عه‌بادی: هه‌وڵی گه‌وره‌مان داوه‌ سوپا له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پیشه‌یی بنیادبنێینه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ سوپای نوێی عیراق ئه‌زمونێكی به‌رزی شه‌ڕكردنی له‌ جه‌نگی دژی تیرۆر وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ دۆخێكی ئاڵۆزدا ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌كات، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی گه‌وره‌ی داوه‌ بۆ بنیادنانه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازیی عیراق له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پرۆفێشناڵ.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ به‌بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی 96 ساڵه‌ی سوپای عیراق، حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاند كه‌ ئێستا سوپا له‌ هه‌موو پارێزگایه‌كدا پێشوازیی لێ ده‌كرێ و سوپای هه‌موو عیراقییه‌كانیشه‌، چونكه‌ ئێستا خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش په‌نا بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌به‌ن كه‌ له‌ده‌ستی سوپادایه‌ و متمانه‌یه‌كی زۆر به‌ هێزه‌كانی سوپا ده‌كرێت.

حه‌یده‌ر عه‌بادی پیرۆزبایی له‌ هه‌موو سه‌رباز و ئه‌فسه‌رێك له‌ هه‌ر پله‌یه‌كدا بێت كردووه‌ و سڵاویشی بۆ "شه‌هید" و بریندار و كه‌سوكاری سوپای عیراق ناردووه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 6ی كانونی دووه‌می 2017، له‌ رێوڕه‌سمێكدا كه‌ فوئاد مەعسوم، سەرۆك كۆماری عیراق و حه‌یده‌ر عەبادی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئامادەی بوون یادی دامه‌زراندنی 96 ساڵه‌ی سوپای عیراق كرایه‌وه‌. 

سوپای عیراق لە ساڵی 1921 دامەزراوە و  دامەزراندنی یەكەم یەكەی ئەو سوپایەش لەسەردەمی ئینتیدابی بەریتانیادا بوو بۆ عیراق، فەوجی موسا ئەلكازم پێكهێنرا و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیش لەو دەمەدا بەغدای كردە بارەگای گشتی خۆی.

دواتر لە ساڵی 1931 هێزی ئاسمانی عیراق دامەزرا و لە ساڵی 1937 هێزی دەریایی و لە سەرەتای ساڵی نەوەدی سەدەی رابردووش، ژمارەی سەربازەكانی سوپای عیراق گەیشتە ترۆپك و بووە 1000,000 سەرباز.
 
لە دوای دەسەڵاتی مەدەنی هاوپەیمانانیش بۆ عیراق لە ساڵی 2003  لە لایەن پۆڵ برێمەرەوە فەرمان بە هەڵوەشاندنەوەی سوپای عیراق كرا، دوای ئەوەش سوپایەكی تر پێكهێنرا و پڕچەك كرایەوە. 


PM:06:42:06/01/2017


ئه‌م بابه‌ته 1108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو