‌ عیراق وەڵامی راپۆرتەكەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەداتەوە

وێستگە نیوز- 

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ، رەتیكردەوە پێشێلكاریی مرۆیی لە دژی مەدەنییەكان لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە كرابێت. 

ئەمڕۆ پێنج شەممە، ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هێزەكانی سوپای عیراقی بەوە تۆمەتباركرد، كە ژمارەیەك هاوڵاتی گوندەكانی باشوری شاری موسڵیان ئەشكەنجەداوە و كوشتووە، دەشڵێت ئەو هاوڵاتیانە بەوە تۆمەتبار كراون كە هاوكاریی چەكدارانی داعشیان كردووە. 

فەریق روكن عەبدولئەمیر یارەڵڵا جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە بەیاننامیەكدا ئەنجامدانی ئەو پێشێلكاریانەی لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە رەتكردەوە و رایگەیاند :"هەموو هێزە عیراقییەكان رێنماییان لەو بارەیەوە وەرگرتووە كە دەبێت خۆیان لەو جۆرە هەڵسوكەوتانە بەدووربگرن كە پێچەوانەی یاسا و مامەڵەی مرۆیین، بۆیە بە هەموو شێوەیەك ئەو پڕوپاگەندە بەلاڕێدابەرانە رەتدەكەینەوە". 

جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، داوای كرد هەركەس زانیاریی لەبارەی مامەڵەكردنی خراپی هێزە عیراقییەیكان و پێشێلكاریی مرۆییەوە لەبەردەستدایە، پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بكات تا لێكۆڵینەوەیان لەبارەوە بكرێت و راستییەكان ئاشكرا بكرێن. 

 داواشی لە رێكخراوە نێودەوڵەتی و ئیقلیمی و دامەزراوە رۆژنامەوانییەكان كرد، بەئاگابن لە گواستنەوەی زانیارییەكان و پشت بە سەرچاوە دروستەكان ببەستن و خۆیان لەو سەرچاوە بەسیاسی كراوانە بەدووربگرن كە راستییەكان دەشێوێنن، بەپێویستیشی زانی خزمەت بە هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیریی و رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر چنگی داعش بكرێت.  

یارەڵڵا لە بەیاننامەكەدا رایگەیاندووە: "هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی توانیویەتی زیاتر لە 76 گوند رزگار بكات و زیاتر لە هەزار و 600 كیلۆمەتر چوار گۆشە لە چەكدارانی داعش پاكبكاتەوە لە میحوەری باشوور و سەدان خێزانیشی رزگاركردووە كە لەلایەن گروپە تیرۆرستییەكانی داعشەوە گەمارۆدرابوون، لەگەڵ ئەوەشدا یارمەتی مرۆیی و خۆراكی كە دەیان تۆن بووە پێكەش بە دانیشتوانی ئەو ناوچانە كردووە كە لە چنگی داعش رزگاركراون، لە هەموو ئەوانەدا هیچ حاڵەتێكی پێشێلكاریی و نەرێنی و دەستدرێژی بۆسەر ماف و كەرامەتی هاوڵاتییان نەكراوە و هێزە چەكدارەكان لە هەموو میحوەرەكاندا بەشێوەیەكی خەمخۆرانە ئەركی مرۆیی خۆیان بەجێگەیاندووە و ئەو رێنماییانەیان جێبەجێكردووە كە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی دیاریی كردوون". 

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لە  ٢١ ی مانگی ڕابردوودا نزیكەی ٦ هاوڵاتی سڤیل بەبێ ئەوەی دادگایی بكرێن، لەلایەن ژمارەیەك كەسەوە كە جلوبەرگی پۆلیسی فیدراڵی عێراقیان لەبەردابووە، لەهەردوو ناوچەی شۆرە و گەیارە كوژراون و سوكایەتی بە تەرمەكانیان كراون.

بەوتەی ڕێكخراوەكە، چەند تیمێكیان سەردانی شوێنێ شەڕەكانیان كردووە و بە وتەی خۆیان لە هەمان ڕۆژدا ١٠ پیاو و كوڕێكی تەمەن ١٦ ساڵ خۆیان ڕادەستی ژمارەیەك چەكدار كردووە، كە جلوبەرگی پۆلیسی فیدراڵییان لەبەردابووە و دواتر لەلایەن ئەو چەكدارانەوە ئەشكەنجە دراون و بە كێبڵ لێیان دراوە و ڕیشیان سوتێنراوە.

٢ی ئەم مانگەش ڕێكخراوەكە لە ڕاپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستدایە هۆزی سەبعاوی كە هۆزێكی سوننەیە، لە گوندەكانی باشوری ڕۆژهەڵاتی موسڵ بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە و، وەك تۆڵەیەك بەرامبەر هێرشەكانی چەكدارانی داعش هاوڵاتیانیان ئەشكەنجە داوە.

لەو چوارچێوەیەدا فیلیپ لۆسەر، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئەگەرچی عێراق لە ئێستادا ڕوبەڕووی هەڕەشەیەكی ئەمنی ڕاستەقینە و مەترسیدار بووەتەوە لەلایەن داعشەوە، بەڵام هیچ پاساوێك نیە كە لەدەرەوەی دادگا كاری لە سێدارەدان و ڕفاندن و ئەشكەنجەدان و دەستگیركردن ئەنجام بدرێت.

داواشی لە دەسەڵاتدارانی عێراق كردووە لێكۆڵینەوەی بە پەلە لەو پێشێلكارییانە و گرەنتی دووبارەنەبوونەوەی بكەن.



           


PM:11:45:10/11/2016


ئه‌م بابه‌ته 1091 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌




هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو