مه‌سرور بارزانی بۆ باڵیۆزی به‌ریتانیا: پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەین کە جێی متمانە بێت


وێستگه‌ نیوزـ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد و بۆ پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان وتی: پشتیوانیی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دەکەین کە جێی متمانە بێت.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند: ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن و بەشداربوونی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردندا.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم به‌ باڵیۆزی به‌ریتانیای وتوه‌: پشتیوانیی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و یاسایی و دادپەروەرانە دەکەینەوە کە جێی متمانە بێت و لە ژێر چاودێری و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت و گەرەنتی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان و بەردەوامبوونی هاریکاری و پشتیوانیکردنی پێشمەرگە، چەند بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بووه‌.


PM:03:43:30/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت