مه‌لا به‌ختیار: گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه كاریگه‌ری ئه‌رێنیی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی كوردستان هه‌یه
وێستگه‌نیوز-
مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند كه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ریزبه‌ندی سیاسی و حوكمڕانی له‌عێراق گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، ده‌شڵێت: "خۆشبه‌ختانه یه‌كه‌مینجاره گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه كاریگه‌ری ئه‌رێنیی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی كوردستان هه‌یه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌كه‌ی، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (24/3/2025) د.له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌ردانی مه‌لا به‌ختیاری كرد و له دانیشتنێكدا بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر دۆخی عێراق، ناوچه‌كه و كێشه و مه‌ترسییه‌كان، روونكرده‌وه و جه‌ختیكرده‌وه، كه: "دۆخی ئه‌منی عێراق باشه، تیرۆر نه‌ماوه، موچه و خزمه‌تگوزاری به‌رده‌وامه، عێراق خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده ده‌كات، نێوان عێراق و وڵاتان باشتر بووه. عێراق هه‌وڵده‌دات خۆی له هه‌ر ئه‌گه‌رێكی مه‌ترسیدار دوور رابگرێت و هه‌زاران به‌ندیی ته‌وقیفكراو ئازادكراون".
له‌به‌رامبه‌ریشدا، مه‌لا به‌ختیار دوای سوپاسكردنی سه‌رۆك كۆمار بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی و رونكردنه‌وه‌كانی، بۆچون و تێڕوانینه‌كانی خۆی به‌مشێوه‌یه خسته‌ڕوو:
1- دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و گۆڕانكاری هه‌مه‌لایه‌نه ده‌ڕوات. هه‌تا ئامانجه‌كانی ئه‌م گۆڕانكارییه نه‌یه‌ته‌دی، ئه‌مریكا و دۆسته‌كانی، ئه‌م هه‌له مێژووییه‌ی دوای لێدانی حه‌ماس و حزبوڵڵا و روخانی به‌شار ئه‌سه‌د، له‌ده‌ست ناده‌ن و ده‌سته‌به‌ری به‌رژه‌وه‌ندی ئابوریی و ئاساییشی خۆیان ده‌كه‌ن.
2- زۆر گرنگه عێراق، له سیاسه‌تی نوێی ئه‌مریكا و سه‌رۆك ترامپ، قوڵبێته‌وه. ده‌بێت له هه‌موو سێكته‌ره‌كانی ئابوریی و ئه‌منی، عێراق په‌یوه‌ندیه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌بێت. چونكه به‌م دۆخه‌ی نه‌بوونی یه‌ك سوپا و یه‌ك ناوه‌ندی سیاسی له‌عێراقدا، به‌رگه‌ی جه‌زره‌به لێدان ناگرێ. وڵاتێكی وه‌كو ئیمارات، كه هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و مه‌ترسیشی له‌سه‌ر نییه، كه‌چی تریلیۆنێك و چوارسه‌د ملیار دۆلار، په‌یوه‌ندی بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ده‌به‌ستێ. ده‌بێت عێراق باشتر له‌م دۆخه، بچێته پێشه‌وه.
3-گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه، خۆشبه‌ختانه، یه‌كه‌مینجاره كاریگه‌ری ئه‌رێنیی له‌سه‌ر به‌شه‌كانی كوردستان هه‌یه. له‌دوای په‌یمانی سیڤه‌ر و داگیركردنی كوه‌یت، كه كوردستانی عێراق بوو به به‌شێك له هاوكێشه سیاسیه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه، له‌دوای روخانی به‌شار و هاتنه سه‌ر كاری ترامپ، فراوانترین ده‌رفه‌وت هاتۆته‌پێشه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی سیاسیانه‌ی كێشه‌ی كورد له به‌شه‌كانی كوردستاندا. گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان و رێكه‌وتنی ئه‌حمه‌د شه‌رع و مه‌زڵوم عه‌بدی، له نمونه دیاره‌كانن. بۆیه هه‌قوایه عێراق خوێندنه‌وه‌یه‌كی باشی بۆ ئه‌م گۆڕانكارییانه هه‌بێت و پشتیوانی چاره‌سه‌ری دیموكراسیانه‌ی كێشه‌ی كورد بكات. به‌تایبه‌تی عێراق هه‌ڵوێستی خراپی به‌رامبه‌ر كورد له به‌شه‌كانی كوردستان نه‌بووه.
4- له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ماوه‌ی سه‌رۆك كۆماریی، مه‌لا به‌ختیار وتی: چه‌ند مانگێكی تر هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، ریزبه‌ندی سیاسی و حوكمڕانی له‌عێراقدا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت، چۆن له‌سه‌ر موچه‌ی خه‌ڵك سكاڵای گه‌یانده دادگای فیدراڵی، به‌هه‌مانشێوه له‌سه‌ر ماده‌ی (140) و مافه ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، پێمباشه هه‌ڵوێستێكی مێژوویی ده‌رببڕیت. چونكه له‌دوائه‌نجامدا، جگه له ئه‌ركه گشتییه‌كانی سه‌رۆك كۆماریی له‌سه‌ر ئاستی عێراق، زۆرترین سه‌ربه‌رزی له‌ناو نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆمان، بۆ سه‌رۆك كۆمار و كاربه‌ده‌ستانی تری كورد له به‌غدا ده‌مێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر بتوانن مافه بنچینه‌یی و ده‌ستورییه‌كانی كوردستان، به‌دیبهێنن.
PM:05:05:24/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 604
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت