وەزیری دەرەوەی ئێران: لە ژێر فشاردا دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا ناکەین


وێستگەنیوز-

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، سیاسەتی روونیان ئەوەیه که له ژێر فشار و هەڕەشە ناچنه ناو دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی بارەگای نەورۆزی مانگی سووری ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا رایگەیاند، "ئێمە لە ژێر ئەوپەڕی فشار و هەڕەشە کە رۆژانە دەکرێت، ناچینە ناو دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا، ئەمە سیاسەتی روونی ئێمەیە تا گۆڕانکاری لە روانگەی لایەنی بەرامبەر ئێران و گەلی ئێران روو نەدات".

ئاماژەی بەوەکرد، "لەگەڵ ئەو تۆمەتانەی کە رۆژانە لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە دژ بە ئێران دەکرێت و ئەو سیاسەتانەی کە رۆژانە رادەگەیەنرێن و ئەو داواکارییە ناعەقڵانی و قبووڵنەکراوانەی کە رۆژانە دەخرێنەروو و داوای دەکرێن، ئێمە ناچینە هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنە ئەمەریکییەکان".

وتیشی، "بێگومان رێگە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ کراوەیە و ئەگەری ئەوەمان هەیە لەڕێگەی کەناڵی جۆراوجۆرەوە ئەو کارە بکەین".

عێراقچی جەختی لەوەکردەوە، "ئامانج و ئەرکی ئێمە بەدیهێنانی بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاسایشی وڵات و خەڵکی ئێرانە و لەم بوارەشدا هیچ دەرفەتێک لە دەست نادەین".


PM:02:51:24/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت