بۆ گەڕاندنەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی 4+1 کۆدەبنەوە

‌ ئێران و وڵاتانی 4+1

وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ هەینی، جارێکی دیکە ئەڵمانیا، بەریتانیا، رووسیا، چین و فەرەنسا لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا لەگەڵ ئێران راستەوخۆ و لەگەڵ ئەمریکا ناڕاستەوخۆ کۆدەبنەوە، بۆئەوەی واشنتۆن رازیبکەن بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمی و تارانیش هانبدەن بەتەواوی پێوەی پابەندبێت.

 
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، لە ماوەی کۆبوونەوەی وڵاتانی G7ـدا وتی، "گفتوگۆکان هێواش و زەحمەت بەڕێوەدەچن، بەڵام هێشتا لێی بێهیوا نەبوون".
 
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند "دەرفەتی ئەوەم هەبوو لەگەڵ هاوکارانم باس لە گفتوگۆکانی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران بکەم. لەگەڵ وەزیر بلینکن باسمان لە دۆخی ئەو گفتوگۆیانە کرد کە زەحمەتن، بەڵام بەردەوامن. رۆژی هەینی گەڕێکی دیکەی ئەو گفتوگۆیانە دەستپێدەکەینەوە".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەفتەیەک لەمەوبەر، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، دیارنییە گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکیان دەبێت یاخود نا.
 
بەگوێرەی چەند دیپلۆماتێکی بەشداربووی کۆبوونەوەکان، کە قسەیان بۆ میدیای ئەمریکی کردووە، بەربەستی سەرەکیی بەردەم سەرکەوتنی گفتوگۆکان سەنتەرفیوجە پێشکەوتووەکانی ئێرانن کە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنکە ئەتۆمییەکانیدا جێگیری کردوون.
 
ئەمریکا دەیەوێت، ئێران لەپاڵ چەند کارێکی دیکە، هەموو ئەو ئامێرانە لە بنکە ئەتۆمییەکانیدا لاببات بۆئەوەی واشنتنیش بەشێک لە سزاکانی سەر تاران هەڵبوەشێنێتەوە.
 
تاوەکو ئێستا تاران بەو پێشنیازە رازی نەبووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو سزایانە دەکات کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێندراون.
 
عەباس عێراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "سزاکان، ئەوانەی کە بە سێکتەرەکانەوە بەستراونەتەوە، بۆ نموونە سزاکانی سەر کەرتی وزەی ئێران کە نەوت و گاز دەگرێتەوە، هەروەها سزاکانی سەر پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و بانکەکان و بەندەرەکان، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنانەی کە تاوەکو ئێستا کراون، هەموو ئەو سزایانە دەبێت هەڵبگیرێن".
 
رازیبوونی مەرجداری ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە، لەلایەن دیپلۆماتەکانەوە بە پێشکەوتنێکی ئەرێنیی گفتوگۆکان دانراوە. لە ئەنجامی ئەوەشدا، بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار، ماوەی چەند رۆژێکە روو لە بەرزبوونەوەیە، بەجۆرێک کە بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی پێش گفتوگۆکان 25 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا بە 22 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.


AM:08:04:07/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو