هەسەدە: باوەڕمان وایە نەورۆزی ئەمساڵ لە سوریا دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ


وێستگەنیوز-

فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "نەورۆز هێمای خۆڕاگری و ئاشتییە".


مەزڵوم عەبدی، فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە"رایگەیاند، "بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کورد و گەلی سوریا بە گشتی و جیهان دەکەین، هەروەها پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو شەڕڤانە خۆڕاگرەکانمان دەکەین کە لەم رۆژە پیرۆزانەدا خاک و ئارامی وڵات دەپارێزن. ئێمە باوەڕمان وایە کە نەورۆزی ئەمساڵیش وەک سەری ساڵی کوردی و سەرەتای بەهار، لە سوریا دەبێتە سەرەتای سەردەمێکی نوێ".

ئاماژە بەوەکراوە، "نەورۆز خاوەنی واتای قووڵی خۆڕاگری و ئاشتییە. ئاگری نەورۆز خۆی سەرکەوتنە بەسەر نادادپەروەری و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامییەکە دواتر دەبێتە موڵکی هەموو گەلانی ناوچەکە و لەم رۆژەدا خۆشحاڵیی خۆی بە بەدەستهێنانی ئازادی نیشان دەدات".

راشیگەیاند، "ئێمە بە هەموو هێزمانەوە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی واتاکانی رۆژی نەورۆز لە سووریا بەدیبهێنین و بیگەیێنینە داهاتوویەکی گەش و ئارام کە هەموو گەلانی لەخۆبگرێت و تێیدا هەر جۆرە پارچەبوون و شەڕێک بووەستێت و خۆشەویستی و برایەتی لەسەر بناخەی دادپەروەری، یەکسانی و قبووڵکردنی یەکدی سەروەر بێت و هەموو کەس بەشداری لە بنیاتنانیدا بکات. لەم نەورۆزەدا هیوادارین کە هەموو ئاوارە و دەربەدەرێک بگەڕێتەوە زێدی رەسەنی خۆی و ناونیشانی سەرەکی سووریا ئەوە بێت کە سوریا بۆ هەموو خەڵکی خۆی بێت و هیچ کەس لە بنیاتنانیدا دوورنەخرێتەوە".

لە پەیامەکەشدا هاتووە، "هەروەک چۆن نەورۆز بە واتای پابەندبوون بە خاک و وڵاتەوە دێت، پێویستە ئێمە هەموو بەها مێژووییەکانی نەورۆز بپارێزین، وەریبگێڕین بۆ پاراستنی گەلەکەمان لە هەموو مەترسییەکان و یەکڕیزی و زیندوێتی کۆمەڵایەتی ئەوان بگەڕێنینەوە و بە هەستی سەرکەوتنی نەورۆز بتوانین ئەو شتەی کە سوریا لەم ساڵانەی دواییدا لەدەستی داوە جارێکی دیکە بگەڕێنینەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "جارێکی دیکە نەورۆزی ئەم ساڵ لە هەموو کەس پیرۆز دەکەین و هیوادارین هەموو کەس ئەم جەژنە نەتەوەییە لە کەشێکی شادی و بەختەوەرانەدا پیرۆز بکات. بەم نەورۆزە قۆناخێکی تاریک لە مێژووی سووریادا تێدەپەڕێنین و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەدەینەوە و دەست بە سەردەمێکی نوێ دەکەین. نەورۆز لە هەمووتان پیرۆز بێت".


PM:07:14:20/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت