هەولێر.. زانیاری لەبارەی هۆکار و زیانەکانی ئاگرەکەی بازاری سەیداوە دەخرێتەڕو

‌دیمەنی روداوەکەی بازاری سەیداوە

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە ئاگر لەبەشێک لەدوکانی هاوڵاتیان لە بازاری سەیداوەی شاری هەولێر کەوتەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی شارەکە هۆکارەکەی بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێنێتەوە و لە ئەنجامی روداوەکەش نزیکەی 50 دوکان و دەستگێڕی هاوڵاتیان زیانی پێگەیشتووە.

سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بەوێستگەنیوزی راگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە ئاگادار کرانەوە لەبوونی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بازاری سەیداوە، تیمەکان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەرووداوەکەدا کۆمەڵێک هاوڵاتی و کاسبکاران زیانیان بەرکەوتوە و دوکان و شوێنی کارەکانیان بەتەواوی سوتان.

بەرگری شارستانی هەولێر هۆکاری رووداوەکەی  بازاری سەیداوە بۆ شۆرتی کارەبا دەگەڕێنێتەوە کە بەهۆیەوە تەواوی دوکانەکانی نزیک لە رووداوەکە سوتان، لەسەر ئەو بنەمایەش داوا لەهاوڵاتیان دەکات پابەندی رێنماییەکانی سەلامەتی و بەرگری شارستانی بن.


AM:09:20:16/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 5176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت