تێلیگرام لە عێراق راگیرا


وێستگه‌نیوزـ

وەزارەتی‌ گواستنەوەی‌ و گەیاندنی‌ عێراق بڕیاریدا، پلاتفۆڕمی‌ تێلیگرام لە عێراق رابگرێت و له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كیشدا هۆكاری راگرتنه‌كه‌ی ئاشكرا كرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئابی 2023، وەزارەتی‌ گواستنەوە و گەیاندنی‌ عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڕیاری‌ راگرتنی‌ پلاتفۆڕمی‌ تێلیگرامی‌ لە عێراق بڵاوکردەوە.

وەزارەتەکە لە راگەیەندراوەکەیدا هۆکاری‌ راگرتنەکەی‌ ئاشکرا کردووە و ئاماژەی‌ بەوە کردووە، بڕیاری‌ راگرتنی‌ تێلیگرام لەسەر بنەمای‌ رێنماییەکانی‌ سەروو خۆیانەوە بووە، کە پەیوەستە بە ئاسایشی‌ نیشتیمانییەوە، هاوکات لەپێناو پاراستنی‌ زانیارییە کەسییەکانی‌ هاووڵاتیان بووە، کە تێلیگرام دزەی‌ بە زانیارییە ئاسایشییەکانەوە کردووە و ئەمەش پێشێل کردنی‌ یاسایە.

لای‌ خۆیەوە هویام یاسری‌، وەزیری‌ گواستنەوە و گەیاندنی‌ عێراق رایگەیاندووە، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان چەندین جار داوایان لەو کۆمپانیایە کردووە کە تێلیگرام بەڕێوەدەبات، پلاتفۆڕمەکە دابخرێت، چونکە دەبێتە هۆی‌ دزە کردنی‌ زانیارییە کەسییەکان و ئەوەش مەترسی‌ دروست کردووە لەسەر ئاسایشی‌ نیشتیمانی‌ و ئاشتی‌ کۆمەڵایەتی‌، بەڵام بەهیچ شێوەیەک وەڵامیان نەدراوەتەوە.

هاوکات هویام یاسری‌ وتیشی‌: "وەزارەتەکەیان تەئکید دەکاتەوە کە رێز لە ماف و ئازادییەکانی‌ هاووڵاتیان دەگرێت بە دەربڕینی‌ رای‌ خۆیان و پەیوەندییەکانیان، بەبێ ئەوەی‌ زیان بگەیەنن بە ئاسایشی‌ دەوڵەت و دامودەزگاکانی‌، هەروەها متمانەی‌ هاووڵاتیانیش لەو رووەوە بۆ وەزارەتەکەیان بە گرنگ دەزانن".

ئەمە لەکاتێکدا لە دوێنێوە بەشێک لە گرووپە چەکدارە شیعەکان داوایان دەکرد تەلەگرام لە عێراق دابخرێت، پاساویان بۆ ئەو کارە ئەوەیە کۆمپانیاکە هاوکاریی عێراق ناکات لە سڕینەوەی ئەو کەناڵانەی کە سەر بە رێکخراوە تیرۆریستییەکانن، یان کەناڵی هەواڵی دزەپێکراون.


PM:02:08:06/08/2023


ئه‌م بابه‌ته 1964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو