سێ پەرلەمانتاری عێراق: نابێت چیتر دادگا بۆ مەرامی سیاسی بەكاربهێنرێت


وێستگەنیوز-

سێ ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند، بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بۆ سزادانی دەستگیرکراوەکانی بادینان "حوکمێکی ستەمکارانەیە کە بەناهەق بەرامبەر گیراوانی بادینان دەرکراوە ئیتر دەبێتە وانەیەکیش بۆ خەڵکانیتر، بۆیە داوا دەکەن  چیتر دادگا بۆ مەرامی سیاسی بەكارنەهێنرێت".

د.غالب محەمەد ، د. رێبوار کەریم و سەرکەوت شەمسەدین ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەنراوێکدا رایانگەیاند، "لەئێستادا گفتوگۆی گەرمی لایەنە سیاسییەکان بۆ قۆناغی داهاتوی عیراق و کوردستان و بەرەنگاربونەوەی ئاستەنگەکان بەڕێوەدەچێت. لەگەرمەی ئەو گفتوگۆیەدا سزای زیندانیکراوانی بادینان لەلایەن دادگای تەمیزەوە سەپێندرا و حوکمی شەش ساڵەکە بوە بڕیارێکی چەسپاو".

ئەوەش هاتوە، "ئەم هەوڵەو لەم کاتەدا دوو ئامانج بۆ ستەمکاران دەپێکێت، لەلایەك لایەنە سیاسییەکان سەرقاڵن بە گفتوگۆی سیاسی و پێناچێ هەڵوێستی توندیان هەبێ سەبارەت بەو کەیسە. لەلایەکیتریشەوە ئەو حوکمە ستەمکارانەیە دەچەسپێت کە بەناهەق بەرامبەر گیراوانی بادینان دەرکراو ئیتر دەبێتە وانەیەکیش بۆ خەڵکانیتر".

ئەو سێ پەرلەمانتارە باسیان لەوەشکردوە، "ئەم بابەتە نابێ بێدەنگی لێ بکرێت و ئێمە لای خۆمانەوە بە وردی کار لەسەر تەواوی ئەو بڕگانە دەکەین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە گفتوگۆی چالاکوان و رۆژنامەنوسان لەگەڵ باڵیۆزخانەو کونسولگەری وڵاتان. پێویستیشە دامودەزگا دادوەرییەکانی عیراق لەم بابەتەدا رۆڵیان هەبێت و نەهێڵن چیتر دادگا بۆ مەرامی سیاسی بەكاربهێنرێت"


PM:09:54:06/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو