە هاوبەشەكان لە هەموو میحوەرەكانەوە دەستییان بە پرۆسە سەربازییەكان كردەوە و ژمارەیەك گەڕەك و گوندییان رزگاركرد. 

سەباح نوعمان، وتەبێژی هێزەکانی دژە تیرۆری عیراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: هێزەکان نزیکتر بوونەتەوە لە ڕووباری دیجلە و پردێکی ستراتیژییان داخستووە، وتیشی هێزەکانی دژە تیرۆر نزیکەی 500 چه‌كداریان لە یه‌كه‌ی چوار-ی ئه‌و هێزه‌ به‌ره‌و ناوشاری موسڵ و روباری دیجله‌ ناردووە.

ئاشكراشیكرد كه‌ ئه‌و هێزانه‌ گەڕەکی غورفانیان کۆنترۆلکردووە و چوونەتە نێو گەڕەکی وەحدەشه‌وە.

به‌وته‌ی نوعمان، ئه‌و هێزه‌ تایبه‌ته‌ی عیراق لە ڕووباری دیجلە کە بە ناوەڕاستی موسڵدا تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ هێزەکانی تردا لە پێشڕەویدان و هەوڵ دەدەن فشار بۆ دەوڵەتی ئیسلامی بەرن تا شارەکە جێبهێڵن.
     
دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق  لە 17ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵی راگەیاند.

هێزەکانی عیراق بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی سوپا و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی و هۆز و عه‌شیره‌ته‌كان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەكانیان بۆ رزگاردنی شاری موسڵ لە چنگی رێكخراوی داعش كە بە دوایین مۆڵگەی ئەو رێكخراوە لە عیراقدا دادەنرێت. 


PM:11:42:07/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 4321 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت