کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لەسەر دۆسیەی سزادراوانی بادینان وەڵامی دادگای پێداچوونەوە دەداتەوە


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کورستان بڕیاری دادگای تاوانه‌كانی دوی هه‌ولێری پەسەندکرد بۆ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی 5 چالاکوانی بادینان و تۆمەتباریکردن بەوەرگرتنی پارە لەکونسوڵخانەکانی ئەمریکا و ئەڵمانیا بۆ چاودێریکردنی دەزگا هەستیارەکانی هەرێم، لەوەڵامدا کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لەهەولێر رایگەیاند، "بڕیارەکەی ئەمرۆی دادگا بێمانایە و داوا لەسەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانە دەربکات".

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لەهەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری دادگای تەمییز لە دژی پێنج رۆژنامەوان و چالاکوانەکە دەڕوانێت. تێگەیشتن لە بڕیارەکەی دادگا ئاسان نییە، بەبێ لەبەردەستدابوونی بەڵگەیەکی روون بۆ تاوانکارییەك مایەی سزادان بێت".

ئەوەش هاتووە، "ئێمە داوا لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان  دەکەین دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت، بۆ دەرکردنی بڕیاری  لێخۆشبوون. گۆڕینەوەی ئازادانەی بیروڕا لەگەل رۆژنامەوانان و چالاکوانان بەشێکە لە کاری رۆژانەی دیپلۆماتکاران و هەروەها کاری رۆژانەی کونسوڵگەریی گشتییش".

کونسوڵخانەی ئەڵمانیا باسی لەوەشکردوە، "بڕیارەکەی ئەمرۆی دادگا بێمانایە و پێچەوانەی ئەو گیانی پەیوەندییە دۆستانە و نزیکەی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانی عێراقە".

دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی هەرێم لەبڕیارێکدا کە 28ی نیسان بە واژۆی عەبدوڵا عەلی ئەحمەد شرفانی سەرۆکی دادگای پێداچونەوە دەرچوە و ئەمڕۆ ناوەڕۆکەکەی بڵاوکرایەوە باس لەوەکراوە، بەگوێرەی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 برگەکانی 47، 48 و 49 بڕیاری دادگا بۆ شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی  (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا) بڕیارێکی دروستە و لەگەڵ یاسادا گونجاوە.

ئەوەش هاتوە، بەگوێرەی بەڵگەکان کە پێشکەشکراون و سزادراوانیش لەبەردەم داوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان ناوە بە دروستکردنی گروپێک بەسەرۆکایەتی (شێروان ئەمین)  و کاریانکردوە بۆ لێدان لەپێگەی هەستیارەکانی هەرێم و زیانگەیاندن بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەویش لەرێگەی پەیوەندیکردن بە کەسانی بیانی بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە.

لەبەشێکی بڕیارەکەدا هاتوە، سزادراوان لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا و ئەڵمانیا کۆبونەتەوە و پارەیان لێیان وەرگرتون، هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبونەتەوە و وێنەی کۆبونەوەکانیان پێشکەشی دادگا کراون، بۆیە لەسەر بنەمای بەڵگەکان دادگای پێداچونەوە بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی بۆ تۆمەتباران پەسەندکرد.

هـ.هـ


PM:09:24:06/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 3844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو