"توركیا به‌ڵێنی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ له‌ عیراق دا"


وێستگه‌ نیوز –
نووسینگه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق رایگه‌یاند كه‌ توركیا به‌ڵێنی‌ داوه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ‌ ئازادكردنی‌ شاری‌ موسڵ‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌ خاكی‌ عیراق بكێشێته‌وه‌.

سه‌عد ئه‌لحه‌یسی‌ وته‌بێژی‌ نووسینگه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق له‌ لێدوانێكی‌ ته‌له‌فزیۆنیدا وتی‌: "سه‌ردانی‌ بینالی‌ یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا بۆ عیراق له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیراندا، رێزگرتن له‌ سه‌روه‌ری‌ عیراق و هه‌ماهه‌نگی‌ هه‌ردوو وڵات له‌ بواری‌ هه‌واڵگیری‌ و كۆنترۆڵكردنی‌ سنووره‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت و عه‌بادی‌ جه‌خت له‌ رێزگرتنی‌ توركیا له‌ سه‌روه‌ری‌ عیراق ده‌كاته‌وه‌.

وتیشی‌: "عیراق خوازیاره‌ كۆتایی به‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات بێت ئه‌مه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ توركیاوه‌ به‌وپێیه‌ی‌ لایه‌نی‌ ده‌ستپێشخه‌ره‌".

لێدوانه‌كه‌ی‌ سه‌عد ئه‌لحه‌یسی‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ‌ گه‌یشتنی‌ بینالی‌ یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا بۆ عیراق  كه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی‌ به‌رپرسی‌ باڵای‌ ئه‌و وڵاته‌یه‌ بۆ عیراق له‌و كاته‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ بوونی‌ هێزی‌ سه‌ربازی‌ توركیا له‌ باكووری‌ عیراق په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات ئاڵۆز بوو.

فاروق كایماكچی‌ باڵیۆزی‌ توركیا له‌ عیراق له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تویته‌ر وتی‌: "هیوادارین ئه‌م سه‌ردانه‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان توركیا و عیراق بێنێته‌ كایه‌وه‌".

بوونی‌ نزیكه‌ی‌ 500 سه‌ربازی‌ توركیا له‌ ناوچه‌ی‌ باشیكی‌ باكووری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ موسڵ‌ له‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ بووه‌هۆی‌ دروستبوونی‌ ئاڵۆزی‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا و عیراق ده‌ڵێت بوونی‌ ئه‌و سه‌ربازانه‌ پێشێلكردنی‌ ئاشكرای‌ سه‌روه‌ری‌ عیراقه‌ و داواكاره‌ بكشێنه‌وه‌، به‌ڵام توركیا رایگه‌یاند سه‌ربازه‌كانیان له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ بانگهێشكراون و له‌ رابروودا چه‌ندین جار داوای‌ كشانه‌وی‌ ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: سكای‌ نیوز


PM:02:47:07/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 797 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو