ژمارەی كوژراوانی داعش رادەگەیەنرێت


وێستگە نیوز-
 
فەرماندەیەكی هێزەكانی دژ تیرۆری عیراق ژمارەی كوژراوانی رێكخراوی داعش لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی شاری موسڵەوە لە دوو میحوەردا رادەگەیەنێت.
      
دوای ئەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق  لە 17ی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵی راگەیاند، هێزە هاوبەشەكان بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لەسەر هەڵمەتەكانیان بۆ رزگاردنی شاری موسڵ لە چنگی رێكخراوی داعش كە بە دوایین مۆڵگەی ئەو رێكخراوە لە عیراقدا دادەنرێت. 

لیوا فازڵ بەرواری فەرماندە لە هێزەكانی دژ تیرۆری عیراق بە سایتی "المونیتۆر"ی ئەمریكایی راگەیاندووە،" لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شاری موسڵەوە تەنیا لە هەردوو میحوەری باكوور و خۆرهەڵاتەوە، 2300  چەكداری رێكخراوی داعش كوژراون"، ئاماژەی بە مانەوەی  تەرمی زۆرێك لە چەكدارانی داعش كرد كردووە كە تائێستاش بە وتەی ئەو، لەژێر داروپەردووەكاندان لە گەڕەكە رزگاركراوەكان.   

بە وتەی فازڵ بەرواری، دانیشتوانی ناوچە رزگاركراوەكانی موسڵ دوودڵن لە ناشتنی تەرمی چەكدارانی داعش، چونكە ترسی ئەوەیان هەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تێبینییان لەسەر تۆماربكرێت، رەتیشكردەوە هێزەكانیان لەئێستادا رێگری لە ناشتنی ئەو چەكدارانە بكەن و نایانەوێت تەرمەكان بەو شێوە لەژێر داروپەردووەكاندا بمێننەوە.

لەدوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شارەكە كە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014وە لەلایەن رێكخراوی داعشەوە كۆنترۆڵكرابوو، تائێستا هێزە هاوبەشەكان بە پاڵپشتی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان، كورزی كاریگەرییان لە رێكخراوەكە وەشاندووە و ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی ئەو رێكخراوە كوژراون. 

لە 29ی كانوونی یەكەمی 2016، دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی رزگاركردنی شاری موسڵ لە چنگی داعش راگەیەندرا و هێزە هاوبەشەكان لە هەموو میحوەرەكانەوە دەستییان بە پرۆسە سەربازییەكان كردەوە و ژمارەیەك گەڕەك و گوندییان رزگاركرد. 
 




PM:12:10:07/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 3889 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت