وەزارەتی پەروەردە: سبەی دەست بە دەوام دەکرێتەوە و درێژە بە تاقیکردنەوەکان دەدرێت


وێستگەنیوز_

وەزارەتی پەروەردە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان ئاگادار دەکاتەوە، بەپێی ساڵنامەی خوێندن پێویستە سبەی دەست بە دەوام بکرێتەوە و درێژە بە تاقیکردنەوەکان بدرێت.
 
ئەمرۆ یەکشەممە، 23ـی 3ـی 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، "سبەی دەوام لە هەموو پەروەردەکان دەستپێدەکاتەوە، درێژە بە تاقیکردنەوەکانی نیوەی یەکەمی وەرزی دووەم دەدرێت."
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "چوار تاقیکردنەوە پێش جەژنی نەورۆز کرابوون، سێیان ماون؛ لە سبەیەوە دەست بە تاقیکردنەوەکان دەکرێتەوە."
 
راشیگەیاندووە، "سبەی تەنیا ئەو قوتابییانە تاقیکردنەوە دەکەن کە لەگەڵ ساڵنامەی خوێندن دەستیان بە وانە خوێندن کردبوو، ئەوانەی کە لە ساڵنامەی خوێندن دواکەوتبوون، 13-4-2025 تاقیکردنەوە دەکەن و 22ـی نیسان تەواو دەبن."
 
لەبارەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمیش دەڵێت، "لەکاتی خۆیدا لەگەڵ هەموو پەروەردەکان دەکرێن."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێکدا سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، راپەڕین، سۆران و زاخۆی ئاگادار کردەوە، پابەندبن بە ساڵنامەی خوێندن بەهۆی پشووەکانی ئادار و نەورۆزەوە دەوام نەبوو. لە کاتی خۆیدا دەست بە دەوام بکەنەوە.


PM:06:11:23/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت