هەپەگە لەبارەی پێکدادانی پێشمەرگە و گەریلا لەبرادۆست راگەیەنراوێک بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز-

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، بەنیگەرانییەوە لەو هێزانەی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەڕوانن کە لەهەرێمەکانی پاراستنی میدیا جێگیر دەکرێن و چاودێرییان دەکەن، داواش لەهێزی پێشمەگەی کوردستان دەکات "ئەگەر پشتیوانیمان نەكەن، ئاستەنگیشمان بۆ دروست نەكەن لەبەرەكانی جەنگ."

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، "رۆژی 4ـی ئایار هێزەكانی پاسەوانیی سنوور كە لە پێشمەرگە ‌و هێزەكانی بەناوی عێراقەوە پێكدێن، لە چەند خاڵێكی هەرێمی مەتیا جێگیربوون، ئێمە هەوڵمان دا لە دۆخی ئەو هێزانە تێبگەین و هیچ ئاستەنگێکمان بۆ دروست نەکردن، بەڵام ئێمە بە نیگەرانییەوە لە ئامانجەکانی ئەوان دەڕوانین و چاودێرییان دەکەین."
 
ئەوەش هاتووە، "ئەمە بەرخۆدانێکی نەتەوەیی و پیرۆزە ‌و چاوەڕوانیشین کە هێزی پێشمەرگە، بەشداریی ئەم بەرخۆدانە مێژوویی و پیرۆزە ببن و پشتگیریی ئێمە بکەن ‌و ئەگەریش پشتگیریی ناکەن، دەبێت نەکەونە نێو دۆخیک کە لە شەڕدا ئاستەنگ بۆ گەریلا دروست بکەن."

شەوی رابردو لەنێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و  گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گرژی و پێکدادان رویدا و روداوەکەش زیانی گیانی لێنەکەوتوەتەوە.

بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی پێشمەرگە بەمیدیاکانی پارتی راگەیاندوە، "شەوی رابردو گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەی گردخێوەتی دەڤەری برادۆست، هێرشیان كردوەتە سەر خاڵێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان کە پێشمەرگەكانی سوپای باڵەكی تێدایە".

ئەوەشی خستوەتەڕو، هەرچەندە هێزی پێشمەرگە لەو خاڵە وەڵامی هێرشەكەی پەكەكەی داوەتەوە، بەڵام لەئەنجامی گرژییەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبوە.



PM:09:04:06/05/2021


ئه‌م بابه‌ته 4080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت