لەبارەی بەکارهێنانی ڤاکسین لەرەمەزاندا رونکردنەوە دەدرێت

‌کارمەندێکی پزیشکی لەشاری هەولێر ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاردەهێنێت

وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی لەماوەی رابردودا بەشێک لەهاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پرسیاری گونجاوی بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنایان لەمانگی رەمەزاندا ئاڕاستەی شارەزایانی ئاینی کرد، لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستانیش لەوەڵامدا رایگەیاند، بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەمانگی رەمەزاندا رۆژوو ناشکێنێت.

مامۆستا محەمەد ئینە، ئەندامی لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان بەوێستگەنیوزی راگەیاند،  بەشێوەیەکی گشتی ئەو دەرمانانەی کە وەک دەرزی بەکاردەهێنرێن زانایانی ئاینی ئیسلام لەبارەیەوە رونکردنەوەیانداوە، بەجۆرێک کۆدەنگی زانایان لەسەر ئەوەیە کە بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەمانگی رەمەزاندا رۆژوو ناشکێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە دەنگۆی جیاواز لەبارەی بەکارهێنان و کاریگەری ڤاکسینەکە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام "ئەوەندەی ئێمە سەرنج دەدەین لەبارەی کاریگەرییەکانی وەک دکتۆرەکان باسی دەکەن، ئەو کەسانەی لەوڵاتانی دەرەوە ڤاکسینیان بەکارهێناوە لە ملیۆنێک کەسدا، یەک کەسیش پێی نەمردوە، لەبەر ئەوە شتێکی ئاساییە کە وەربگیرێت".

پەیوەست بەم بابەتەش د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بەوێستگەنیوزی راگەیاند، دوای گەیشتنی چەندین قۆناغی جۆرەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا، لەئێستادا ڤاکسینەکە بۆ هاوڵاتیان بەردەستە و هاوڵاتیان دەتوانن لەرێگەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئۆنلاین ناوی خۆیان تۆماربکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا هەڵمەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکان لەبنکە تەندروستییەکانی تایبەت بە پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەوامی هەیە.

8ی ئام مانگەش ئەنجومەنی فەتوای ئیمارات لەراگەیەنراوێکدا رایگەیاند، پەیوەست بە بەکارهێنانی ڤاکسین لە مانگی ڕەمەزان و پرسی مۆڵەتدان بە بەکارهێنانی لەکاتێکدا مسوڵمانان بەرۆژ دەبن کۆبوونەتەوە، لەکۆبوونەوەکەدا گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا نابێتەهۆی رۆژو شکاندن.

ئەوەش هاتوە، بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەکانیش وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ نابێت لەکاتێکدا بەڕۆژوە، بۆیە رێنمایی مسوڵمانان دەکەن بەوەی ئەگەر وەرگرانی پێکوتەکە "ئازار یان سەختییەکی زۆریان لەئەنجامی  وەرگرتنی ڤاکسینەکە هەبوو، باشتر وایە رۆژوەکەیان بشکێن و دواتر رۆژەکەیان بە (القضاء) بگرنەوە".

هـ.هـ


PM:09:45:15/04/2021


ئه‌م بابه‌ته 3640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو