‌سكرتێری پەرلەمان: بەبڕیارێكی حزبی تاكلایەنەی پێنج خولەكی دۆخەكە چارەسەر دەبێت
‌فەرخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان

وێستگە-
دیمانەی خەبات نەوزاد

لەپێش مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە دۆخی هەرێمی كوردستان ئاڵۆزبووە، پەكخستنی پەرلەمان و ڕێگەنەدان بەگەرانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر و كۆنەبوونەوەی گۆڕان و پارتی هێندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە، لەم دیمانەیەدا فەرخرەدین قادر، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بەوردی قسەر لەسەر كۆی ئەو پرسانەدەكات.

وێستگە: لە پێش مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە دۆخی هەرێمی كوردستان تێكچونێكی بەخۆوە بینی، بەدیاریكراوی دوای 12ی تشرینی یەكەمی ئەو ساڵە و پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان، دۆخەكە زیاتر تێكچوو، وەك سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دۆخی ئێستا چۆن دەبینن؟

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان، لە ڕاستیدا پێش ئەوەی قسە لەسەر ئێستای هەرێمی كوردستان بكەین دەبێت بپرسین چۆن گەیشتە ئێستا لەڕووە یاساییەكەیەوە؟ ئەوەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەگوزەڕێت دەر ئەنجامی عەقلیەتێكی سیاسیە كە حزب سالارە بەسەر یاسادا واتە یاساسالاری لە هەرێمی كوردستاندا هێندە بێ‌ بەهایە كە باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمی كوردستان حزبێك بە بڕیارێكی حزبی تاكلایەنە ڕێگای لێدەگرێت، ئەمەش حاڵەتێكی زۆر ترسناكە چونكە ئیرادەی سیاسی وە ئیرادەی یاسادانان لە هەر وڵاتێكدا خوی ئەبینێتەوە لەپەرلەمانەكەیدا.
بۆیە ئەو حاڵەتەی لە ئێستای هەرێمی كوردستاندا هەیە حاڵەتێكی ترسناكە دەسەڵاتی یاسادانان كاری یاسایی ناكات، دامەزراوە تەشریعیەكان لە هەرێمی كوردتان ئیفلیجكراون، حكومەت حكومەتێكی شكستخواردووە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان شەرعیەتی یاسایی لەدەستداوە، دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە ژێر چاودێری دەسەڵاتی پەرلەمان نیە، ئەمانە هەمووی وایكردووە لە هەرێمی كوردستان جۆرێك لە فەوزا و پاشاگەردانی ڕوبدات، كە لە ڕاستیدا ئەمە زۆر ترسناكە.

وێستگە: سەرباری ئەو تێبینیانەی لەسەر ئەدای پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم هەبوون بەڵام هەرێمی كوردستان خاوەنی مەرجەعیەتێك بوو، ئێستا كێ‌ مەرجەعی هەرێمی كوردستانە؟

لەڕاستیدا مەرجەعی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا بریتیە لە پەرلەمانی كوردستان، ئەو مەرجەعە ئێستا پەكخراوە بۆیە مەرجەع ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا نیە، وە پارتە سیاسیەكانیش لە خولانەوەیەكدان خۆشیان نازانن چی دەكەن.

وێستگە: بەو پێیەی سكرتێری پەرلەمانیت، ئەمەوێت بزانم رۆڵی پەرلەمان لە خوڵقاندنی ئەم دۆخەدا چیە، بەتایبەت بەشێك لە پەرلەمانتاران و كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێك لە خوڵقاندنی ئەم دۆخە دەخەنەوە ئەستۆی پەرلەمان؟

بەداخەوە دەبێت لەوەوە دەست پێبكەین كە هۆكاری ئەو دۆخەی لەپەرلەمان خوڵقا و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان تاك بویەوە و چوار فراكسیۆنی پەرلەمان پرۆژەیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد، ناكارایی ئەو فراكسیۆنە بوو لە ئیدارەدانی كاری پەرلەمانی و نەفەسی كاری پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی كوردستاندا.
نەزانینی مامەڵەكردنی یاساییانەی فراكسیۆنی پارتی وەك ئەندامی پەرلەمان لەگەڵ فراكسینەكانی تردا وە قوڵبوونەوەی نەفەسی حزبی لای ئەوان وایكرد كە بەو حاڵە بڕوات.
پرسێك كە پەرلەمانی كوردستانی بۆ ئیفلیجكراوە بریتیە لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئێمە لەمانگی نیسانی 2015 بۆ ئەو پرسە سەردانی كاك مەسعودمانكرد سەردانی لایەنە سیاسیەكانمانكرد لەنزیكەوە ئۆكەیمان لەهەموویان وەرگرت كە ئێمە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەیاسا رێكدەخەین لەپەرلەمانی كوردستاندا.
مامەڵە نەكردنی واقعیانەی یاسایی بەنەفەسی پەرلەمانتار فراكسیۆنی پارتی و پێشكەشنەكردنی پرۆژە بۆ ئەوەی بەیاسا ئەو پرسە چارەسەربكەین (كەئێستاشی لەگەڵ بێت هەر ئەبێت بەیاسا چارەی بكەین ) دۆخی پەرلەمانی والێكرد.
جگە لەوە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان یەكەم خولە كە بەسیستمی نیمچەكراوە پەرلەمانتاران هەڵبژێردراوە واتە ئەم خولەی پەرلەمانی كوردسان جۆرێك لە لێپێچینەوە و بەرپرسیارێتیان هەیە لەگەڵ جەماوەردا، بۆیە پێویستبوو نەفەسی پەرلەمانتاری زاڵبێت بەسەر نەفەسی حزبیدا.
ئەم خولەی پەرلەمان كۆمەڵێك كاری ناوازە و جوانیكرد كۆمەڵێك یاسای دەركرد دەستی بۆكەمەڵێك پرسی گرنگ برد كە پرسی هاوڵاتی و خەڵكن بەنمونە یەكێك لەو یاسا گرنگانەی كە پەرلەمانی كوردستان لە خولی چوارەمیدا دەریكرد بریتیە لە دروستكردنی كۆمسیۆنێكی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ هەرێمی كوردستان.

وێستگە: بەڵام تائێستا كارانیە؟

نەیان هێشتكارابێت بۆ ئەوەی ئەگەر باسی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بكرێت ئەم كۆمسیۆنە بڵێت من كارانەكراوم، ئەو كۆمسیۆنە دوای ئەوەی كە سوێنی یاساییان خوارد، ماوەی چەند مانگێك لە چاوەڕوانی دیدارێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون، ئامادە نەبووە بیان بینێت بۆئەوەی پێداویستیەكانی خۆیان لەوێ‌ لە دامەزراندن لە دابینكردنی بودجەیەك بخەنە بەردەستیان. "ئەمەش بۆخۆیان ئەندامانی ئەو كۆمسیۆنە هاتن لە دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەماندا قسەیان بۆكردین ئەوەیان ڕاگەیاند".

وێستگە: ئەو نەفەسە حزبیەی كە باستكرد، ئەو ناشارەزاییەی كەباستكرد بەكاری پەرلەمان بۆ فراكسیۆنی پارتی، تەنها بۆ ئەوان وایە یان فراكسیۆنەكانی تریش بەتایبەت چوار فراكسیۆنەكەی تر حزبیانە مامەڵەیان كردووە و ئەمەش بۆ ئەوان ڕاستە؟

بڕوام وانیە حەقی ڕەها لای یەكێك بێت و كەسێكیش هەموو ناڕەوایی لای ئەو بێت ئەوە ڕێژەیە، نەزانینی مامەڵەكردنی یاسایی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمان وایكرد ئەم قەیرانانە دروستبن، ئەگەرنا چوار فراكسۆنی پەرلەمانی كوردستان بۆ پرسێكی هەستیاری سەرۆكایەتی هەرێم پرۆژەیان پێشكەشكردووە بەیاسا قسە ئەكەین لەگەڵ یەكتردا، دیداری لایەنەكانمانكردووە، پرۆژەش لەپەرلەماندا بە دەنگدانی زۆرینەو كەمینە جێگیردەكرێت دوای ئەوەی كە گفتوگۆی لەسەر ئەكەیت.
پرۆژە یاسا هەبووە چەند مانگ لە لیژنەكاندا ماوەتەوە گفتوگۆمانكردووە لەسەری، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا لە گفتوگۆدابووین هەندێكی بەسازان بەڕێكراوە هەندێكی زانیومانە ناگەینە سازان لەگەڵ لایەنەكاندا وتومانە با بەدەنگدان لەپەرلەمانی كوردستاندا یەكلایبكرێتەوە، ئەكرا ئەوانیش پرۆژەی خۆیان پێشكەشبكەن ئەوەی كەخۆیان دەیانەوێت بەنمونە نەیان ئەویست ویلایەتی كاك مەسعود دوو ساڵی تر درێژبكەنەوە وەك خۆیان دەڵێن، باپرۆژەیەكیان پێشكەشبكردایە بۆ ئەو بابەتە.
كەواتە ئەم چەق بەستووییە ئەم پێگیرییە لەسەر ڕای خۆت وە خەڵك بەمیوان زانینە و وا چاوەڕوانكردن كە دەبێت خەڵك بەدوای قسەی تۆ بكەوێت لە ڕاستیدا نەفەسێكی زۆر خراپە، ئێستاشی لەگەڵ بێت لە هەرێمی كوردستاندا ئەوە ئەگوزەرێت.

وێستگە: ئەو دیدارەی باستكرد لەگەڵ بارزانی و لایەنە سیاسیەكان بەجیاكردتان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و وەرگرتنی ئۆكەی بۆی، ئەو ئۆكەیە لای بارزانی بۆ ئەوەش بوو گەر هەرگۆڕانێك لەسەرۆكایەتی هەرێم بكرێت قبوڵبكرێت، یان بۆئەوەبوو بارزانی جارێكی تر ببێتەوە سەرۆكی هەرێم؟

ئێمە بۆ دوو پرس سەردانی لایەنەكانمان كرد، سەردان كاك مەسعودمانكرد، پێمان وت ئێمە دوو پرس بەلامانەوە گرنگە پرسی یەكەم پرسی دەستورە، هەرێمی كوردستان 23 ساڵە دەستوری نیە، هاتوینەتە حاڵەتێكی پێگەیشتن لە هەرێمی كوردستاندا پێویستە دەستورمان هەبێت ئەوەش پێویستی بە ئۆكەیەكی بەڕێزت هەیە بۆ فراكسیۆنەكەت لە پەرلەمانی كوردستان هەندێك پێگیری دەكەن، بەڕێزیان ئاماژەیان بەوەدا لای ئێمەوە بابەتی دەستور جێبەجێدەكرێت وادانێن لیژنەكە كارایە، وتمان بابەتی دووەم كەهاتووینەتە لای بەڕێزت پرسی ویلایەتی بەڕێزتە، ویلایەتی بەڕێزت لە 19 ی ئابی 2015 تەواو دەبێت بۆ ئەم بابەتە چی بكرێت، بەو پێیەی ئەو كات بەڕێزیان سەرۆكی هەرێمی كوردستانن وە بابەتەكەش زیاتر ڕوو لەو دەكات، پێی وتین كە ئێوە لە پەرلەمانی كوردستان چ بڕیارێك بدەن چ یاسایەك دەربكەن ئێمە پێوەی پابەند دەبین، وە سەردانی لایەنەكانیشمانكرد و وتمان كە ئێمە ئەم دوو بابەتە گرنگە بەلامانەوە و هەموو یان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بەڵێ‌ ئەو بابەتە بابەتێكی یاساییە و هەرچەند ڕەهەندی سیاسیشی هەیە، ئێمەش وتمان بالایەنە سیاسیەكان لەپرسی سیاسیدا بشداری ئەم پرسە بكەن بەڵام هەموان بەلایانەوەگرنگ بوو كە ئەم پرسە لەپەرلەمان یەكلاببێتەوە.

وێستگە: لە باسی دیدارەكەی بارزانی لە مانگی نیسانی 2015 وتت كە ئەو كات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، ئەی ئێستا چی؟ ئێستا سەرۆكی هەرێم نیە؟

من وەك و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، وەك دەسەڵاتی یاسادانانی پەرلەمانی كوردستان ناتوانین بڵێن كاك مەسعود سەرۆكی هەرێمی كوردستانە لەڕوی یاساییەوە، كاك مەسعود شەرعییەتێكی یاسایی نیە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت.

وێستگە: دوای شەرحی ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستانیش ئەو شەرعیەتەی نیە؟

هەر ئەو كات لەپەرلەمانی كوردستان قسەمان لێكرد، وە سەرۆكایەتی پەرلەمان و بەدیاری كراوی سەرۆكی پەرلەمان ڕونكردنەوەی لەبارەوەدا كە ڕێكارەكانی ڕاوێژ بە ئەنجومەنی شورای باڵای هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا بابەتەكانی پابەندكەرن كەداوای ناوبژیوانی لێبكەیت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەپەرلەمانی كوردستان بەفەرمی داوایلێنەكراوە تابێت بە ناوبژیوان لەو پرسەدا.

وێستگە: قسەمان لەسەر رۆڵی پەرلەمان لە خوڵقاندنی ئەم دۆخەكرد، ئەمەوێت وردتر لەسەر ئەوە بۆستین لەدوای 12ی تشرینی یەكەمەوە پارتی دیموكراتی كوردستان باری سەرنجیان لەسەر د.یوسف محمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەو داوای گۆڕینی دەكەن، پێیان وایە ئەدایەكی خراپی هەبووە، رۆڵی د.یوسف لە خوڵقاندنی ئەم دۆخە چۆن دەبینێت؟

لە ڕاستیدا ئێمە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان پێكەوە بڕیارمانداوە بەرنامەی كارمانداناوە كۆبوونەوەكانمان ڕێكخستووە گەر كەسێكمان سەرنجێكی هەبووبێت یان واژوی بەرنامەی كاری نەكردووە یان لەكاتی دەنگداندا بەشداری نەكردووە، كاتێك كە هەموواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێممان خستە بەرنامەی كارەوە، بەڕێز جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرنجی هەبوو وتی من واژوی بەرنامەی كارناكەم، كۆبوونەوەمانكرد بەشدار كۆبوونەوەكەشی نەكرد، بەهەمان شێوە ئێمە لەسەر یاسای قەرز واژووی بەرنامەی كارمكرد بەڵام دەنگم بەهیچ بڕگەو مادەیەكی یاساكە نەداوە، ئەمە ڕێكارە یاساییەكانە.
دانانی زووم لەسەر بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ناحەقییەكی گەورەیە بەرامبەر بە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان دەكرێت چونكە لەڕاستیدا نەك بەشاهیدی ئێمە بەشاهیدی زۆرێك لە ئەندامانی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان پێش ئەو حاڵەتانەی كەڕووبدات سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان توانیوویەتی ئەدایەكی جوانی هەبێت لە بەڕێوەبردنی پەرلەمان و ئیدارەدانی كۆبوونەوەكان و دەستبردن بۆ پرسەكان وە ڕاوێژ لەگەڵ فراكسیۆنەكاندا، ئەم قسانەش دەكەم مانای وانیە سەرۆكی پەرلەمان خاڵییە لە هەڵەو كەم و كووڕی بەدڵنییاییەوە ئەوە تەنها پێغەمبەرانن پاك و بێگەردن.
ئەوەی كە ئێستا بەرامبەر بەسەرۆكی پەرلەمان دەكرێت ناحەقییەكی گەورەیە بەرامبەر بە ئیرادەی گەنجێك دەكرێت كە ئێستا سەرۆكی شەرعی پەرلەمانی كوردستانە.

وێستگە: لەسەرەتای ئەمساڵەوە بارزانی لەگەڵ لایەنەكان كۆبووە و بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمانی دا لیژنەیەك بۆ ئەوەش دروست بوو، بەڵام لیژنەكە دوای چەند دانیشتنێك وەستا، ئێستا پەرلەمان بۆ كارانابێتەوە؟

من هەر ئەو كاتەی كە كۆمیتەكە پێكهات بۆكاراكردنەوەی پەرلەمان و حكومەت وتم: ئەم پرسە پەیوەستنیە بەدروستكردنی كۆمیتەوە ئەوە تەنها كاتكوشتنە، بەبڕیارێكی سیاسی تاكلایەنەی حزبی بڕیاردراوە پەرلەمان لەكاربخرێت، بەهەمان شێوە بەبڕیارێكی حزبی تاكلایەنەی پێنج خولەكی دۆخەكە چارەسەر دەبێتەوە، واتە دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان بڵێت ئەو بڕیارە نایاساییەی كە داومانە بەرامبەر بە سەرۆكی پەرلەمان و ئیفلیجكردنی پەرلەمانی كوردستان نایاسایی بوو هەڵەبوو پێچەوانەی ئیرادەی خەڵكی هەرێمی وردستان بوو پەرلەمان دەست بەكارەكانی خۆی بكاتەوە، كام پەرلەمانە ئەو پەرلەمانەی كەیاسا دادەنێت، نەك ئەو پەرلەمانەی كە دەستەمۆی حزبە سیاسیەكان بێت.

وێستگە: كەواتە ئەوە بۆناكرێت؟ پارتی بۆ ئەوە ناكات؟

نازانم، ئەكرێت لەو حزبە بپرسیت بۆچی باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان پەرلەمانی ئیفلیجكردووە؟ لە حاڵەتێكدا ئەم هەموو قەیرانە بەرۆكی ئەم هەرێمەی گرتووە.

وێستگە: دەوترێت ڕەنگە ئەم دۆخە تا 2017 بەردەوابێت، ئێوەش هەمان تێڕوانینتان هەیە؟

جەخت لەسەر ئەو قسە دەكەمەوە عەیبەیەكی زۆر گەورەیە، عەیبەیەكی زۆر شەرم هاوەرە بیر لەوە بكرێتەوە هاتا ساڵی 2017 هەرێمی كوردستان بەبێ‌ پەرلەمان و بەم حكومەتە ئیفلیج و شكستخواردووە بەو هەموو قەیرانەوە بەڕێبكەین، لەپێناو بڕیارێكی سیاسی حزبی تاكلایەنە ئاوی لێبكرێت.
ئا بەم دۆخەوە ڕووبەڕووی ئەو گۆڕانە ببینەوە كە دوای 100 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر سایكسبیكۆ جارێكی تر ئەگەری داڕشتنەوە نەخشەی ناوچەكە هەیە؟ ئابەم دۆخەوە ڕووبەڕووی سەربەخۆی كوردستان ببینەوە؟ لەڕاستیدا ئەمە پرسیارێكی گەورە لەسەر دید و بۆچوونی سیاسی هەركەسێك دروستدەكات كە بیركردنەوەی وابێت ئابەم شپرزییەی نێو ماڵی كورد ڕوو بەڕووی ئەو پرۆسە گەورانە ببینەوە.

وێستگە: گۆڕان پێگەی لەكوێی ئەم دۆخەیە، لایەنێكی ئەم هاوكێشەیەیە، پارتی تائێستا دوای 12ی تشرینی یەكەم چەند جارێك وتویەتی داوای كۆبوونەوەی كردووە و گۆڕان ئامادە نیە، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ نیە؟

بزووتنەوەی گۆڕان، ئەكرێت لە خۆیان بپرسیت دیدان چۆنە؟ بەڵام گۆڕان لەپرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا مەزڵومن زوڵمیان لێكرا ناحەقیان بەرامبەر كرا چونكە ئەوەی كە بەرامبەر بەسەرۆكی پەرلەمانكرا كە وەك پشك بەركەوتەی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانە، نەك وەك ئەوەی كە خێری پێكرابێت تائێستا خێرەكەی لێوەربگیرێتەوە، بۆیە ئەوان پێیان وایە دەبێت زەمینە سازی بكرێت و دۆخەكە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی ئەوجا كۆبوونەوە بكرێت ئەوەش حەقی خۆیانە هەموو كۆبوونەوەیەك زەمینە سازی دەوێت.

وێستگە: لە گریمانەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەوشێوەیەی پارتی دەیەوێت و سەرۆكی پەرلەما بگۆڕدرێت بەڕێزتان بەسكرتێری پەرلەمان دەمێننەوە؟

لەڕابردوودا قسەیەكم لەسەر ئەمە كردووە و ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە هەرقسەكردنێك لەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەم پرسەدا بۆ بەلاڕێدابردنی قەیرانە قوڵەكانی هەرێمی كوردستانە ئەگەرنا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەرگیز كێشە نەبووە و گیرو گرفت نەبووە و بەڵكو چارەسەربووە.

وێستگە: بەڵام ئێستا قسەكە بووە بەوە و بەجدی قسەلەسەر ئەو گۆڕانە دەكرێت؟

وادیارە ئیرادەی پارتێكی دیاریكراو وای بوێت دەستەی سەرۆكایەتیەكی پەرلەمان دابنێت هەركاتێك بییەوێتی لەفڵان شوێنەوە قسەیەكی بۆ ڕۆی ئەویش یەكسەر ئەزبەنی بۆ بكات و بەڵی قوربانی بۆبكات، پەرلەمانێكی ئابەو شێوەیە كەمن ناومناوە پەرلەمانێكی كارتۆنی هەرنەبوونی باشترە.

وێستگە: ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان چۆنە؟

دوو هاوڕێی زۆر خۆشەویستمن، من پەیوەندی هاوڕێیەتیم بەستووە لەگەڵیان لەڕابردووشدا.

وێستگە: بەیەك مەودا لێیان دوریت؟

لەڕاستیدا من لەدوای 12ی تشرینی یەكەمەوە نەمویستووە پەرلەمان دووكەرت ببێت بۆیە نەمویستووە بكەوم بەلای لایەنێكیان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من بڕوام وایە دەسەڵاتی شەرعی پەرلەمانی كوردستان لای ( د.یوسف )ە چونكە سەرۆكی شەرعی پەرلەمانی كوردستانە پێشموایە ئەوەی بەرامبەری كرا زۆرنایاسایی و خراپ بوون.

وێستگە: هیچ هەوڵێكت نەداوە بۆئەوەی سەرۆك و جێگرەكەی یەك ببینن؟

وادیارە ئیرادەی حزبی زاڵبێت بەسە ئیرادەی پەرلەمانیدا لەئێستادا، چونكە پارتی دیموكراتی كوردستان هێڵی سوریان بریتیە لە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كەسەرۆكی شەرعیە؟

وێستگە: وەك سكرتێری پەرلەمان هیچ دەستپێشخەرییەكت نیە بۆ ئەم دۆخە؟

بڕوام وایە بابەتەكەیان وا خراپكردووە ئەبێت هەرلەلایەن خۆیانەوە چارەسەر بكرێت؟

وێستگە: كۆمەڵی ئیسلامیش هەمان تێروانینی هەیە؟ واتە دەستپێشخەری نیە؟

ئەبێت ئەوە لە وتە بێژی كۆمەڵ بپرسیت، ئەو دەسپێشخەریانەی ئەمیری كۆمەڵ هەیبووە كە چۆن كێشەكان چارەسەر بكرێت، دیدیان وابووە ئەوەندەی من ئاگاداربم كە دەبێت ئەم دۆخە وەك خۆی لێبكرێتەوە ئەو كاتە ئەتوانین گفتوگۆ بكەین، كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەندەی من لەڕابردوودا ئەندامی سەركردایەتی بووم پێمان وابووە بۆ هەربابەتێك ئەبێت هەندێك زەمینە سازی بۆبكرێت ئەوسا بچینە سەر بابەتەكە خۆی.
بڕوامان وابووە گفتوگۆ باشترین ڕێگە چارەیە، تازەترینیشی بەنمونە ئەوەبوو مامۆستا عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ كاك مەلا بەختیار دیبەیت دەكات لەسەر بابەتێكی زۆر هەستیار كە دیموكراسیەت و عەلمانیەتە لەهەرێمی كوردستان واتە بڕوامان بەگفتوگۆ هەیە نەك دابڕان و لێكدوركەوتنەوە و سەنگەر لەیەكگرتن.


PM:04:11:13/04/2016