ئەردۆغان: هیوا دەخوازین بەرپرسانی پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بن


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، گەیشتووینەتە قۆناغێک کە خەریکە شەڕی 40 ساڵەی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گەریلاکانی پەکەکە کۆتایی پێدێنن، ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر سێبەری رەشی تیرۆر لەسەر سیاسەت نەمێنێت، پشت بەخودا هێزی وشە و دیالۆگ تۆکمەتر، بەهێزتر و کاریگەرتر دەبێت.


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە وتەیەکی پێشکەشکرد و ایگەیاند، "بەم دواییانە یەکێک لەم هەنگاوانەی ناومانە دید و تێڕوانینمان بووە بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر، کاتێک دەسەڵاتمان گرتەدەست، کێشە چارەسەرنەکراوەکانی حکومەتەکانی پێشوومان بۆ مایەوە، پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریش یەکێک بوو لەو بابەتە چارەسەرنەکراوانە، لە رێگەی شۆڕشە بێدەنگەکانمانەوە ژێرخانی تیرۆرمان لەناوبرد لەلایەکی دیکەشەوە بە ئۆپەراسیۆنە کاریگەرەکانمان خاکمان لە تیرۆریستان پاککردەوە، بە تەنیا خاکمان لە تیرۆریستان پاکنەکردەوە، بەڵکو لە گەندەڵکارانیش پاکمان کردەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، ""توانیمان رووبەڕووی فەتۆ، داعش و رێکخراوە ناپاکەکانی دیکەش ببینەوە. بۆ لەنێوبردنی تیرۆر، لەم ماوەیەدا ئەزموونێکی زۆرمان دەستکەوت".

ئەوەشی خستەڕوو، "لەلایەکەوە پیشەسازیی بەرگریمان بەهێزکرد و لەلایەکی دیکەشەوە رۆڵەکانمان لە دەستی تیرۆریستان رزگارکرد، دواتر ستراتیژییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرمان گۆڕی و لەودیوی سنوورەکان رووبەڕوویان بووینەوە و تیرۆرمان لە سەرچاوەکانییەوە وشک کرد، بۆیە کراینە ئامانجی رق و کینە و پروپاگەندە رەش و بەردەوامەکانی رێکخراوە تیرۆریستەکان و پشتیوانیکارەکانیان".

ئەردۆغان وتی، "ئێستاش گەیشتووینەتە قۆناغێک کە خەریکە بەڵای 40 ساڵەی تیرۆر بۆ هەمیشە کۆتایی پێدەهێنین، بە کورتی، ئێستا لەگەڵ برایانی کورد لە هەوڵداین بۆ ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستی کە دەستی بە خوێنی رۆڵەکانمان سوورە، بە هەڵوەشاندنەوە، دانان و رادەستکردنی چەکەکانیان کۆتایی پێ بهێنین".

وتیشی، "ئێمەی دەسەڵات ئەرکی سەرشانی خۆمان جێبەجێکرد و رێگەمان دا بە ئەنجامدانی دیدارە پێویست و تایبەتەکان تاوەکو گەیشتە قۆناغی خستنەڕووی بانگەواز، ئێستا کاتی ئەوەیە ئەوانیش پابەندی بانگەوازی دامەزرێنەرەکەیان بن و رێکخراوەکە هەڵبوەشێننەوە و چەکەکانیان دابنێن و رادەستیان بکەن، ئەگەر ئەوە جێبەجێ بکرێت، تورکیا لە بەڵایەکی 40 ساڵی رزگاری دەبێت، بەپێچەوانەوە، ئێمە هەنگاوی زۆر گەورەمان بۆ لەنێوبردنی تیرۆر ناوە و بەمنزیکانە بە ستراتیژییەتی لەناوبردن و وشککردنی تیرۆر لە سەرچاوەکانییەوە دەست پێدەکەینەوە و کۆتاییان پێدەهێنین".

سەرۆک کۆماری تورکیا هیوا دەخوازێت بەرپرسانی پەکەکە پابەندی بانگەوازەکەی رۆژی 27ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بن و رایگەیاند، "هیوادارین رێکخراوەکە و بەناو کەسە دیارەکانیان ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەستنەدەن و بە هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن و بە ئاراستەی ئەم کرانەوەیە هەنگاو بنێن. ئەم پێشهاتە جگە لە وڵاتەکەمان، رێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی عێراق و سوریا و ناوچەکەمان ئارامی و سەقامگیرییان تێدا بێت".

ئەوەشی وت، "ئەگەر سێبەری رەشی تیرۆر لەسەر سیاسەت نەمێنێت، پشت بەخودا هێزی وشە و دیالۆگ تۆکمەتر، بەهێزتر و کاریگەرتر دەبێت و بازنەی دیموکراسی زۆر فراوانتر دەبێت. ئەوەش توانای چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان ئاسانتر دەکات. ئێمەی دەسەڵات و هاوپەیمانمان زۆر رژد و سوورین لەسەر راستکردنەوەی بارە لار و خوارەکەی ئەم 40 ساڵە، لەمبارەیەوە هەر هەڵوێستێکمان خستبێتەروو بەوپەڕی نیازپاکییەوە هەنگاومان بۆ ناوە، چاوەڕوانین لایەنی بەرامبەرمان هەمان هەڵوێستی هەبێت".


PM:11:33:20/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت