هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەر کاتێک حکومەتی نوێ پێکهێنرا و لایەنەکان گەیشتنە رێککەوتن، لە پۆستەکەم دەکشێمەوە
وێستگەنیوز-
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، هەر کاتێک حکومەتی نوێ پێکهێنرا و لایەنەکان گەیشتنە رێککەوتن لە پۆستەکەی دەکشێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، سێ جار داوای لێخۆشبوونی لە پۆستەکەی کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 24ی ئاداری 2025، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "سێ جار داوای لێخۆشبوونم لە پۆستەکەم کردووە، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوە نین پۆستێک چوار ساڵ زیاتر بەردەوام بێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان رێگەم پێدراوە ببمە پارێزگار، دەبێت لە پۆستی پارێزگار بمێنمەوە تا هەڵبژاردنێکی دیکە ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێت و ئەنجومەن پارێزگارێکی نوێ هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئێمە بەدیار ئەو رێکارە یاساییەوە نەوەستاوین و بیانومان نەگرتووە بۆ ئەوەی هەر بە رێکاری یاسایی بێت، بەڵکو ئێمە بە لۆژیک و ئەمری واقع مامەڵە لەگەڵ ئەم کارانە دەکەین".
پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە، "هەر کاتێک حکومەتی نوێ پێکهێنرا و لایەنەکان گەیشتنە رێککەوتن، لە پۆستەکەم دەکشێمەوە".
PM:03:47:24/03/2025
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت