زیاتر لە یەک ملیار و 327 ملیۆن دینار بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی خەرج دەكرێت

‌دیمەنێک لە شاری سلێمانی

وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیار و 327 ملیۆن دینار بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بۆ پارێزگای سلێمانی خەرج دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی ئایاری 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: بەپێی چەند فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتەکە رەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (1,327,120,000) دینار بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شوێنە جیاوازەكانی شارەكە.

وەک ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە، ئەو گوژمەیە لەسەر داهاتی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانییە و بەپێی رێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات خەرج دەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ كارگەی قیری شارەوانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شەقام و كۆڵانەكان و بەڕێوەبردنی هەڵمەتەكانی نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی شاری سلێمانی.

رۆژی دووشەممەش 6ی ئایاری 2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 465 ملیۆن و 795 هەزار دینار بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی رێگاسازی.

ئەو گوژمەیە لەسەر رێژەی (100%)ی داهاتی فرۆشتنی زەویی روكنی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەیە و بەپێی رێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات فەرمانی وەزاری بۆ دەرچووە بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی رێگاسازی لە گەڕەكی فەرمانبەران بۆ قۆناغی یەكەم لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەدا.


AM:11:03:09/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت