بەرپرسێکی دیبلۆماسی تورکیا لەبارەی هێرشەکانی دژی پەکەکە: ئۆپەراسیۆنەکان تاک لایەنە نین

‌ڤۆلکان بۆزکیر، سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

وێستگەنیوز-

سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێک دیبلۆماسییە دیارەکانی تورکیا رایگەیاند، عێراق و تورکیا وەک دوو وڵاتی دراوسێ خاوەن پەیوەندییەکی دێرین و بەهێزن و هەروەها لەگەڵ ناوچەی باکوری عێراقیش (هەرێمی کوردستان) خاوەن پەیوەندییەکی دۆستانەن، بۆیە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان دژی پەکەکە لەناوخاکی عێراق بەهەماهەنگی بووە نەک بەشێوەیەکی تاک لایەنە.

ڤۆلکان بۆزکیر، سەرۆکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دووەم بەرزترین پۆستی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکانە و یەکێکیشە لەدیبلۆماتە ناسراوەکانی تورکیا لەوەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوسیدا لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای وڵاتەکەی لەعێراق رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکان بەرامبەر پەکەکە بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامدراون.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تورکیا پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ عێراق و سەرکردەکانی و هەروەها لەگەڵ بەشی باکوری عێراق (هەرێمی کوردستان) هەیە و گفتوگۆی بەردەوام لەنێوانیاندا هەیە، بۆیە ئەو جۆرە هەنگاو و ئۆپەراسیۆنانە تاک لایەنە ئەنجام نادرێن.

ئەو بەرپرسە دیپلۆماسییە تورکیا ئەوەشی خستوەتەڕو، هەرچەندە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە ئەرکی حکومەتی عێراقە ئەویش لەرێگەی کردنە دەرەوەیان لەخاکی وڵاتەکەی و رێگریکردن لێیان بۆ ئەوەی بێنە ناو خاکی تورکیا، بەڵام کاتێک بەغدا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ ناکات تورکیا پاساوی سیاسی و یاسایی دەبێت بۆ هاتنە ناو خاکی عێراق و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن دژی پەکەکە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، لەسەر ئۆپراسیۆنەکانی ئەم دوایە تائێستا هیچ وڵاتێک یان لایەنێک سکاڵای دژی تورکیا نەبووە و ئەنقەرەش تائێستا بەبێ هەماهەنگی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەعێراق ئەنجام نەداوە.

هـ.هـ


PM:09:45:06/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 1852 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت