ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی سەرکۆنەی داخستنی بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا دەکات


وێستگەنیوز_

ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)، سەرکۆنەی فەرمانێکی جێبەجێکردنی سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە ڕۆژی 14ـی ئاداری 2025 بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانی حەوت دەزگای فیدراڵیی واژۆی کرد لەوانە ئاژانسی ئەمریکا بۆ میدیای جیهانی (USAGM) کە سەرپەرشتی دەنگی ئەمریکا، ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/رادیۆ لیبرتی و دەزگاکانی دیکەی میدیای فیدراڵی دەکات.

ئاژانسی ئەمریکا بۆ میدیای جیهانیی؛ ئاژانسێکی حکوومیی ئەمریکایە و سەرپەرشتی پەخشی هەواڵ و زانیاریی بە زیاتر لە 50 زمان دەکات، لەوانە کوردیی و زمانەکانی دیکە. بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا لە 25ی نیسانی 1992دا لە پاش یەکەمین جەنگی کەنداو دامەزرا. کاتی پڕۆگرامەکانی ئەم بەشە لە مانگی تشرینی دووهەمی 1992 تاوەکوو کانوونی دووهەمی 2003؛ ھەر یەک کاتژمێر بوو، بەدوایدا بۆ چوار کاتژمێر زیادکرا و  لە نیسانی 2007 بەدواوە وەک بەشێکی سەربەخۆ و بە نزیکەی 25 کارمەند و دەیان پەیامنێر لە هەرێمە کوردییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست-دا درێژەی بە پەخشی پڕۆگرامەکانی دا. 

سەرۆکی ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ د.شوان ئادەم ئەیڤەس واژۆکردنی فەرمانی داخستنی دەنگی ئەمریکا بە گشتیی و بەشی کوردیی بەتایبەت لەلایەن دۆناڵد ترەمپ بە "هەنگاوێکی نەرێنیی بە ئاڕاستەی بەرتەسککردنەوەی ماف و ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی ناوبرد، چونکە لە ڕابردوودا بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا ڕۆڵێکی دیاری لە گواستنەوە و گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی کورد لە باکوور، باشوور، خۆرئاوا و خۆرهەڵاتی کوردستان بە ناوەندی بڕیاری زلهێزێکی وەک ئەمریکا هەبوو." 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "داخستنی ئەم بەشە؛ جگە لە بڕینی سەرچاوەی داهات و بژێوی سەدان ڕۆژنامەوانی کورد و نەتەوەکانی دیکە، هاوکات نەتەوەیەکی بێدەوڵەتیی وەک کوردیش لە میدیایەکی پیشەگەری جیهانیی بێبەش دەکات. هەربۆیە ئێمە لە ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی (چمک)؛ بڕیاری ڕاگرتنی بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا شەرمەزار دەکەین و داوای پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکی بڕیارەکە و کارووبارەکانی بەشەکەدا دەکەین. هیوادارین زۆر بە زوویی و بە شێوازێکی کاریگەرتر کارابکرێتەوە و ببێتەوە بە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە گەیاندنی دەنگی کپکراو و ڕەنگی شێوێنراوی کورد لە سەرانسەری جیهاندا. ئەگەر ئەمەریکا وەک وڵاتێکی ئازا و ئازاد دژ و پێچەوانەی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی بڕیار دەربکات؛ ئیتر چ هیوایەک بە وڵاتانی دیکتاتۆر و داخراوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بمێنێت پارێزگاری لە ئەرک و مافەکانی ڕۆژنامەوانان بکەن. ئێستا لە هەموو کات زیاتر؛ هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕووماڵی پیشەگەرانەی میدیایەکی جیهانیی وەک دەنگی ئەمەریکا و بەشە کوردییەکەی بەتایبەت هەیە."

چاودێریی میدیای_کوردیی(چمک)؛ رێکخراوێکی ناحكومی، قازانجنه‌ویستى، سه‌ربه‌خۆیه. لە تشرینی دووهەمی 2017 لە لایەن چەند ئەکادیمییەک و توێژەرێکی میدیایی هەرێمی کوردستانی عێڕاق دامەزراوە و کار بۆ چاودێرییكردن، هه‌ڵسه‌نگاندن، ڕاپۆرتكردن‌و توێژینه‌وه‌ى خه‌وش‌ و پێشلكارییه‌ پیشه‌ییه‌كانی میدیاو ڕە‌وشی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیی دەکات.


PM:07:55:21/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت