لە تورکیا خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ دەستیپێکردووە
وێستگەنیوز_
لە تورکیا خۆپیشاندانی ملیۆنی دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ دەستیپێکردووە. وەزیری دادی تورکیا دەڵێت: دەستگیرکردنی ئیمامئۆغلو پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ـی 3ـی 2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان(دەم پارتی) رایگەیاند، ئەوەی دەگوزەرێت هێرشێکە بە ئامانجی شکاندنی هیوای خەڵکی تورکیا بۆ ئاشتی و دیموکراسی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە قبوڵ ناکەن و داوایان لە حکومەتی تورکیا کردووە ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بە تایبەتی ئیمامئۆغلۆ دەستبەجێ ئازادبکرێن.
لای خۆشیەوە یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، دەستگیرکردنی ئیمامئۆغلو پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە نییە و لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ کراون دەرکەوتووە کە ئەو لەسەر دۆسییەی گەندەڵی دەستگیرکراوە.
بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە 19ـی 3ـی 2025، پۆلیسی تورکیا چووە سەر ماڵی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ و دەستگیری کرد.
هەروەها لە ئۆپەراسیۆنەکەدا موراد ئۆنگون، راوێژکاری میدیایی ئیمامئۆغڵو بە مەبەستی وەرگرتنی وتە، دەستگیرکرا.
لە ئێستاشدا گەڕان و پشکنین و هەڵکوتانە سەر زیاتر لە 100 ناونیشان بەردەوامە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 100 کەس دەرکراوە. دەستگیرکراوان دەگوازرێنەوە بارەگای ئاسایش و وتەیان لێ وەردەگیرێت.
AM:11:16:20/03/2025
ئهم بابهته 364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت