ئێستا كورد لەهێزی ئاسمانی عیراقدا خاوەن ماڵە، كرێچی نییە ‌


دیداری: تارق كەمال

لیوا ئازاد شاڵی لیوای لۆجیستی فڕۆكەوانی سەر بەهێزەكانی 70 لەم دیدارەدا باسی شێوازی وەرگرتنی خوێندكاران‌و ئەزموونی كورد لەبواری فڕۆكەوانیدا دەكات و رایدەگەیەنێت کە کورد لەفڕۆکەوانی عیراقدا کرێچی نییە، خاوەن ماڵەو داواش لە خوێندکاران و گەنجانی کورد دەکات پەیوەندی بەخوولەکانی هێزی ئاسمانی عیراقەوە بکەن.

+ مێژووی هێزی ئاسمانی فڕۆكەوانی عیراق لەكەیەوە دەست پێدەکات؟
- هێزی ئاسمانی عیراق، لەساڵی 1927 دا وەفدێکی خۆی نارد بۆ بەریتانیا بۆ خولی فڕۆكەوانی، لەساڵی 1931 كە گەڕانەوە ئیتر ئەو رۆژە بوو بە دامەزراندنی هێزی ئاسمانی عیراقی، لەدوای روخاندنی سەدامیش كە هیچ شتێك نەما بەناوی هێزی ئاسمانی عیراقەوە، ئەوەبوو لەلایەن فەریقی یەكەمی روكنی فڕۆكەوان كەمال بەرزنجی كە خەڵكی سلێمانییە‌و لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا، لیوا سەرمەد بابان، عەمید سەیفەدین شەریف، عەمید روكن شەهاب ئەحمەد، ئەو بەڕێزانە توانییان جارێكی تر هێزی ئاسمانی عیراق دروست بكەنەوە، ئەو كاتەش كە فڕۆكەوانە عیراقییەكان دەهاتنەوە پەیوەدنییان دەكرد كاتێك ئەو كوردانەیان دەبینی زۆر خۆشحاڵبوون لەهەموو روویەكەوە، ئێستا كورد لەهێزی ئاسمانی عیراقدا خاوەن ماڵە، كرێچی نییە.

+ شێوازی وەرگرتنی خوێندكار چۆنە بۆ فڕۆكەوانی؟
- وەرگرتنی خوێندكار، دەبێت خوێندكار دەرچووی پۆلی 12 بێت، زمان بزانێت، دەبێت تەمەنی لە18 ساڵەوە بۆ 25 ساڵ بێت، باوك‌و دایكی عیراقی بن، دوای ئەوە دەچێتە ژێر چەتری پشكنینێكی پزیشكی وردەوە، ئەگەر 150 خوێندكار بچێتە ئەو پشكنیینە پزیشكییەوە‌و 15 یان دەربچێت ئەوا براوە دەبین، بەڵام خوێندكاری كورد سستن، نایەن بۆ فڕۆكەوانی، هۆكەشی ئەوەیە لەدوای روخاندنی سەدامەوە چەندین جار داوامان كرد كە هۆبەیەك دروست بكرێت لەناو وەزارەتی پێشمەرگە كە تائێستا دروست نەكراوە بەڵام بنەمایەكی باشییان داناوە بۆ وەرگرتنی خوێندكار بۆ هێزی ئاسمانی عیراقی لەم  ماوەیەشدا بانگەوازێك دەكرێت بۆ خولی 79ی هێزی ئاسمانی عیراق ئەو بانگەوازەش دێتەوە وەزارەت‌و بڵاودەكرێتەوە.

+ كردنەوەی خول لەهێزی ئاسمانی عیراق چۆنە؟
- لەڕاستیدا دەبێت هەموو ساڵێك خول هەبێت، بەڵام باری دارایی كاریگەری لەسەر ئەوەش هەیە، دوادەكەوێت بۆ وەرگرتنی خوێندكاریش بە رێژەیە لەنێوان كورد‌و پێکهاتەکانی تر، خۆشبەختانە خوێندكارانی كوردستانی خومان لەڕووی تەندروستییەوە باشترن تا ناوەڕاست‌و خواروی عیراق، زیرەكی خوێندكارانی كوردیش زیاترە، زووتر شت وەردەگرن.

+ لەئێستادا كورد چەند فڕۆكەوانی لەبەغدا هەیە؟ 
- ئێستا خۆشبەختانە فڕۆکەوانی باشمان هەیە‌ كە بتوانین لەداهاتوودا خانوویەك بۆ خۆمان دروست بكەین و پەكمان نەكەوێت. وەك ژمارە ناتوانم بڵێم چەندمان هەیە، لەهەموو جۆرەكانمان هەیە، لەفێركەرەوە بیگرە تا هەموو جۆرە فڕۆكەواناێك. ئێستا ئەوەی من بزانم 11 فڕۆكەوانی كۆپتەرمان هەیە لەبەرەكانی جەنگدا، هەندێك ئەفسەری تەکنیکیمان هەیە، ئێستا كەوتوینەتە سەرپێ.
لێرەدا دوو داوای گرنگم هەیە، دووبارەی دەكەمەوە كە هۆبەیەك لەوەزارەتی پێشمەگەوە بكرێتەوە، بۆ هێزی ئاسمانی فڕۆكەوانی، گلەیشم لەكۆمەڵەی خوێندكاران‌و قوتابییان هەیە كە دەورێكی باشییان نەبووە لەهاندانی خوێندكاران‌و قوتابییان بۆ هێزی ئاسمانی عیراق، گەنجانیش كەمتەرخەمن بۆ بەدەمەوە هاتن بۆ هێزی ئاسمانی عیراق.  
 
+ ئەو رێژەیە كەم نییە بۆ كورد؟
- زانستی فڕۆكەوانی كەم ‌و زۆری نییە، ئەو خوێندكارانەی كە وەردەگیرێن بەهۆی توانای جەستەیی ‌و زیرەكییەوە وەردەگیرێن، هەندێك جار باس لەوە دەكەن كە ئەوە كوردەو ئەوە شیعەو ئەو سوننەیە، بەداخەوە بۆ لێدوانانە، چونكە ئەمە راست نییە، فڕۆكەوانی‌ پشت بەزیرەكی خوێندكارو توانای جەستەیی دەبینێ.
لەچەند ساڵی رابردودا نزیكەی 104 خوێندكارمان هەبووە، لەبازنەی سلێمانی حەوت كەسیان لەلیژنەی پزیشكی دەرچوون، چونكە هەبووە كێشە لەچاوو گوێ ‌و لوتیدا هەبووە، قاچی فلاتبووە، تەندروستی باش نەبووە، ئەوانە هەمووی هۆكارن ‌و كاریگەرییان هەیە، لەهەولێریش 124 خوێندكار هەبووە 14 یان دەرچوون، ئەمەش بەپێی ئەو پشكەیە كە هەمانە، 35 شیعە 35 سوننە 30 كورد بەبەشی كەركوكیشەوە، ئەگەر 100 كەس وەربگیرێن ئێمە سی كەسمان دەبێت، ئەگەر رێژەی وەرگرتن زیاتر بێت پشكەكە زیاتر دەبێت.

+ جیاوازی چییە لەنێوان ئیمتیازو پلەی شایستەی فڕۆكەوانێك ‌و فەرماندەیەكی باڵای سوپای پیادە؟
- ئێستا ئەو خوێندكارە فڕۆكەوانانەی كە دەخوێنن مووچەیان 850 هەزار دینارە، دواتر كە بوون بەفڕۆكەوان هەر فڕۆكەیەك دەرماڵەی خۆی هەیە وەك هێلیكۆپتەر یاخود جەنگی، چونكە یاسا بۆی داناون. بۆ نموونە فڕۆكەوانێكی فڕۆكەی جەنگی 800 هەزار دەرماڵەی هەیە جگەلەوەی كە دەرماڵەی خواردن ‌و جل ‌و خێزانی هەیە، جگە لەوەی كە ئەگەر چوو بۆ بینینی خول بۆ دەرەوەی وڵات ‌و گەڕایەوەو لەگومرگ بەخشراوە، لەبەرئەوە لەنێوان مووچەی ئەفسەرێكی پیادەو فڕۆكەوانێك جیاوازی هەیە، مەلاحیشمان هەیە كە لەفڕۆكەوان كەمتر وەردەگرێت، هونەریشمان هەیە ئەوان دەرماڵەی خۆیانیان هەیە، لەو وەجبانەی كە لەپێشووتر وەرگیران هەیانبووە لەفڕۆكەوانیدا سەركەوتوو نەبووە كراوە بەتەكنیككار، ئەفسەری كوردمان لەوێ زۆرە؛ فەرماندەی هێزی ئاسمانی كوردە، بۆیە جێپێیەكمان هەیە، خۆمان كەموكوڕیمان هەیە.

+ باست لەهۆشیاری نیشتمانی كرد بەوەی كە خوێندكار نیەتی ‌و نایەوێت ببێت بەفڕۆكەوان، ئەم هۆشیارییە بەشێكی ناكەوێتە سەر راگەیاندن، بۆچی لەڕێگەی راگەیاندنەكانەوە هەوڵنادەن ئەو هەڵمەتی هۆشیاری‌و خولیایە لەلای تاكی كورد دروستبكەن؟
- نابێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، چونكە بەوەرزە، ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگە بیەوێت ئەوا هەڵمەتێكی راگەیاندن دەست پێدەكەین، راگەیاندنمان هەیە لەوەزارەت لەگەڵیان دادەنیشین شێوازەكەی دادەڕێژین ‌و لەهەموو كەناڵەكاندا بڵاویدەكەینەوە.
گوندەكان گەڕاوم بۆ ئەوەی خەڵك كۆبكەمەوە بۆ ناردنی ئەو خوولە، پێویستە ئەو شوێنانەی كە زیاتر پشكی فڕۆكەوانیان بدەینێ قەڵادزێ ‌و هەڵەبجەو ناوچەی قەرەداغ بن، لەڕێگەی پەروەردەشەوە قسەم زۆر بۆ بەڕێوەبەرەكان كردووە‌و بەسوپاسەوە گوێیان گرتووە.

+ ئایا پاراستنی ئاسمانیمان هەیە؟
- نەخێر تا ئێستا نیمانە، بەڵام لەبەر ئەوەی فڕۆكەمان نییە دەبێت پاراستنێكی ئاسمانی باش دروست بكەین لەمناوەرە‌و جێ گۆڕین‌، چەندین جار داوام كردووە كە ئەو وەفدە بیانییانەی كە دێن بۆ ئێرە، داوای كردنەوەی خولی پاراستنی ئاسمانییان لێبكەن بۆ هەندێك ئەفسەری خۆمان، بۆیە دەبێت حكومەت هەوڵ بدات.

+ ئایا جارێكی تر كورد ترسی لە فڕۆکە عیراقییەكان نابێت؟
- ئەوە جارێكی تر دووبارە نابێتەوە، ئێستا هەندێك گرێبەستی كڕینی فڕۆكە هەیە بەتایبەت ئەمریكا‌و ئەوروپییەكان، بڕگەیەكی تییایە كە دەڵێت نابێت بۆ كێشەی ناوخۆ بەكاربهێنرێت، ئێستا كورد لە جێگە هەستیارەكاندا فڕۆكەوانی هەیەو ترسی کورد لەفڕۆکە عیراقییەکان دووبارە نابێتەوە.

+ چ داواكاری‌و قسەیەكت هەیە؟
- داوا لەوەزارەتی پەروەردە دەكەم كە لەخوێندنی 12 دا وانەی فڕۆكەوانی بوترێتەوە، داواش لەخوێندكارانی كورد دەكەم كە ببن بەفڕۆكەوان كە هیچییان لەعەرەب‌و فارس‌و تورك كەمتر نییە، پزیشكی پشكنینی فڕۆکەمان نییە بۆیە داوا لەوەزیری تەندروستی دەكەم كە چەند پزیشكێك بنیرن بۆ خوول بۆ دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی پشكنینی فڕۆكەوانی كە ئەو كاتە كۆدیان دەبێت و لەهەموو شوێنێك وەەردەگیرێت.

له‌كوردستانی‌ نوێ‌ وه‌


PM:01:38:04/01/2016


ئه‌م بابه‌ته 10904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو