وەزارەتی نەوتی عێراق: پلانمان هەیە بۆ 2029 ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنینە شەش ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە


وێستگەنیوز_

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پلانمان داناوە تاوەکو 2029 ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنینە شەش ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە."

ئەمرۆ یەکشەممە، 23ـی ئاداری 2025، باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، "وەزارەتی نەوت هەوڵ دەدات توانای بەرهەمهێنانی نەوت و غاز لە چوارچێوەی پلانێکی پێنج ساڵەدا زیاد بکات." 

ئاماژەی بەوەشکردووە: ئامانجیان ئەوەیە لە نێوان ساڵانی 2028 بۆ 2029  ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، ڕۆژانە بگاتە شەش ملیۆن بەرمیل و زیاتریش.

بە وتەی باسم محەممەد، "وەزارەت کار بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە دەکات، لەڕێگەی پڕۆژەیەک کە سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە؛ سوودمەندبووانی ئەو چالاکییەش کۆمپانیاکانی  گەڕان بۆ نەوت و ئەوانەی کارەکانی هەڵکەندن و بەرهەمهێنان لە کێڵگەکاندا لەڕێگەی خولی مۆڵەتپێدانەوە دەکەن."

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە، "یەکێک لە دیارترین پڕۆژەکانی ئێستای کەرتی دەرهێنان، بریتییە لە پڕۆژەی پەرەپێدانی دەرهێنانی غاز  لە کێڵگەی ئارتاوی لە باشوور، جگە لە پرۆژەکانی دیکە، لەوانە، پڕۆژەی پەرەپێدانی چوار کێڵگەکەی نەوت لە کەرکووک، کە ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە، بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گرێبەستەکە لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆمی بەریتانی واژۆ بکرێت."


PM:03:16:23/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت