شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت په‌یامه‌كانی قائانی بۆ گرووپه چه‌كداره عێراقییه‌كان ئاشكرا ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت له زاری سه‌رچاوه‌كانیایه‌وه كه به متمانه‌پێكراو ناوی بردوون، رایگه‌یاند كه فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری داوه‌ته گرووپه چه‌كداره عێراقییه‌كان كه خۆیان له ئیستیفزازكردنی ئه‌مریكا و ئیسرائیل به‌دوور بگرن.
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه گرووپه چه‌كداره عێراقییه‌كانی سه‌ر به ئێران له‌ژێر فشاری نێوده‌وڵه‌تی و به‌له‌به‌رچاوگرتنی هێرشه‌كانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن، هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل له ناوچه‌كه‌دا راگرتووه.
سه‌رچاوه‌كانی رۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران له سه‌ردانێكی ئه‌م دواییه‌یدا بۆ به‌غدا په‌یامێكی سه‌ركردایه‌تی ئێرانی گه‌یاندووه‌ته گرووپه چه‌كداره‌كانی دڵسۆزی تاران.
ئاماژه‌شیان به‌وه‌دا كه قائانی هۆشداری داوه‌ته سه‌ركرده‌كانی گرووپه چه‌كداره عێراقییه‌كان كه " ره‌نگه ئه‌مریكا هاوشێوه‌ی هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به گروپی حوسییه‌كان له یه‌مه‌ن، هێرشیش بكاته‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی عێراق".
به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كان، قائانی داوای له گرووپه چه‌كداره عێراقییه‌كان كردووه"له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا هیچ چالاكییه‌كی سه‌ربازی ئه‌نجام نه‌ده‌ن"، جه‌ختیشی كردووه‌ته‌وه له "گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی زیاتر بۆ كه‌مكردنه‌وه و راگرتنی ده‌ركه‌وتنه چه‌كدارییه‌كان".
سه‌رچاوه‌كان له زاری سه‌ركرده‌یه‌كی گرووپێكی شیعه‌كانه‌وه رایانگه‌یاندووه كه "قائانی رێنمایی توندی سه‌ركردایه‌تی ئێرانی گه‌یاندووه و داوای كردووه گرووپه عێراقیه‌كان خۆیان له هه‌موو جۆره ئیستفزازكردنێكی ئه‌مریكیه‌كان یان ئیسرائیلیه‌كان به‌دوور بگرن”، وتووشیه‌تی: "پریشكێك ده‌توانێت به‌ره‌یه‌ك له عێراق بكاته‌وه”.
سه‌ركرده‌ی گرووپه شیعه‌كه كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كراوه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه "به‌هۆی ئه‌و فشارانه‌ی كه چه‌ند مانگێكه رووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه، سه‌رۆكی گرووپه چه‌كداره عێراقییه‌كان هه‌ستیان به ئاسووده‌یی كرد له‌و په‌یامه".
سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن كه "به‌پێی خه‌مڵاندنه‌كانی تاران، ئه‌مریكییه‌كان درێغی ناكه‌ن له ئه‌نجامدانی هێرش دژی ئامانجه‌كان له ناوخۆی عێراق، ئه‌گه‌ر گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراق بۆ پشتیوانیكردن له حوسییه‌كان هێرش و چالاكی ئه‌نجام بده‌ن".
راپۆرته‌كان باسیان له‌وه كردبوو كه قائانی هه‌فته‌ی رابردوو سه‌ردانی به‌غدای پایته‌ختی كردووه و له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌دارانی "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی" و سه‌ركرده‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان كۆبووه‌ته‌وه.
سه‌ردانه‌كانی قائانی بۆ به‌غدا زۆرجار به نهێنی ئه‌نجام ده‌درێن و دیداره‌كانی زیاتر له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری گروپه چه‌كداره دڵسۆزه‌كانی تاران و سه‌ركرده دیاره‌كانی هاوپه‌یمانی ده‌سه‌ڵاتداری عێراق ده‌بێت.
راپۆرته‌كان راشیانگه‌یاندووه كه قائانی "پابه‌ندبوونی تارانی به پشتیوانیكردنی هاوپه‌یمانه‌كانی له به‌غدا ئه‌گه‌ر بخرێنه ژێر فشاری لایه‌نی ئه‌مریكییه‌وه" دووپاتكردووه‌ته‌وه.
AM:09:21:22/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 12036
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت