ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان: سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كه‌م و له‌گه‌ڵ توركمانه‌كان كۆده‌بمه‌وه‌


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌میانی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند: به‌نیازه‌ دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیش بكات و له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ی توركمان كۆببێته‌وه‌.

دوای كۆبونه‌وه‌ی شاندی باڵای هاوبه‌شی نێوان عێراق و توركیا كه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا سه‌رۆكایه‌تیان كرد، هه‌ردوولا كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان سازكرد و سودانی رایگەیاند، "زیاتر لە 24 لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە، یەکێکیان رێککەوتنێکی 10 ساڵەیە لەبارەی ئاو. سیاسەتی عێراق ئەوەیە ئاڵنگارییەکان بکەینە دەرفەت".

 بۆ دۆسیه‌ی ئه‌منی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتی: "رێگە بەهیچ هێزێک نادەین خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی دراوسێکانمان".

دواتر، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا باسی له‌ ناوه‌رۆكی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا كرد و وتی: ئیراده‌ی سیاسیمان هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیاو عێراق، ئه‌و یاداشتانه‌ش كه‌ ئیمزاكراون خاڵی گۆڕانكارین له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ عێراقدا. 

وتیشی: قه‌باره‌ی بازرگانی نێوان عێراق و توركیا بۆ 20 ملیار دۆلار به‌رزبووه‌ته‌وه‌و سورین له‌سه‌ر به‌شداریكردن له‌ پرۆژه‌ی (رێگای گه‌شه‌) بۆ به‌دیهێنانی گه‌شه‌ی بازرگانی. 

له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌منیش، ئه‌ردۆغان وتنی: له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق گفتوگۆمان كرد سه‌باره‌ت به‌ هاوكاری له‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی و روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و خۆشحاڵین عێراق رێكخراوی په‌كه‌كه‌ی خستوه‌ته‌ لیستی رێكخراوه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌شی ده‌ربڕی بۆ پشتیوانیكردنی حكومه‌تی عێراق بكه‌ین له‌بواری روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی تیرۆردا. 

سه‌رۆك كۆماری توركیا باسی له‌ كێشه‌ی ئاو كرد و وتی: گفتوگۆمان كرد له‌باره‌ی پێكهێنانی لیژنه‌ی به‌رده‌وام بۆ چاودێری پرسی ئاو له‌گه‌ڵ عێراق و لیژنه‌ی توركی- عێراقیمان پێكهێناوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئاو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی و لۆژیكی.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌شی بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كه‌م و له‌گه‌ڵ توركمانه‌كان كۆده‌بمه‌وه‌.


PM:05:41:22/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت